ئەگەر هەیە ئەمشەو لازیۆ دەرکردنی تۆماس توخێل خێراتر بکات

05-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ بایرن میونشن لازیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەڕینەوە بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، نەک تەنیا کەمێک شکۆی رووشاوی بایرن میونشن لە وەرزی ئەمساڵی پاڵەوانێتییەکاندا دەگێڕێتەوە، بەڵکو بۆ مێژووی راهێنەری چارەنووس دیاریکراوی یانەکەش گرنگە. بەڵام ئەگەر یانە باڤارییەکە ئەمشەو لە یاریگەی خۆیدا، ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ بکات، بەدڵنیاییەوە تەنانەت بەردەوامبوونی تۆماس توخێلیش تاوەکو کۆتایی وەرز دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.
 
لە وەرزێکی پڕ لە شکست و کەوتن و ناکۆکی قووڵدا، پاشئەوەی بایرن میونشن ئەوەی یەکلاکردەوە کە تۆماس توخێل لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات، بایرن میونشن پێویستی بەئەنجامدانی یارییەکی باش هەیە، تاوەکو گەیشتن بەقۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر بکات، لە کاتێکدا یاریی چوونی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاندووە.
 
میدیای ئەڵمانی گوشاری زۆریان لەسەر تیپەکەی تۆماس توخێل دروستکردووە و دۆخەکە بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی ئەو راهێنەرەدا نییە، کە بەخەونی گەورەوە لە یانە باڤارییەکە دەستبەکاربوو. 
 
دۆخی یانەکە لە هەڵچوونی بەردەوام و کێشەدایە، بەڵام دەکرێ بردنەوە لە لازیۆ مێزەکە قڵپ بکاتەوە و ئاراستەی هەموو شتێک لە یانەکەدا بگۆڕێت، چونکە تەنیا تۆماس توخێل بەتۆمەتباری ئەنجامە خراپەکان تەماشاناکرێت، ئەگەرچی لە کۆتاییدا هەر ئەو قۆچی قوربانییەکە بێت.
 
ماتیاس دی لێخت، بەرگریکەری بایرن میونشن لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "پێموایە یاریزانەکانیش بەرپرسن لە دۆخەکە. هەموومان لەم دۆخەدا هاوبەشین. کاتێک راهێنەر دەڕوات، خەڵک ئیدی باسی ئەوە دەکەن کە ئێمەش کاری باشمان نەکردووە، بۆیە دەبێ تەماشای خۆمان بکەین و دانبەوەدابنێین کە ئێمەش کاری باشمان نەکردووە. ئێمە هەموومان بەرپرسین لەم دۆخە بێزراوەی تیپەکە، کارەکان بەباشی بەڕێوەناچن و ئەمەش قۆناخێکە کە پێویستە لێی بێینە دەرەوە، هەربۆیە من دەڵێم یارییەکەی ئەمجارەمان زۆر گرنگە و گەورەیە".
 
لازیۆ لای خۆیەوە چاوی لە نووسینەوەی مێژوویەکی نوێیە، بەتایبەت کە دەیەوێت ئەوپەڕی سوود لە ئەنجامی یاریی چوون وەربگرێت و دۆخی شێواوی بایرن میونشن لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە.
 
لازیۆ لەگەڵ ماوریسیۆ ساری راهێنەریدا، تیپێکی گەورە و کاریگەر لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوەی ئیتاڵیا دەرنەکەوتووە، بەڵام ئەو یانەیە ئێستا خۆی لەبەردەم رووداوێکی مێژووییدا دەبینێتەوە و ئەگەر بگاتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، ئەوە یەکەمجار دەبێت ئەو یانەیە خۆی لەو قۆناخەدا دەبینێتەوە، پاش نزیکەی 25 ساڵ.
 
چیرۆ ئیمۆبیلی، یاریزانی یانەی لازیۆ لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ
"پێویستە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم یارییەدا، هەست بەبەرپرسیاریەتییەکی مەزن بکەین. ناتوانی رێگەی ئاسان هەڵبژێریت ئەگەر بتەوێت نایاب بیت و باسی دەستکەوتی مێژووییت بکرێت. ئێمە دەبێ بەسووربوونی زۆرەوە یاریی بکەین و ویستی زۆرمان هەبێت، بۆ ئەوەی هاوکاریی یەکدی بکەین وەکئەوەی لە یاریی پێشوودا کردمان، ئەمجارە دەبێ زیاتریش کاربکەین، چونکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆمانین".
 
ئەگەر لازیۆ بەتەنیا سەرکەوتنیشەوە خەونەکەی خۆی بەگەیشتنە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەدیبهێنێت، تاکە رێگە لەبەردەم بایرن میونشندا بۆ رزگاربوون لە چوونە دەرەوە لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە، تەنیا بردنەوەی یارییەکەیە و هیچی دیکە.
 
تۆماس توخێل باسی خۆی دەکات
 
تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن کە ئێستا مەترسیی ئەوەی لەسەرە، بەر لەکۆتایی وەرز لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، لەبارەی رووداوەکانی تیپەکەیەوە دەڵێ، "کارەکە بۆ من زۆر گرنگە، من دۆڕاوێکی بەدم، واتە کەسێکم رقم لە دۆڕانە و پێی تووڕەدەبم. زۆر بۆم قورسە مامەڵە لەگەڵ دۆڕانی بەسەریەکەوە بکەم. وەک راهێنەر بۆ من هەموو رووداوێک، وانەیەکە، تەنانەت ئەگەر لایەنی پۆزەتیڤیشی تێدا نەبینم. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە ئاڵنگارییەکە قبووڵ بکەم، هەروەها پۆزەتیڤ بمێنمەوە، سوود لە وانەکانیش وەربگرم. من دڵنیام لەوەی کە لە رووداوەکانەوە فێردەبم و رۆژ لە دوای رۆژ گەشە دەکەم. لەبەرئەوە جارێکی دیکە دووپاتیدەکەمەوە کە دۆخەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەناچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تۆپی پێ هەر خۆشەویستی و پاڵنەری گەورەی منە، بۆیە پێموایە ئەوەی دەیکەم کار نییە. من بەتەواوی لە دۆخەکەدا و لەسەداسەد لەناویدا دەمێنمەوە تاوەکو دوایین یاریم لەگەڵ بایرن میونشن بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بەدەست بهێنم. کارەکان قورسن، بەڵام من لەگەڵیدا گەشە دەکەم و هەر ئەوەش لەخۆم داوا دەکەم کە بەردەوام بم لە گەشەکردن".
 
ساری ئازایەتیی دەوێت
 
ماوریسیۆ ساری، راهێنەری یانەی لازیۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا، باسی ستایلی رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشنی کردووە، ئەو چەند جارێک باسی ئازایەتیی تیپەکەی دەکات.
 
ساری دەڵێ، "من لە ژێر کاریگەریی هیچ شتێکی تایبەتدا نیم، چونکە دەمانەوێت بەئازایەتیی و سووربوونەوە یاریی بکەین، یارییەکە زۆر قورس دەبێت. دەبێ قورسیی یارییەکە دۆحی قوربانیدان و توانای بەرگەگرتنمان بداتێ. لە تۆپی پێدا هیچ شتێک ئەستەم نییە و دەبێ ئازابین، بەڵام پێموانییە کە ئێمە تەنیا دەبێ بەسۆزەوە تەماشای یارییەکە بکەین، بەڵکو دەبێت لە تووڕەییدا گڕبگرین".
 
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە زیاتر دەڵێت، "هیچ رێگەیەکی ئاسان نییە بۆ گەیشتن بەقۆناخی داهاتوو. هیوادارین بگەینە قۆناخی داهاتوو و دەزانین ئەرکەکەش ئاسان نییە. ئەوان بایرن میونشنن و بەهرەمەندی گەورەیان هەیە، وەک هەر تیپێکی دیکە کە یاریزانی مەزنیان هەیە و گەیشتن بەگۆڵەکەیان زۆر قورسە. ئێمە بیر لە خۆمان دەکەینەوە، هەروەها لە ویستی خۆمان بۆ پێشاندانی ئاستێکی هێرشبەرییانە و بەرگرییانەی زۆر باش و دەبێ بەئازایەتییەوە یاریی بکەین و هەوڵبدەین سزایان بدەین، چونکە بەرگریکردن بۆ ماوەی سەد خولەک، بیرۆکەیەکی خراپە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە