خوێندنەوەیەک بۆ 4 یانەکەی کوردستان لەسەروبەندی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، چوار یانەکەی کوردستان ئەرکیان ئاسان نییە، بەڵام هەوڵ بۆ بردنەوەی یارییەکانیان دەدەن، کە ھەریەک لە یانەکانی ھەولێر و زاخۆ میوانداریی یانەکانی زەورا و کەربەلا دەکەن. دھۆک و نەورۆزیش دەبنە میوانی نەجەف و کارەبا.
 
ھەولێر - زەورا 

 

ئەمڕۆ کاژێر 5:30 یاریی لووتکە بۆ رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی خولەکە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، کە ھەردوو یانە بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیەکە دەبینرێن، و یاریگای فەرەنسۆ ھەریری دەبێتە مەیدانی یەکلایکردنەوەی پێشەنگی ریزبەندییەکە. 
 
یانەی ھەولێر یاریی رابردوو میوانی یانەی دھۆک بوو و یارییەکەشی بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لێبردەوە. یانەی زەوراش لەنێو یاریگای خۆیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە. 
 
 
شێوازی یاریکردنی یانەی ھەولێر، ئاڕاستەی یارییەکە بەرەو کوێ دەبات؟ 
 
تیپەکەی سەمیر بابۆ، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، بەشێوازێکی ھێرشبەری یاریی دەکەن و لەم دوو یارییەی رابردوویان ئاستێکی باشیان پێشەشکردووە. یەکێک لە نوێگەرییەکانی سەمیر بابۆ ئەوەیە کە یەکسەر ھەوڵنادات شێوازی خۆی بسەپێنێ بەسەر تیپی بەرامبەردا، بەڵکو دەیەوێت بەپێی خاڵی لاوازی تیپەکان مامەڵە دەکات ، لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی دھۆک. 
 
سەمیر بابۆ بە شێوازی 4-2-1-3 یاریی دەکات و لە بەشێک لە ساتەکانی یارییەکەش دەبێتە 4-4-2، ئەویش بۆ ئەوەی رۆڵی ھێرشبەری سندوق بدات بە کۆڵن ئێندەرسۆنی جامایکی، ئەو کاتانەی کە ھەڵۆ فایەق و خالد کوردئۆگلو سەردەکەون، کۆڵن ئێندەرسۆن لە تەنیشت یوسف بنسۆدە ھەوڵی تۆمارکردنی گۆڵ دەدەن.
 
یانەی ھەولێر، لە ھەردوو یارییەکەی بەرامبەر دیالە و دھۆک، دوو خاڵی لاوازی ھەبوو، یەکەمیان باڵی بەرگری چەپ، خالد کورد ئۆگڵو زۆرترین تۆپ لە باڵی ئەم یاریزانەوە دەبێتە مەترسی بۆ سەر گۆڵی یانەی ھەولێر، خاڵی دووەم تۆپە جێگیرەکانە، لە یاریی دھۆک ھەر تۆپێکی بەرز یاخود ھەر فاوڵێکی نزیک گۆڵ، دەبووە مەترسی بۆ سەرگۆڵی حوسێن جوڵی، گۆڵپارێزی یانەی ھەولێر، بۆیە لە یارییەکەی بەرامبەر زەورا، سەمیر بابۆ دەبێت ھەوڵبدات ئەم کێشانە چاک بکات. 
 

زاخۆ - کەربەلا 
 
یاریی دووەمی یانەکانی کوردستان لە خولەکە، یاریی زاخۆیە بەرامبەر کەربەلا،کە ئەمڕۆ شەممە کاژێر 5:30 بەڕێوەدەچێت، ھەردوو یانە دوو یاریی رابردوویان بە یەکسانبوون کۆتایی ھاتووە، چاویان لەوەیە رۆژی شەممە یەکەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەیان بێت لە خولەکە. 
 
زاخۆ لە دوو یاریی رابردوویدا، بەرامبەر تەڵەبە و نەورۆز ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، بەڵام کوڕانی تەڵاڵ بلووشی لە ھەردوو یارییەکەیاندا بە یەکسانبوون لە یاریگا چوونە دەرەوە. 
 
شێوازی یاریکردنی زاخۆ، یارییەکە بەکوێ دەگەیێنێت؟ 
 
یانەی زاخۆ بە شێوازی 4-2-3-1 و 4-1-4-1 یاریی دەکات و لە ھەردوو یارییەکەدا شێوازێکی تەواو ھێرشبەری یاریی کردووە، زاخۆ لە دوایارییدا بەرامبەر نەورۆز ژمارەیەکی زۆر ھێرشی دروستکرد بۆ سەر گۆڵی نەورۆز، بەڵام ئەوەی لە زاخۆدا جێگەی سەرەنجە، یاریزانانی یانەکە ژمارەیەکی زۆری دەرفەت لەدەستدەدەن، لە دوایین یارییان زیاتر لە پێنج دەرفەتی راستەقینە لەدەستدرا.
 
یەکێک لە کێشەکانی دیکەی یانەکە ئەوەیە لە باڵەکانەوە لاوازە، چ لە رووی بەرگرییەوە چ لە رووی ھێرشبەرییەوە، ھەرچەندە تەڵاڵ بەلووشی لە یاریی بەرامبەر نەورۆز، لە رێگەی یاریزانان رەمەزان سدیق و پاتریک مارسیلینیۆ زۆر ھەوڵیان دا مەترسی لەسەر گۆڵی یانەی نەورۆز دروستبکەن، بەڵام نەورۆز بە ھێرشی پێچەوانە، وانەیەکی گرنگیان دایە تەلال بلووشی و لە گێمی دووەم یاریزان رەمەزان سدیق کەمترین سەرکەوتنی ھەبوو بۆ پێشەوە.
 
ونکردنی رێگای گۆڵ لەلایەن یانەی زاخۆوە، کێشەیەکی گەورەیە و تیپەکە دەبێت لە یاریی کەربەلا، ئەو دەلاقەیە بدۆزێتەوە بەرەو سێ خاڵی یارییەکە، 
 

کارەبا - نەورۆز 
 
رۆژی یەکشەممە کاژێر 5:30، وەلی کەریم راھێنەری کارەبا، پێشوازی لە یانە کۆنەکەی دەکات کە یانەی نەورۆزە.
 
تیپەکەی وەلی کەریم لە دوو یارییدا نەگۆڵی لێ تۆمارکراوە و نە گۆڵیشی کردووە، و بە یەکێک لەو راھێنەرانە دادەنرێت کە شەیدای شێوازی بەرگریکردنە، بەڵام ئەو راھێنەرەی کە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شێوازە بکات، جۆرڤان ڤیێرایە، کە راھێنەری نەورۆز لەم دوو یارییەدا پێیگوتین کە چەندە راھێنەرێکی ژیرە لە خوێندنەوەی راھێنەر و تیپی بەرامبەر. 
 
نەورۆز لە یاریی بەرامبەر زاخۆدا، ھەڵسەنگاندنێکی زۆر وردی بۆ یانەی زاخۆ کردبوو، بەتایبەت لەوەی چۆن ھێرشە پێچەوانەکانی بەرامبەر زاخۆ مەترسیدار بێت، ڤیێرا باش دەزانێت زاخۆ، چەندە بە خێرایی ھێرشدەبات و باشیش دەزانێت تۆپ وەرگرت لە زاخۆ، ئاستەنگی بۆ زۆری دەھێنێتە پێش، ھەر بۆیە بەشێوازی ھێرشی پێچەوانە یاریی کرد و یاریزانان چەندین دەرفەتی گۆڵکردنیان لەدەستدا، ھەروەک دەڵێن: گۆڵ نەکەیت، گۆڵت لێدەکرێت! ئەمە رێک بۆ یاریی رابردووی نەورۆز تەواوە و دەکرا زۆر بەئاسانی سێ خاڵەکە بەدەستبێنن، بەڵام لەکۆتا خولەکدا بە لێدانێکی سزا، یانەی زاخۆ گۆڵی بەرامبەری تۆمارکرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون کۆتاییھات .
 
نەورۆز بە شێوازی 4-4-2 و 4-3-2-1 یاریی دەکات و بەبۆنەی یاریی زاخۆ شێوازەکەی کردە 4-2-2-2 بۆ ئەوەی بەخێرایی بگەڕێنەوە دواوە و بەخێراییش ھێرش ببەن. 
 
نەورۆز بەم تەکتیکە لەگەڵ کارەبادا یاری ناکات، چونکە نە کارەبا شێوازە ھێرشبەرییەکەی ھێندەی زاخۆ بەھێزە، نە توانستی یاریزانەکانیشی لە نەورۆز بەھێزترن. 
 
نەجەف - دھۆک 
 
دھۆک یەکێکە لە خراپترین تیپەکانی ئەم وەرزەی خولەکە، بەوەی دوو یاریی رابردوو ھیچ بردنەوەیەکی تۆمار نەکردووە و یانەکە بەرامبەر ھەولێر و زەورا لەنێو یاریگای خۆیدا دۆڕاوە، نەجەفیش لە دھۆک باشتر نییە و لەو دوو یارییەی خولەکەش یانەکە خاوەنی دوو یەکسانبوونە. 
 
یەکشەممە کاژێر 8:00، یانەی دھۆک دەبێتە میوانی یانەی نەجەف و ھەردوو تیپ چاویان لە یەکەم سێخاڵی یارییەکەیە. 
 
یانەی دھۆک، لە یارییەکەی ھەفتەی رابردوو بەرامبەر یانەی ھەولێر، چەند کەموکوڕییەک لە تیپەکە ھەبوو و دیارترینیان کێشەی بەفیڕۆدانی ھەلەکان بوو لەلایەن یاریزانەکانیانەوە، ھەروەھا نا رێکخراویی ھێرشبردن لە دھۆک جێگەی سەرنجە.
 
مەسعود میرال، راھێنەری یانەی دھۆک دەیەوێت بەخێرایی، ئەو بیرۆکانەی ھەیەتی جێبەجێیان بکات لەسەر یاریزانی تیپەکەی، بەڵام بێئاگا لەوەی یاریزانی ناوخۆ، جیاوازی زۆرە لەگەڵ یاریزانی دەرەکی، راھێنەرەکەی یانەی دھۆک لە سوێدەوە ھاتووەتە دھۆک و دەیەوێت بیسەلمێنێت کە یاریزانی ئێرە و ئەوێ ھەمان توانا و عەقڵیەتیان ھەیە، بەڵام خولی عێراقی زیاتر پشت بە توانای جەستەیی دەبەستێت وەک لە تەکتیک. 
 
دھۆک کێشەیەکی چارەسەر کردووە، ئەویش ھێنانە پێشەوەی بەگریکارەکانیەتی بۆ بازنەی ھێڵی نێوەڕاست، کە لە یاریی بەرامبەر ھەولێر، ئەم کێشەیە چارەسەرکرابوو، ئەمەش جێگای ئومێدە، کە راھێنەرەکە ھێواش ھێواش بتوانێت لە تایبەتمەندی تیپەکە تێبگات و بتوانێت دھۆک بگەڕێنێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە