بەرازیلییەکان لە ڤینیسیۆس تووڕەن

03-09-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قەیرانەکە جارێکی دیکە لە نێوان دوو یاریزانەکەی ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر سەریهەڵدایەوە، هەرچەندە ئەمەی دووەمیان لە یارییەکەی تیپەکەیان بەرامبەر ریال بێتیس دەستبەرداری لێدانی سزا بوو بۆ ئێمباپێ.
 
ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی چوارەمی خولی ئیسپانیا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی ریال بێتسی بردەوە، کە کیلیان ئێمباپێ هەردوو گۆڵەکەی تۆمارکرد، کە یەکێکیان بە لێدانێکی سزابوو، کە ڤینی بەدەستیهێنا و رێگەی بە کیلیان دا جێبەجێی بکات، چونکە خۆی جێبەجێکاری یەکەمی لێدانەکانی سزایە لە ریال مەدرید.
 
ئەم هەڵسوکەوتەی ڤینیسیۆس رەخنەی بەربڵاوی هاندەرانی لێکەوتەوە لە بەرازیل، و رەخنەیان لەوە گرت کە لێدانی سزاکەی بە ئێمباپێ داوە.
 
تووڕەیی هاندەرانی بەرازیلی بەهۆی لێدوانەکانی گوتی، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدەوە بوو، کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، داوای کردبوو ئێمباپێ لێدانەکانی سزا لەگەڵ ریال مەدرید جێبەجێبکات.
 
گوتی لەو کاتەدا لێدوانێکی لەسەر ئەو لێدانی سزایە دا، کە ڤینیسیۆس لە یاریی ریال مەدرید بەرامبەر لاس پاڵماس جێبەجێیکرد و یارییەکە بە یەکسانبوون بە یەک گۆڵ بۆ هەریەکەیان کۆتاییهات. کاپتنی پێشووی ریال مەدرید، گوتی "دەبووایە ئێمباپێ لێدانی سزا جێبەجێبکات، کاتی خۆی کەس نەدەوێرا بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڵێت من لێدانەکە جێبەجێ دەکەم".
 
بەرنامەی ئێل چێرینگویتۆ هەندێک لەو رەخنانەی لە بەرازیل ئاراستەی ڤینیسیۆس کراون، گواستەوە، یەکێکیان وەڵامی قسەکانی گوتی دایەوە و گوتی "ئایا کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستبەرداری لێدانی سزا دەبوو بە ئێمباپێ؟".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، پەسنی هەڵسوکەوتی ڤینیسیۆسی بەرامبەر ئێمباپێی هاوڕێی دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەمووان یارمەتی ئەستێرە فەرەنسییەکەیان داوە و بەهۆی تۆمارنەکردنی گۆڵەوە نەیانخستووەتە ژێر هیچ گوشارێکەوە.
 
کارلیتۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ڤینیسیۆس لە یارییەکەی ریال بێتیسدا دەستبەرداری لێدانی سزا بووە لە بەرژەوەندی ئێمباپێی هاوڕێی و ئەوە کارێکی باش بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە