دیێگۆ سیمیۆنی، یاریزان له‌ پێستی راهێنه‌ردا

03-05-2016
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی
A+ A-

هه‌ر كاتێ له‌باره‌ی بۆچوونیان له‌سه‌ر راهێنه‌ری ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی، دیێگۆ سیمیۆنی پرسیار له‌ شاره‌زا و هونه‌رییه‌كان له‌ جیهانی تۆپی پێدا كرا، راسته‌وخۆ بۆ كاروانی وه‌ك یاریزان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌یه‌كدییان جیا نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ سیمیۆنی ته‌نیا ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ یاریزان بوو ده‌یكرد. ئه‌و پێشنۆره‌ به‌ تێكۆشان و شه‌ڕكردنی بێسنوور ده‌دات، له‌سه‌ر حیسابی لێهاتوویی و به‌هره‌. 

دیارده‌ی سیمیۆنی له‌وه‌ پوخت ده‌كرێته‌وه‌ "راهێنه‌ره‌ له‌ پێستی یاریزاندا"، سروشتی ویستی بێسنوور به‌ باشی بۆ یاریزانه‌كانی ده‌گوازێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ تیپێكی تێكشكێنه‌ر. بێجگه‌ له‌ ئاگابوونی ته‌واوی له‌ بارودۆخی تۆپی پێی ئیسپانی، ئه‌و كاته‌ی له‌ ریزه‌كانی سیڤیلیا یاریده‌كرد، تاوه‌كو له‌گه‌ڵ ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید وه‌ك راهێنه‌ر نازناوی لیگا و سوپه‌ری ئه‌وروپی به‌ده‌ستهێنا له‌ ساڵی 2012، له‌گه‌ڵ جامی شا له‌ ساڵی 2013 و پله‌ی دووه‌می چامپیۆنسلیگ له‌ دوای ریال مه‌درید به‌ر له‌ دوو ساڵ.

سیمیۆنیی راهێنه‌ر، ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید وه‌ك تیپێكی كاریگه‌ر به‌ره‌و لوتكه‌ی ئیسپانیا ده‌بات، بێجگه‌ له‌ دووباره‌ ئاخنینی له‌ چوارگۆشه‌ی زێڕینی چامپیۆنسلیگ، گرانترین و دیارترین پاڵه‌وانیه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هاوڕێكانی پێشووی دووپاتی چه‌مكی تایبه‌تی بۆ پێشه‌وایه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ كاری چڕ و دیدی تیژ قه‌ره‌بووی لایه‌نی هونه‌ری ده‌كاته‌وه‌. له‌و كاته‌ی یاریزان بوو له‌ سیڤیلیا 1992 تاوه‌كو 1994، سیمیۆنی ده‌ریخست هونه‌ری بردنه‌وه‌ ده‌زانێت، ئه‌و وته‌ باوه‌ی ده‌ڵێت "بزانی چۆن ده‌دۆڕێنی" سه‌راوژێر كرده‌وه‌ بۆ "بزانی چۆن ده‌به‌یه‌وه‌".

 به‌درێژایی كاروانی وه‌رزشیی وه‌ك یاریزان به‌ "ته‌قێنه‌ری مینه‌كان" ناسراو بوو، پاسی ورد و ده‌رفه‌تی گۆڵ تۆماركردنی ده‌ڕه‌خساند، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو كه‌ سیباستیان فرای هاوڕێی له‌ ئینته‌رمیلان 1998 ـ 1999 ده‌ڵێت "خه‌ونی هه‌موو راهێنه‌ره‌كه‌ یاریزانێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ پێكهاته‌كه‌یدا هه‌بێت. له‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵی سیمیۆنی له‌ ریزه‌كانی فیلیز سارسفیڵد له‌ خولی پله‌ یه‌كی ئه‌رجه‌نتین بووه‌ پیشه‌گه‌ر له‌ ساڵی 1990، دوای دوو ساڵ چووه‌ پیزای ئیتاڵی، ده‌بوو به‌په‌له‌ بڕیارێكی چاره‌نووسساز بدات سه‌باره‌ت به‌و گرێبه‌سته‌ی پێشكه‌شی كرابوو، خۆی یه‌كلاییكرده‌وه‌و به‌ هه‌ڤركییه‌كه‌ رازیبوو، هه‌ر زوو به‌هره‌ی ته‌كتیكی به‌دیار كه‌وت.

دیێگۆ سیمیۆنی، 106 یاری نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین كردووه‌و كاپتنیشی بووه‌، ساڵی 1996 نازناوی خول و جامی شای له‌گه‌ڵ ئه‌تله‌تیكۆ به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ ساڵی 1994 تاوه‌كو 1997 ئینجا له‌ 2003 تاوه‌كو 2005 له‌ ریزه‌كانی یاریكردووه‌. 

ساڵی 2000 یاری بۆ لازیۆی ئیتاڵی كردووه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ سیفه‌تی پێشه‌وایان پێبه‌خشیووه‌، كه‌ هه‌ر زوو له‌ كاروانی وه‌رزشیی ره‌نگی دایه‌وه‌، كه‌ ته‌نیا له‌لای هه‌ندێ یاریزانی به‌ ئه‌زموون سیماكانی ته‌واو ده‌بێت و پێده‌گات، نه‌خاسمه‌ له‌لایه‌نی پشتبه‌ستنی به‌ شێوازی تووڕه‌كردنی ركابه‌ره‌كان تاوه‌كو شه‌رمه‌زاركردن و ده‌ركردنیان، داواش له‌ یاریزانه‌كانی ده‌كات پیاده‌ی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تیپی به‌رامبه‌ر په‌رته‌وازه‌ بكه‌ن و ته‌ركیزی وێڵ بكه‌ن.

 یه‌كێك له‌و ئامرازه‌ به‌رچاوانه‌ی له‌م باره‌وه‌، حاڵه‌تی ده‌ركردنی ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را، دێڤید بێكهامه‌، له‌ یاری هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین و ئینگلته‌را له‌ چاره‌كی كۆتایی مۆندیالی 1998 له‌ فه‌ره‌نسا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە