ئەمشەو یاریگەی مارادۆنا دەبێتە شانۆی شەوێکی دیکەی مێژوویی

02-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ناپۆلی میلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، شانۆی شەوێکی دیکەی مێژوویی دەبێت بۆ هاندەرە باشوورییەکانی ئیتاڵیا کە دەیانەوێت ئەمساڵ لە کۆتاییدا ئاهەنگێکی درێژی لەبیرنەکراو بگێڕن.
 
ناپۆلی ئەمشەو زنجیرەی رووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ میلان لە سێری ئا و چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات، ئەمشەو ویستی ناپۆلی گەیشتنە بەسەرکەوتنێکی دیکە لە خولدا، تاوەکو یانەکە سێ خاڵی دیکە لە هەفتەکانی خولەکەدا کۆبکاتەوە و هەنگاوێکی دیکەش لە نازناوە مێژووییەکەی نزیک ببێتەوە.
 
دیمەنی ئەمساڵی ئیتاڵیا، پێدەچێ ئەو باڵندەی بەختە بێت کە شارە و شار دەکات بۆ ئەوەی هەموو شتەکان لە بەرژەوەندی ناپۆلی کۆتایی پێبهێنیت.. لە نێو باسوخواسەکانی سزادانی یوڤێنتوس، داڕمانی ئینتەرمیلان، دەستەمۆبوونی میلان، بەرزونزمییەکانی لازیۆ و شەڕە نەبڕاوەکانی مۆرینیۆ و رۆما لەگەڵ هەمووان، ناپۆلی سەری رێگەی گەیشتنەوە بە نازناوەکەی گرتووە و ئامادەنییە بەهیچ کلۆجێک دەستی لێبەربدات.
 
ئەوە هەر تەنیا داڕووخانی ئەوانیدیکە و بەخت نییە کە سوورە لەسەربردنی ناپۆلی بەرەو سەکۆی نازناوی سێری ئای ئەمساڵ. بەڵکو هەوڵ و ماندووبوونی تیپەکەی ژێر دەستی سپالێتی و سووربوون لەسەر نزیکبوونەوەی زیاتر و زیاتر لە خەونەکە، وایکردووە ئیدی یانەکە لەبەردەم دەرگای کرانەوەی گرێی بەختی سی و چوار ساڵەی خۆیدا بێت لە بەرامبەر نازناوی خولەکە.
 
ناپۆلی لەسەرەتاکانی وەرزەوە زەنگی هۆشداریی بۆ هەموو رکابەرەکانی لێدا، بەڵام زۆرینە پێیانوابوو ئەو ئەنجامە باشانەی یانەکە لەسەرەتای وەرزدا بەدەستی دەهێنێت، تەنیا شەپۆلێکی هەڵچوونی کاتین و زوو دادەمرکێنەوە، بەتایبەت کە دوو یەکسانبوونی یانەکە لە گەڕەکانی سێیەم و چوارەمی خولەکەدا، زۆر کەسی گەیاندە ئەو باوەڕەی ناپۆلی رکابەر نییە و هەوڵدەرە بۆ نازناوەکە، بەڵام دواتر تیپەکە پێشانیدا رکابەرە و دەتوانێ خەونیش بەو رکابەربوونەوە ببینێت.
 
یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر میلان، وێستگەیەکی دیکەی قورسی بەردەم ناپۆلی دەبێت لەسەرەڕێی گەیشتنەوە بە نازناوەکە.. گەرچی ئێستا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان خاڵەکانی ناپۆلی پێشەنگ و میلاندا هەیە، بەڵام ئەوە لەو راستییە ناگۆڕێت کە میلان هەردەم رکابەرێکی سەرسەخت بووە بۆ ناپۆلی و لە نێو بردنەوە گەورەکانی ئەمساڵی ناپۆلیدا، میلان یەکێکبوو لەو تیپانەی ئەگەرچی شکستی هێنا بەرامبەر ناپۆلی، بەڵام شکستەکە ماندووکردنی زۆری ناپۆلی بەدواوە بوو.
 
میلان و ناپۆلی لە ماوەی شانزە رۆژی داهاتوودا سێ جار بەرامبەر یەکتری یاریدەکەن و هەر یارییەک لەو یارییانە بەشێک لە چارەنووسی ئەو دوو تیپە لە پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵدا دیاریی دەکات.. بەتایبەت بۆ ناپۆلی گرنگە ئەمشەو بەبردنەوەیەکی دیکە، کەمێکی دیکە لە نازناوەکە بچێتە پێشەوە و پڕۆڤەش بۆ شکستپێهێنانی میلان لە چامپیۆنزلیگیشدا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە