رووداو دیجیتاڵ
کاژێر نۆی ئەمشەو، هەموو سەرنجەکان لە جیهاندا دەچنە سەر ئەمریکا و لەوێ فیفا، تیروپشکی یەکەم مۆندیالی یانەکان رادەکێشێت و روونیدەکاتەوە هاوینی داهاتوو کێ رووبەڕووی کێ دەکاتەوە.
تیروپشکەکە لە مەیامیی ئەمریکا ئەنجامدەدرێت و پاڵەوانێتییەکەش لە نێوان 15ی مانگی شەش تاوەکو 13ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو، هەر لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
مۆندیالی یانەکان، نوێترین پاڵەوانێتیی فیفایە، یەکەمجارە سی و دوو یانە لە سەرانسەری جیهاندا بەشداریی تێدا دەکەن و فیفا بەڵێنیداوە پاڵەوانێتییەکی نوێ و سەرنجڕاکێش بهێنێتە ئاراوە، لە کاتێکدا زۆرینەی یانەکان لە دژی پاڵەوانێتییەکە وەستاونەتەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی ماوەی پشووی یاریزانەکانیان.
یانە سەرکەوتووەکان بۆ مۆندیالی یانەکان بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن و یانەکانیش لە چوار ئاستی جیاوازدا دەبن.
بۆ دەستنیشانکردنی یانە سەرکەوتووەکان بۆ پاڵەوانێتییەکە، فیفا سیستمێکی تایبەتی لەبارەی ئەنجامی یانەکان لە چەند ساڵی رابردوودا پەیڕەوکردووە و هەر بەو هۆیەشەوە چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا، وەک بارسێلۆنای ئیسپانی، بەشداریی لە مۆندیالەکەدا ناکەن.
مۆندیالی یانەکان، دەرکەوتنی چەندین یانەی گەورە و بەهێز لەسەرئاستی جیهان بەخۆوە دەبینێت، وەک ریال مەدریدی ئیسپانی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، یوڤێنتوسی ئیتاڵی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
لە ئاسیاوە یانەکانی هیلالی سعودی، ئۆراوا دایمۆندزی ژاپۆنی و ئۆلسان هیۆندای کۆری بەشداریی دەکەن. لە کاتێکدا یانەکانی ئەهلی میسری، ویدادی مەغریبی و سەن داونزی باشووری ئەفریقیا، نوێنەرایەتی کیشوەری ئەفریقیا دەکەن.
نوێنەرەکانی ئەمریکای باشوور لە مۆندیالەکەدا، تەنیا لە ئەرجەنتین و بەرازیلەوە هاتوون و یانەکانی پالمێراس، فلامینگۆ، فلۆمینێنسی، ریڤەرپلەیت و بۆکاجۆنیۆرد بەشداریی لە مۆندیالی یانەکاندا دەکەن.
یانەی ئینتەرمەیامی و لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی لە مۆندیالەکەدا بەشداردەبن، پاشئەوەی وەک نوێنەری وڵاتی میوانداریکەری مۆندیالەکە دەستنیشانکران، لە کاتێکدا ئەو بڕیارەی فیفا مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا لەنێو یانەکانی ئەمریکادا.
وەک فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە، هەر یانەیەکی بەشدار لە مۆندیالەکە، بەرامبەر بەشداریکردن و بەدوور لەوەی دەگاتە کامە قۆناخی مۆندیالەکە، کۆی 15 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ