رووداو دیجیتاڵ
ژیریی دەستکرد بارسێلۆنای تووشی شۆک کرد و ئاشکرای کرد کە لامین یامالی ئەستێرەی تیپەکە دەتوانێت خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبێنێت، بەڵام بەدرێسی ریال مەدریدی رکابەرە تەقلیدییەکەی نەک بارسێلۆنا.
رۆدری یاریزانی ئیسپانی، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچێستەر سیتی، لە ساڵی 2024 خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا و مشتومڕێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی بەهۆی ئەوەی ریال مەدرید و هاندەرانیشی پێیانوابوو ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بوو.
لامین یامال، کە تەمەنی تەنیا 17 ساڵە، لەماوەی رابردوودا چەندین دەستکەوتی بەدەستهێناوە و رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024 بۆ هەڵبژاردیەی ئیسپانیا.
هەروەها یامال خاوەنی چەندین خەڵاتی تاکەکەسییە، وەک "کۆپا" بۆ باشترین یاریزانی تازەپێگەیشتوو و کوڕە زێڕینەکە، هەروەها ناوی لە لیستی سەرەتاییدا بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024ـدا هەبوو.
ماڵپەڕی ترانسفێرمارکێت کە تایبەتە بە دانانی بەهاکانی بازاڕی یاریزانان و ئامارەکان و هەواڵی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، بەپێی ژیریی دەستکرد لیستی بەربژێرانی باڵۆن دۆری بۆ ماوەی بیست ساڵی داهاتوو ئامادە کردووە، کە لە ساڵی 2025ـەوە دەستپێدەکات.
هەروەها ژیریی دەستکرد پێشبینی ئەوەی کردووە کە یاریزانە براوەکانی باڵۆن دۆر لەو 20 ساڵەدا لەگەڵ کام یانە باڵۆن دۆرەکانیان دەبەنەوە.
یەکێک لە پێشبینییە سەرسوڕهێنەرەکان ئەوەیە کە لامین یامالی یاریزانی بارسا لە ساڵانی 2035 و 2037 خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستدەهێنێت، بەڵام بەدرێسی ریال مەدریدەوە، کە لە ساڵی 2035 لامین یامال تەمەنی 27 ساڵ دەبێت و بەگوێرەی ژیریی دەستکرد بێت، ئەوکات لامین یاریزانی ریال مەدریدە.
لامین یامال پێشتر جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید لە داهاتوودا مەحاڵە، ئەوەش بەهۆی خۆشەویستییەکی زۆری بۆ تیپی کەتەلۆنی، چونکە پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە دوای تەمەنی 18 ساڵی گرێبەستیکی نوێی درێژخایەن لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا واژۆ بکات، بەدیاریکراوی لە 13ـی تەمموزی 2025.
بەربژێرانی دیکە
ماڵپەڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دیارترین بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، بەپێی پێشبینییەکانی ژیریی دەستکرد، کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2025 دەبێت.
بۆ ساڵی 2026 ئێرلینگ هالاندی نەرویجی، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی بەربژێرە، پاشان ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ ساڵی 2027، پێش ئەوەی هاوڕێ ئینگلیزییەکەی جود بێلینگهام لە ساڵی 2028 بیباتەوە.
لامین یامال، ئەستێرەی بارسا ئەگەری بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی لە ساڵی 2029 هەیە، فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرەی ئێستای بایەرلیڤەرکوزن، ئەگەری بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی هەیە لە ساڵی 2030، بەڵام ئەویش لەگەڵ بایرن میونشن.
جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش بۆ ساڵی 2031 بەربژێرە سەرەکییەکەیە، بەڵام وەک ژیریی دەستکرد دەڵێت، لەو کاتەدا دەبێتە یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، دواتر لە ساڵی 2032 ئاندریکی بەرازیلی لەگەڵ ریال مەدرید و پاشان جەمال موسیالا لە بایرن میونشن لە ساڵی 2033 و بێلینگهام لە ساڵی 2034 دەیبەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ