دیسان بەزمی هەڵبژاردن لە ئێران!

31-01-2016
ناسر باباخانی
نیشانەکردن ئێران هەڵبژاردن
A+ A-

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی نزیك بە چوار دەیەی رابردوودا ساڵێ یەك هەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە، وەك هەڵبژاردنەكانی سەركۆماری، پارلەمان، ئەنجوومەنی شارەكان، خوبرەگان و... بە درێژایی ئەم ساڵانەش، سەرجەم ئەم هەڵبژاردنانەی وەك هێمایەك بۆ دێموكراسی لە ناوخۆی وڵات و مەشرووعییەتی ژوورەكی و دەرەكی بەچاوی خەڵكی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشدا داوەتەوە!

بەڵام سەرەڕای هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە، چاودێرانی سیاسی بەردەوام بە چاوی گومان و دڕدۆنگییەوە سەیری زۆربەی هەرە زۆری ئەم هەڵبژاردنانەیان كردووە، چون لەڕاستیدا هەرچەند رێژەی بەشداریی خەڵك هەندێ جار بەرچاو بووە، بەڵام جگە لە تەزویر و سڕینەوەی ئەو جیابیرانەی خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەكان كردووە، لە جەوهەری بەشدارییەكەدا هەمیشە گرفتێكی سەرەكی هەبووە كە بووەتە هۆی ئەوەی هیچكام لە هەڵبژاردنەكان نەتوانن گۆڕانێكی سیاسیی ئەوتۆ لە ئێران سازبدەن كە ئەویش بریتییە لە چەمكێك بەناوی: "بەشداریی سیاسی پێكهاتەیی". 

سەبارەت بەم چەمكە، هانا ئارێنت پێیوایە بەشداریی سیاسی ئەرێنی واتە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكاندا دەبێ بەشێوەیەكی پێكهاتەیی لە قاڵبی حیزب و لایەنی سیاسیدا بێ تا بەر بە دیكتاتۆرییەت بگرێ، بە واتایەكی دیكە بەشداریی سیاسی ناپێكهاتەیی، تەنیا مەبەستی بەشداركردنی گۆترەیی خەڵكە بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خۆی و مەبەستی سەرەكی بەرلەوەی چاكسازیی ناوخۆیی بێ، سەلماندنی مەشرووعییەتی خۆیەتی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی وڵات. ئەمە رێك ئەو شتەیە كە لە سیستمە تۆتالیتێرەكاندا بەدی دەكرێ. ئارێنت دەیەوێ بڵێت سیستمی تۆتالیتێر لە هەمان كاتدا كە بە توندی بەر بە بەشداریی سیاسی پێكهاتەیی دەگرێ، دەیەوێ ئاستی بەشداریی سیاسی ناپێكهاتەیی بەرێتە سەر، تەنانەت ئەگەر بە میكانیزمگەلێكی پڕوپاگەندەیی و فرتوفێڵئامێزیشەوە بێ و دواجار بە زەبری زۆری و تۆقاندن!

بۆیە مادام پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران لەسەر بنەمای بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێكهاتەیی نەبێ و بۆ وێنە خەڵك لە كوردستان نەیەنە قاڵبی پێكهاتە و حیزبەوە و رەخنەكانیان ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی نەكەن، هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕدرێ. ئەوەی كە تا ئێستا لە كوردستان سەبارەت بە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بەدی كراوە - سەرەڕای نەبوونی بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێكهاتەیی - ئەوە بووە كە بەشێوەیەكی رێژەیی دەنگی خەڵكی كوردستان بەردەوام پەیامێكی سیاسی بۆ ناوەند پێبووە، بە تەعبیرێكی دیكە دەنگی خەڵكی كوردستان لەسەر بنەمای شعوورێكی سیاسی و خوێندنەوەیەكی دروست دراوە و تەنانەت بایكۆت كردنەكەشی هەڵگری ئەم پەیامە بووە. شرۆڤەی ناوەڕۆكی ئەم پەیامە، ناهاوتەریببوونی خەڵكی كوردستان بووە لەگەڵ دەسەڵات، واتە كورد هەمیشە دەنگی داوە بەو بەربژێرانە كە رەخنەگری حكوومەت بوون، یان لانیكەم لێی دوور بوون. 

بۆ پێكانی ئەم مەبەستە، واتە بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێكهاتەیی، كۆمەڵگای كوردەواری پێویستی بە سەرلەنوێ خۆسازدانەوەی رێكخراوەیی لەناوخۆ هەیە. خۆ رەنگە دیاریكردنی تاقم و لایەنە سیاسییەكانی كۆمەڵگای رۆژهەڵات بە شێوەیەكی بەرهەست دژوار بێ، بەڵام لانیكەم وەك جووڵەیەكی مەدەنی – بە هەموو خۆپارێزییەكانیەوە – بەدی دەكرێن: لە بەرەی یەكگرتووی كورد و ریفۆرمخوازە كوردەكانەوە بگرە تا جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح و مەكتەبی قورئان و NGOكان و تەنانەت هەندێ رەوتی فكری بەرچاوی سەربەخۆ كە زیاتر لە پانتایی هەندێ لە شارەكاندا بەدی دەكرێن. ئەمە خۆی لە خۆیدا پتانسییەلێكی باشە كە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی كوردیدا خەڵك خۆی تێدا ببینێتەوە. 

دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای خۆیەوە لەڕێی دەزگا ئەمنی و چاودێرییەكانییەوە بە فیلتێركردن و رەدی سەڵاحیەتی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەكاندا تا ئەو جێگایەی شیری بڕیویەتی ئیزنی نەداوە جیابیران خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەكان بكەن و حەولی داوە وەك دەسەڵاتێكی تۆتالیتێر ئەم یونیفۆرمیزاسیۆنە بپارێزێ. لە پاش ئەم پڕۆسەی قڵتوبڕە، ئەوە دێتە گۆڕێ كە كۆماری ئیسلامی تا چ رادەیەك ئیزن دەدا بەشداری سیاسیی خەڵك بەرگێكی پێكهاتەیی بپۆشێ؟ پرسیارێك كە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم رژێمەدا هیچ وەڵامێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئەمجارە حەولی چالاكڤانانی سیاسی مەدەنی ناوخۆ بۆ بە پێكهاتەییكردنی بەشداریی سیاسی خەڵك بەپێی پتانسییەلە جۆربەجۆرەكانی مێدیایی بەتایبەتی سۆشیال میدیا تا چەند دەتوانێ ئەم خەونە بێنێتەدی؟ هەرچەند بەپێی ئەزموون و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، ئاسۆی ئەمجارەش زۆر لێڵ و هیوابڕە.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە