بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پایان)
ئەگەرچی چاو لاتەریکە لە ڕۆشنایی
چرایەک چاوی ڕۆژگارە لە ئێستادا
چرایەکە؛ لەڕەنگدا پرتەقاڵیە و
لە بزەیدا نیگای دولبەرێکە بێ پەروانە..
ئەو چرکەیەی کزەی جەرگ دادەگیرسێ
ئەمیش لە کزەی ناخیدا چاو دائەخا و
لە ڕوخساریا وا دەرئەخات هێشتا یارە !..
لەتاسەیدا ترس دەبێ بە بارانێک
بینین ڕادەستی شەو دەکات..
لە هەناسەی توانەوەشیا؛
سەرلەنوێ ئەبێ بە ئاوڕ بەدوای خەیاڵی تاریکی !..
ئەی تاریکی..
من ڕۆشنایی چرایەکی پرتەقاڵیم
چیت لێم دەوێ؟!..
ئەی ڕۆشنایی..
من تاریکی شەوێکی سەرمابردەڵەم
هاتووم لەناختا ونم کەی!..
ئەی تاریکیە تەترە بووەکەی شەوگار
ئەی ڕۆشنایی ڕەنگ هەڵبزڕکاوی سەردەم
ئەگەر چاوی پرتەقاڵیی من نەبوایە
عەیامێک بوو؛
ئێوەش لە تابلۆی گەردوون دەرکرابوون!..
ئەگەر ئامێزم نەبوایە
نە ئاماژەکانی ڕۆژگار
نە لە ئاهی هیچ شەوگارێ
هەر وەک سەربوردەش نەمابوون!..
ئەگەر چاوی ڕۆشنایم نەبوایە
ئێوە چی؟!..
هێی..
ئەی چرا پرتەقاڵیەکە..
ئەوە چیتە؟!..
گەر ئێمە شەوگارو ڕۆژگار؛
لەنێوانمان ئالوگۆڕی دەسەڵاتمان نەکردایە
تۆ چی؟!..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ