هالاند هۆشداری دەداتە یانەکانی پرێمەرلیگ و دەڵێت من برسیی گۆڵم

04-08-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نوێی یانەی مانچێستەر سیتی دەڵێت " دوو دڵ نیم لەوەی بتوانم خۆم لەگەڵ پرێمەرلیگ بگونجێنم و من برسی تۆمارکردنی گۆڵم."
 
هالاند لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت " بابزانین لەبارەی دەرکەوتنم بەبەهێزی چی روودەدات، هەندێک کەس پێویستیان بەکاتە و هەندێکی دیکەش راستەوخۆ دەچنە نێو کەش و هەواکەوە، هیچ هەست بە دوو دڵی ناکەم، ئەمە ژیانی یاریزانی تۆپی پێیە و پێویستە لەگەڵی بژین."
 
ئێرلینگ گوتی " تۆ جۆرێکی لە کات بەسەربردن، هەفتانە لەسەر ئەوەی لە یاریگەدا پێشکێشیدەکەیت هەڵسەنگاندنت بۆ دەکرێت، بۆیە پێویستە بەباشترین شێوە دەربکەویت و باشترین پێشکێشبکەیت."
 
هێرشبەری پێشووی یانەی دۆرتموند زیاتر گوتی " هەوڵبدە چێژ وەربگریت، هاندەران باس لە وەرزی داهاتوو دەکەن، بەڵام گرنگ یاریی داهاتوویە."
 
ئەستێرە نوێیەکەی مانچێستەر سیتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " دەتوانم هەموو شتێک باشتربکەم، دەتوانم ئاسوودەتربم، ئەمە ئەوەیە کە دەمەوێت بیکەم، وەک یاریزانێکی بچووک لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا و لە باشترین یانەی ئینگلتەرا، پێویستە بەردەوامبم لە پێشکەوتن لە زۆر رووەوە، من ئەمەم خۆشدەوێت."
 
ئێرلینگ هالاند بە متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە گوتی " من یاریزانێکی برسیم بۆ تۆمارکردنی گۆڵ، 100٪ هەوڵی خۆم لەپێناو ئەوەدا دەخەمەڕوو، دەمەوێت هەموو یارییەکان ببەینەوە، ئەمانە شتی سادەن، بەڵام گرنگن."
 
هێرشبەرە نەرویجییەکە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی " ریتمی یارییکردن لە خولی ئینگلتەرا بەرزە، لێرە زۆر یانەی باش هەن، ئاستی یارییەکان بەرزە، ئەمە پەیوەندیی بە دوو تیپ، سێ، چوار، یان پێنجەوە نییە، بەڵکو زۆر هەن و ئەمەش شتێکی باشە."
 
ئەم قسانەی هالاند لەکاتێکدایە، لە یاریی قەڵخانی ئینگلتەرادا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول ئەو ئاستەی پێشکێشنەکرد، بەڵام پێچەوانەی ئەو داروین نونێز، هێرشبەری لیڤەرپوول لێدانێکی سزای بەدەستهێنا و گۆڵێکیشی تۆمارکرد و لیڤەرپوول 3-1 لە مانچێستەر سیتی بردەوە و بووە پاڵەوان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە