کرێچیی خانووەکەی عەلی وەردی دەرکرا و خانووەکە رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە

29-08-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن عەلی وەردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خانووەکەی د. عەلی وەردی، بیرمەندی گەورەی کۆمەڵایەتیی عێراقی لە شاری بەغدا لەلایەن هێز ئەمنییەکانەوە چۆڵ کرا و کرێچییەکەی دەرکرا، کە پێشتر ئامادەنەبوو خانووەکە چۆڵ بکات و رادەستی کەسوکارەکەی بکاتەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی دووشەممە (28-08-2023) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بانگەوازی بنەماڵەی عەلی وەردی بیرمەندی گەورەی کۆمەڵایەتیی عێراقی بۆ چۆڵکردنی خانووەکەیان، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیاری دا دەستبەجێ رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر و خانووەکە لەلایەن هێزێکی وەزارەتی ناوخۆ چۆڵکرا. هاوکات هێزەکانی پۆلیس راسپێردراون پاسەوانی خانووەکە بکەن، تاوەکو رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.   
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیمەنێکی ڤیدیۆی بنەماڵەی د. عەلی وردی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا داوا لە سەرۆکوەزیران و وەزیرانی داد و ناوخۆ دەکەن، دەستوەردان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی خانووەکەیان لە ناوچەی کازمییە، چونکە کەسێک نزیکەی 40 ساڵە تێیدا نیشتەجێیە و ئامادەنییە چۆڵی بکات. وەک باسی دەکەن هەموو هەوڵێکیان لەگەڵ کرێچییەکە داوە، بەڵام بێ سوودبووە، تەنانەت دادگەش بڕیاری چۆڵکردنی داوە، بەڵام هەر ئامادە نەبوونە چۆڵی بکات و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە. 
 
بنەماڵەی عەلی وەردی هەوڵدەدەن خانووەکە بکەنە مۆزەخانە و کەلوپەل و بەرهەمەکانی عەلی وەردی تێدا بپارێزن. 
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رۆژی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان گرنگی زۆر بە بانگەوازەکەی بنەماڵەی د. عەلی وەردی دەدات و سەرۆکوەزیران داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد، ماڵەکەی عەلی وەردی چۆڵ بکەن کە هاووڵاتییەک لە ناوچەی کازمییەی شاری بەغدا تێیدا نیشتەجێییە و ئامادە نییە چۆڵی بکات، بۆیە هێزێکی لیوای هەشتی پۆلیسی فیدراڵی و هەواڵگری لیواکە و پۆلیسی ناوچەکە، خانووەکەیان چۆڵکردووە و بنەماڵەی عەلی وەردییان ئاگادار کردووەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی خانووەکەیان.
 
عەلی وەردی، بیرمەند و زانای عێراقیی بواری کۆمەڵایەتی، بە یەکێک لە سیمبوولە پێشکەوتووخوازەکانی بۆچوونی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، کە کۆمەڵێک بەرهەمی "پڕبەهای" لە بوارەکانی زانستی کۆمەڵایەتی، دەروونی و مێژووی کۆمەڵایەتی عێراقی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.
 
وەردی  ساڵی 1913 لەدایکبووە و لە ساڵی 1995 کۆچی دواییکردووە، ئەو سەردەمەی تێیدا ژیا و لێیکۆڵیەوە و بەسەرهات و رووداوەکانی بە چاوی خۆی بینی، لە سەریانی نووسی و رەخنەی ئاراستەکردن.
 
وەردی، دکتۆرای لە بواری کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا بەدەستهێنابوو و ١٨ کتێب و سەدان توێژینەوەی بڵاوکردووەتەوە، لە کتێبێکیدا بەناونیشانی (واعیزولسەلاتین) رەخنەی تووند ئاراستەی ئامۆژگارانی ئایینی دەکات و دەڵێت "ئامۆژگاریی ئەفڵاتونی بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ، لەکاتێکدا ئەو ئامۆژگارانە خۆیان پابەندی ئامۆژگارییەکانی خۆیان نابن و چاویان لە دەستی دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندەکانە."
 
ئەو زانا کۆمەڵایەتییە لە کتێبەکانیدا رەوشت و هەڵسوکەوتی دانیشتووانی زۆربەی ناوچەکانی عێراقی شیکردووەتەوە، جگە لە کورد، چونکە وەک خۆی دەڵێت زمانی کوردی نەزانیوە، لەهەمانکاتدا داوای دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی تایەفی نێوان شیعە و سوننە دەکات و دەڵێت، "ناکۆکی نێوان معاویە و ئیمامی عەلی، رووداوێکی مێژووییە و سەردەمی بەسەرچووە."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە