ڤیدیۆ؛ ڤینیسیۆس رەگەزپەرستی بەرامبەر دەکرێت لە یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا

03-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمەڵەی لالیگا لێکۆڵینەوە لەبارەی کرداری رەگەزپەرستی لەبەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دەکات. 
 
لە گەڕی 27ـی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید رووی لە یاریگەی مێستایا کرد و بووە میوانی ڤالێنسیا، یارییەکە چەندین رووداوی مشتومڕ هەڵگری لەخۆگرت و بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتایی هات. 
 
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' ڤیدیۆیەک بڵاودەبێتەوە کە تێیدا منداڵێکی هاندەری ڤالێنسیا لەسەر کۆشی دایکی دانیشتووە، لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە منداڵەکە ڤینیسیۆس بە 'مەیمون' بانگدەکات، دایکیشی هیچ کاردانەوەیەکی نابێت، بەڵام دواتر کاتێک کە دەبینێت دیمەنەکان تۆماردەکرێن، تووڕەدەبێت و کامێراکە دادەپۆشێت. 

 

 
بەپێی هەواڵەکان، لالیگا بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکات، لە درێژەی هەڵمەتەکەیان بۆ نەهێشتنی رەگەزپەرستی لە یاریگاکانی ئیسپانیا. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو لە هەمان یاریگا ڤینیسیۆس لەلایەن بەشێکی هاندەرانی یانەی ڤالێنسیاوە رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەوە و بە 'مەیمون' بانگیانکرد، کە دواتر یانەکە بەپێبژاردنی 27 هەزار یۆرۆ سزادرا.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر، لە رابردوودا زیاتر لە هەشت جار بەرامبەر چەندین یانەی جیاواز لە لایگادا رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی یاریزانەکە و وایلێکرد کە بڵێت "رەگەزپەرستی لە لالیگادا شتێکی ئاساییە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە