تێزی دكتۆراكەی عەلی وەردی دەكرێتە كوردی

21-05-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عەلی وەردی
A+ A-

رووداو - هەولێر

تێزی دكتۆراكەی عەلی وەردی، زانای كۆمەڵناسی عێراقی بەناوی (سەبارەت بە سۆسیۆلۆژیای مەعریفە- شیكردنەوەی سۆسیۆلۆجی بۆ تیۆری ئیبن خەلدون)، لەلایەن نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، نووسەر و وەرگێڕی كورد، دەكرێتە كوردی.

نەوزاد ئەحمەد لەبارەی ئەم بەرهەمە بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "د.عەلی وەردی نیو سەدە لەمەوبەر تێزی دكتۆراكەی نووسیوە، بەڵام وەكو خۆی مابووەوە و وەرنەگێڕدرابوو، ئەمەش رەنگە بەهۆی ناوەڕۆكەكەیەوە بووبێ كە رەخنەیەكی راستەوخۆ لە مێژووی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت".

ناوەڕۆكی تێزی دكتۆراكەی وەردی، بە گوتەی نەوزاد ئەحمەد "رەخنەیەكی سۆسیۆلۆژییە لە مێژووی عەرەبیی ئیسلامی كە بەپێی میتۆدی سۆسیۆلۆژیای مەعریفە ئەو مێژووە دەخوێنێتەوە و رەخنەی لێدەگرێ. هەروەها پێشەكییەكەی ئیبن خەلدون دەكاتە سەرمەشقی تێزەكەی، بەبێ ئەوەی بە تەواوی متمانەی بە تیۆری ئیبن خەلدون هەبێ‌ و بگرە لە چەندین لایەنەوە رەخنەی لێدەگرێ‌".

نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، باسی گرنگیی وەرگێڕانی بەرهەمەكە بۆ سەر زمانی كوردی دەكات و دەڵێت: "بایەخی ئەم كتێبە لەوەدایە تێزی دكتۆرای سۆسیۆلۆجیست و بیرمەندێكی گرنگی عێراقییە كە بە تێز و بیر و نووسینەكانی نیو سەدە زیاترە خەڵكی بە خوێندنەوە و گفتوگۆوە سەرقاڵ كردووە. عەلی وەردی رەخنە لە كۆمەڵگەی عێراقی دەگرێت كە لە زۆر رووەوە ئەو رەخنانە كۆمەڵگەی كوردیش دەگرێتەوە".

سەبارەت بە كاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكە، ئەسوەد گوتی: "رەنگە لە كۆتایی مانگی حەوت كاری وەرگێڕانی كتێبەكە تەواو ببێت و لە كۆتایی مانگی هەشت لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە چاپ بكرێ‌".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە