رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ یەکشەممە یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان بە ئەنجامدانی دوو یاری بەڕێوەدەچێت.
یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولەکە بەشێوازی خول بەیەک قۆناخ بەڕێودەچن، لە یاری یەکەمدا یانەی شەقڵاوە لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی سەیدسادق دەکات.
زیاد خۆشناو، سەرۆکی یانەی شەقڵاوە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ورەی یاریزانانمان زۆر بەرزە و ئێمە بەشداریکردنمان لە ژێر دروشمی گەیشتن بە ریزی یانە نایابەکانە، هەر بۆیە دەمانەوێت بە نووسینەوەی یەکەم سەرکەوتن بچینە نێو ململانێی وەرگرتنی یەکەم بلیتی گەیشتن بە خەونی لەمێژینەی خۆمان و هاندەرانمان".
لە شارۆچکەی پردێ یانەی ئاڵتون کۆپری رووبەڕووی یانەی کۆیە دەبێتەوە، یانەی کۆیە وەرزی ئەمساڵ بەسەرکردایەتی رووداو جەمال کە راهێنەرێکی لاوە و پێشتر لەگەڵ تیپی لاوانی یانەکە پاڵەوانی کوردستان بووە، دەیەوێت تیپی یەکەمی یانەکە لەسەر دەستی ئەو بگاتە خولی نایابی کوردستان.
رووداو جەمال، لەبارەی یەکەم تاقیکردنەوەی قۆناخی کۆتایی، گوتی "یاریکردن بەرامبەر یانەی ئاڵتون کۆپری ئاسان نییە، بەڵام بەڵێنمان بە هاندەرانمان داوە سەرکەوتن تۆمار بکەین، بۆ یارییەکە ئامادەین و هیچ کەموکوڕییەکمان نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ