گواردیۆلا باسی دۆڕانە گەورەکەی مان یونایتد بەرامبەر لیڤەرپوول دەکات

03-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، باسی رووبەڕووبوونەوەکەیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دەکات و پێیوایە ئەنجامەکانی رابردوو هیچ گرنگییەکیان بۆ ئێستا نییە، دۆڕانە گەورەکەی وەرزی رابردووی مانچێستەر یونایتدیش بەرامبەر لیڤەرپوول وەک نموونە دەهێنێتەوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، یاریگەی ئیتیحاد دەبێتە گۆڕەپانی بەڕێوەچوونی دێربیی مانچێستەر، کاتێک مانچێستەر سیتی میوانداری مانچێستەر یونایتد دەکات لە میانی یارییەکانی گەڕی 27ـی پرێمەرلیگ. دوایین رووبەڕووبوونەوەی نێوانیشیان کە لەو یاریگەیەدا بەڕێوەچووبێت، بە ئەنجامی 6-3 لە بەرژەوەندی سیتیزنس کۆتایی پێهات. 
 
گواردیۆلا پێیوایە کە ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی تیپەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد هیچ کاریگەرییەکەی بەسەر ئەم یارییەوە نابێت، راهێنەرە ئیسپانییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەدا باس لە یەکسانبوونەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دەکات و دەڵێت "وەرزی رابردوو مانچێستەر یونایتد چووە ئانفیڵد (یاریگەی لیڤەرپوول) و بە ئەنجامی 7-0 شکستی هێنا. ئەم وەرزە هەمووان دەیانگوت یارییەکە بۆ لیڤەرپوول ئاساندەبێت، کەچی دواتر چی روویدا؟ لیڤەرپوول نەیبردەوە."
 
پێپ زیاتر دەڵێت "ئەمە یارییەکی زۆر زەحمەت دەبێت، دەبێت رێز لە بەرامبەرەکەمان بگرین. ئێمە دەبێت هەفتە بە هەفتە بۆ بردنەوەی نازناوەکە بجەنگین و ئەمە یارییەکی دیکەی کۆتاییە بۆ ئێمە."
 
مانچێستەر سیتی بە 59 خاڵ پلەی دووەمی پرێمەرلیگی گرتووە، چاوی لە بردنەوەی یارییەکەیە و نایەوێت بەهیچ شێوەیەک لە لیڤەرپوولی پێشەنگی خولەکە دووربکەوێتەوە. مانچێستەر یونایتدیش بە 44 خاڵ پلەی شەشەمی گرتووە و دەیەوێت خۆی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی نزیک بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە