لیۆنێل مێسی پەسنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەدات

04-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەفسانەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی، باسی لە رکابەرییە مێژووییەکەی لەگەڵ ئەفسانەی پۆرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبەری یانەی نەسڕی سعودیە کرد و پەسنی کریسی دا و گوتی "پێموایە من و رۆناڵدۆ شایەنی ستایشی زۆرین".
 
لیۆنێل مێسی، رۆژی دووشەممەی رابردوو بۆ جاری هەشتەم خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دواتر کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و ئەستێرەی پاریس سانجێرمان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
 
سەبارەت بە کێبڕکێکانی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە  هەڤپەیڤینیکدا لەگەڵ رۆژنامەی L’Equipeـی فەرەنسی، پەسنی رۆناڵدۆی دا و گوتی "جەنگێکی وەرزشی زۆر باش لە نێوان من و رۆناڵدۆدا هەبوو، بەو رکابەرییە خۆراکمان بە یەکدی دەدا، چونکە هەردووکمان رۆحێکی بەرزی رکابەریمان هەبوو".
 
لیۆ لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە دۆن رۆناڵدۆ، گوتی "پێموایە من و رۆناڵدۆ شایەنی ستایشی زۆرین، چونکە سەرکەوتوو بووین لە مانەوە لە لووتکە بۆ ماوەیەکی زۆر. زۆر ئەستەمە بۆ ماوەی 10 یان 15 ساڵ لە لووتکەدا بمێنیتەوە. قۆناخێکی نایاب بوو، و پێموایە وەک یادگاریەکی باش دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هاندەرمان بوون".
 
ئەستێرەی ئەرجەنتینی و خاوەنی هەشت باڵۆن دۆر، زیاتر دەڵێت "هەمیشە ویستوومە هەموو شتێک ببەمەوە، هەموو کاتێک، قۆناخێکی زۆر نایاب بوو بۆ هەریەکەمان، بۆ هەموو هاندەرانی تۆپی پێش".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە