ئیبراهیمۆڤیچ پلان بۆ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دادەڕێژێت

02-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ پلان بۆ دانی بڕیارێکی چارەنووسساز لەبارەی کاروانی یارییکردنی دادەڕێژێت.

گرێبەستی ئێستای زڵاتان لەگەڵ یانەی میلانی ئیتاڵی لە هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت، هێرشبەرە سوێدییەکە بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە تەنیا یەک یاریی لەم وەرزەدا ئەنجامداوە و نەیتوانی هاوکاریی یانە ئیتاڵییەکە بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتاڵیا، ئیبراهیمۆڤیچ رەتیکردووەتەوە لەم وەرزەدا واز لە یارییکردن بهێنێت، سەرەڕای ئەوەشی کە پێکانی هەیە، یاریزانەکە کاردەکات بۆ ئەوەی توانای جەستەیی بپارێزێت و بەهێزەوە بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
 
ئیبراهیمۆڤیچ پلانی هەیە وەرزی داهاتووش گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، تاوەکو مۆندیالی 2022 لە یارییکردن بەردەوامبێت و لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەشداری لە مۆندیالی قەتەردا بکات.
 
ماڵپەری کاڵچیۆ مێرکاتۆی ئیتاڵی ئیبرا، بەنیازە دوای وەرزی داهاتوو واز لە یارییکردن بهێنێت و رووبکاتە کاری راهێنان، بۆ ئەوەش پێویستیی بەکاتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
 
بڕیارە ئیبراهیمۆڤیچ دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە رۆژی 16ـی ئەم مانگە بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان و بەرامبەر یانەی هێلاس ڤیرۆنا یاریی بکات و بەتەواویش بۆ یاریی بەرامبەر یانەی پۆرتۆ، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامادەدەبێت.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە لێدوانێکدا گوتی" ئەمساڵ دەبێت گوێ لە جەستەم بگرم، ئەو هێمای بچووکم بۆ دەنێرێت، تەنیا بەمشێوەیە دەتوانم خۆم لە خراپترین بپارێزم، هەرچەند دەمەوێت یاریی بکەم و لە بردنەوەی نازناوەکان بەردەوامبم، جەستەم وەک وەرزی رابردوو نییە، دەبێت هەموو رۆژێک گوێی لێبگرم و لەگەڵی بڕۆم، رۆژ لە دوای رۆژ بیری لێبکەمەوە، وابزانم من سوپەرمان نیم."
 
مینۆ رایۆلا، بەڕێوەبەری کارەکانی ئیبراهیمۆڤیچ پێشتر رایگەیاندبوو "هەر کاتێک ئیبراهیمۆڤیچ هەست بەوەبکات کە یاریزانێکی سەرەکی نییە و کاریگەریی نەماوە، واز دەهێنێت و وەک بەڕێوەبەر لە یانەکە کاردەکات."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە