تۆم و جێری

29-09-2014
گۆران محەممەد
نیشانەکردن پارتی یەکێتی
A+ A-

بارام بەگ جوانی بۆ هاتبوو كە گوتبووی: سێبەسێ تەڵاقم كەوتبێ كورد لە سنووقی بیبسیشدا یەكڕیز نابن. ئاخر ئەم شاتە شات و دەمەقاڵێیەی روژانە پارتی و یەكێتی لە گەڵ یەكتری دەكەن، لە پەیوەندی نێوان بووك و خەسوو، یان تۆم و جێری دەچێ. سەریان لە خۆیان و لە خەڵكیش شیواندووە و كەس نازانێ كامیان تۆمە و كامیان جێری، ئاخر رۆژێ یەكێتی بەدوای پارتییەوەیە و تاوێكیش پارتی، یەكێتی راودەنێ، دەمێكیش هەردووكیان كتومت وەك تۆم و جێری بەیەكەوە تەماشای فیلمەكانی خۆیان دەكەنەوە و بەخۆیان دەخەنن.

كە پارە نەما، شەمەندەفەر بە پانی بەكەماڵی ئیسراحەت بەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەرباز دەبێ


یەكێتی و پارتی كە جاران گیرفانیان یەك بوو، برا و تەبا بوون، هەر كە باشماخ لە ئیبراهیم خەلیل جیابووەوە، كوردستانیان خەڵتانی خوێن كرد. جا قوربان كە رێككەوتننامەی دابەشكردنی داهاتیان مۆر كرد، موو بە بەینیاندا نەدەچوو، كادیرێكی پارتی، خۆی كەر بكردایە و سووكە رەخنەیەكی لە هاوگیرفانە ستراتیژییەكە بگرتایە، پێش یەكێتی، پارتی زمانی دەبڕی. یەكێتیش بەهەمان شێوە شتێكی لەوەی خۆی دەبڕی ئەگەر زاتی بكردایە و رەخنەی نەك لە مەلا مستەفا، تەنانەت لە مەلا محەمەدیش بگرتایە.

ئێستاكێ كە پارە نەماوە و بودجە بڕاوە،نەك موو بە بەینیاندا ناچێ، بەڵکو شەمەندەفەر بە پانی بەكەماڵی ئیسراحەت بەنێوانیاندا دەرباز دەبێ و شەش بارە نێوانی یەكێتی و پارتی ئاڵۆز بووەوە، برا پرسیارێك: مانگی چەند بەشتان دەكات بۆ ئەوەی تەبا و برا بن؟

لەملاوە كابرا دەڵێ بەدیلی یەكێتی بۆ پارتی هەر یەكیتییە، لەولاشەوە برادەرەكەی خۆی نامووسی یەكێتی دەبات و دەڵێ ئەوان بودجەیان بڕیوە. تۆم و جێرییە وەڵا تۆم و جێرییە، ئاخر ئەگەر تۆم و جێری نەبێ، ئەوە خێرە یەكێتی شەش مانگە گەڕەكی تەجنیدی لە جەلەولا كۆنترۆڵ نەكردووە كەچی دەڵی دەچم كۆبانێ دەپارێزم؟ خۆ دیارە ئەوان خەمی پرۆتەكشنی كۆبانییان نییە ئەوەندەی تەماعیان لە پۆرتشكاندنی پارتییە.

ئێستا لەوە گەیشتم بۆچی چ یەكیتی، چ گۆڕان وەزیری قەڵەو قەڵەو رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكەن

پارتیش وەك بڵێی قسە بۆ حەلاو دەكا، دەڵێ هەشت ساڵ وەزارەتی دارایی لای یەكێتی بووە بۆیە نابێ باسی قەیرانی ئابووری بكەن، نەبابە؟ ئاخر گارسۆنە هیندییەكانی قاوەخانەی كۆستاریكاش دەیانزانی كە وەزیر رەشیدە نەك بایز، تا خوا ئاشتی بۆ ناردن. ئاخر ئێستا وەزارەتی دارایی لە دەخیلە دەچێ، كەی ئاشتی پارەی تێكرد داراییە، ئەگەر عەیب نەبێ تێشی نەكا ئەوە وەزارەتی داماوییە.

ئێستا لەوە گەیشتم بۆچی چ یەكیتی، چ گۆڕان وەزیری قەڵەو قەڵەو رەوانەی ئەو وەزارەتە دەكەن، ئاخر مەگەر تەنێ بەو خەموخەفەتە لاواز ببنەوە، خۆ ئەگەر رۆژێكیش بڕیاریان دا وەزارەتی دارایی بدەنە بێلایەنێک، باوەڕ ناكەم كەس لە عەلێ فەنی شیاوتر بێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە