ئا: ئەدەب و کولتوور
نووسەر و وەرگێڕی کورد جەلیل کاکەوەیس چوارەمین خەڵاتی نەتەوەیی چوارچرای وەرگرت، ئەوەش وەک رێزلێنانێک لە کار و ماندووبوونی لەبەرامبەر کارە ئەدەبییەکانی.
بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و هونەرمەندان و لە رێوڕەسمێکدا کە لە هۆتێل چوارچرای شاری هەولێر بەڕێوەچوو، چوارەمین خەڵاتی نەتەوەیی چوارچرا بەخشرایە نووسەر و وەرگێڕی کورد جەلیل کاکەوەیس.
عەبدولخالق یەعقووبی، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری خەڵاتی نەتەوەیی چوارچرا بە ئەدەب و کولتووری رووداوی راگەیاند، بەپێویستمان زانی خەڵاتی چوارچرای ساڵی 2017 بدەینە جەلیل کاکەوەیس، وەک نووسەر و وەرگێڕێک کە خزمەتێکی زۆری زمان و ئەدەبیاتی کوردیی کردووە.
عەبدولخالق یەعقووبی گوتیشی کە بەنیازن لە ساڵی داهاتوودا دوو خەڵات بدەنە نووسەران، خەڵاتی بەهارانە و پاییزانە.
لە ساڵانی رابردووشدا هەریەکە لە شاعیر موحسین ئاوارە، نووسەر حەمە کەریم هەورامی و هونەرمەند عەبدولی حەمەجوان خەڵاتی نەتەوەیی چوارچرایان وەرگرتووە.
جەلیل كاكەوەیس، ساڵی 1948 لە كەركووك لەدایک بووە، لە زانكۆی بەغدا زمان و ئەدەبی كوردیی خوێندووە و سەرەتای چیرۆكنووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی پێشوو.
ئێستا خاوەنی دوو رۆمانە بەناوەکانی ( وتیارێك رووی لە كەس نییە) و (بۆنی بنیادەم(.
بەشێك لە چیرۆكەكانیشی لەم چەند كتێبەدا كۆكردوونەتەوە: میراو، بۆنی ئەشكەوت، چركە زیندووەكان، وەچەكانی مەولانا، شتێ لە گیرفانی دایكمدایە.
هەروەها كتێبی (الساعات المتوقفە) كە لەلایەن چەند نووسەرێكەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی.
لە بواری لێكۆڵینەوە و رەخنەی ئەدەبیدا خاوەنی كتێبی (رۆمانی كوردی)یە، لەگەڵ كۆمەڵێك وتاری ئەدەبی دەربارەی چیرۆك و رۆمان و زمان و توخمە ئەدەبییەكانی دیكە. كتێبی (كتێب) خوێندنەوەی بیست تێكستی هەمەجۆر. كتێبی رایەڵەكان (كۆمەڵە وتار) و
لە بواری وەرگێڕانیشدا خاوەنی ئەم كتێبانەیە: رۆمانی بەدگۆڕان (فرانتز كافكا). كورد لە سەدەی حەوتەمەوە تا سەدەی دەیەمی زایینی (ئارشاك پۆڵادیان) . باخچەی بەردین (نیكۆس كازانتزاكیس). رۆمانی رۆژەكە لە سەدەیەك درێژتر دەبێتەوە (جەنگیز ئەیتماتۆڤ)، هەڵبژاردەیەك لە چیرۆكی عەرەبی و جیهانی بەناوی (خڵتەی دنیا)، رۆمانی شلۆمۆ كوردە و من و رۆژگار (سەمیر نەقاش)، رۆمانی ئاهەنگی تەگەكە (ماریۆ بارگاس یۆسا) ، رۆمانی چل رێساكەی عەشق (ئەلیف شەفەق) ، رۆمانی دەریاچە (یاسۆناری كاواباتا)، رۆمانی خەم و جوانی (یاسۆناری كاواباتا)، سۆفیگەرێتی (نیكۆس كازانتزاكیس).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ