هاری کەین گرێکوێرەی چامپیۆنزلیگ دەکاتەوە!

05-03-2025
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن هاری کەین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەنێوان هەردوو یانەی بایەرلیڤەرکوزن و بایرن میونشن بەرێوەدەچێت، لەکاتێکدا یانەی بایرن بە یانە زەبەلاحەکەی ئەورووپا ناوی دەرکردووە، بەڵام بایەرلیڤەرکوزن تاکتیکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بردنەوە لە بایرن، بۆیە یانە باڤارییەکە پێویستە رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ مۆتەکەی لیڤەرکوزن.

 
لەو کاتەوەی چابی ئەلۆنسۆ پەیوەندی کردووە بە لیڤەرکوزنەوە، میونشن نەیتوانیوە سەرکەوتن تۆماربکات، یانەکەی ئەلۆنسۆ توانیویەتی سێ بردنەوە بەدەستبهێنێت و سێ یاری بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، لەنێوانیاندا سەرکەوتنە گەورەکەی ساڵی رابردووی لیڤەرکوزن بەئەنجامی 3 - 0 جگە لەوەی بایرن بژارەدی زیاتری هەبوو، بەڵام تەنیا دوو لێدانی هەبوو بۆ ناو گۆڵ لە تەواوی یارییەکەدا، کە ئەمەش خراپترین ئامارە لە 33 ساڵی رابردوو.
 
هەرچەندە ئێستا بایرن بەجیاوازیێکی باش لەپێش لیڤەرکوزن دێت لە بۆندێسلیگادا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەسەریان تۆماربکەن، هەردوو تیپ تەنیا یەکجار تووشی دۆڕان هاتوون لە خولەکەدا، بەڵام بردنەوە زۆرەکانی بایرن جیاوازی دروستکردووە.
 
هاری کەین، ئەستێرە و سەرەڕمی یانە باڤارییەکە بەختێکی بەشی نەبووە لە ئەزموونکردنی لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن، تەنیا توانیویەتی یەک گۆڵ لەدژی بایەرلیڤەرکوزن تۆماربکات لە کۆی چوار یاری، کە ئەمە بە رێژەیەکی کەم دادەنرێت بۆ هێرشبەرێکی لەم جۆرە، لەوەش خراپتر ئەوەیە کە لەم چەند یارییانەی دواییدا یاریزانە ئنگلیزییەکە ئاستێکی جێگیری نەبووە و نەیتوانیوە گۆڵ تۆماربکات، ئەمەش وایکردووە هاندارن نیگەران بن.
 
لە سەرنجڕاکێشترین یاریزانەکانی ئەم یارییە فلۆریان ڤێرتزە لە لیڤەرکوزن. بایرن دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات، بەڵام لیڤەرکوزن رازی نییە. ڤێرتز لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی پێشکەش کردووە و تەنیا لە چامپیۆنزلیگ شەش گۆڵی تۆمارکردووە. ئەم یارییە دەکرێت هەلێک بێت بۆ ئەوەی نیشانی بایرن بدات کە دەتوانێت چی بکات، بەتایبەتی کە داهاتووی نادیارە.
 
چابی ئەلۆنسۆ دەزانێت کە چامپیۆنزلیگ زۆر قورسترە لە بۆندێسلیگا، و خۆی بۆ ئاڵنگاریێکی سەخت ئامادە کردووە. دەڵێت کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ دەبێتە کلیلی سەرکەوتن، چونکە تەنانەت هەڵەیەکی بچووکیش دەتوانێت ببێتە هۆی شکست. 
 
ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری بایرن بەو رکابەرییە دڵخۆشە و پێیوایە تیپەکەی دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، یارییەکانی بەرامبەر لیڤەرکوزن بە یاریی گەورە ناودەبات.
 
بۆ بایرن ئەم یارییە دەرفەتە بۆ ئەوەی نیشان بدەن باشترین تیپی ئەڵمانیان، کە لە دوایین 21 یاری چامپیۆنزلیگدا لە یاریگای خۆیاندا نەدۆڕاون، ئەمەش متمانەی پێیان بەخشیوە. لیڤەرکوزن لەم وەرزەدا یارییەکانی لەسەر ئاستی ئەورووپا بە لاوازی بەڕێکردووە، بۆیە بایرن چاوی لەوەیە سوود لەم لاوازییە وەربگرێت.
 
خەریکە رکابەریی نێوان بایرن میونشن و بایرلیڤەرکوزن لە چامپیۆنزلیگدا زیاتر تووندتر دەبێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا گرێکوێرەکەی هاری کەین دەکرێتەوە و دەتوانێت بۆ یەکەمجار نازناوی چامپیۆنزلیگ بەرزبکاتەوە!.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە