کەمال سادق گۆکچەلی، ناوی تەواوی وەستای کارامەی رۆماننووسین یاشار کەمالە. ئەو خۆی ناوی کەمالە، ناوی باوکی سادق و پاشناوی خێزانییشیان گۆکچەلی-یە. ئەو نووسەرە لە سۆنگەی خۆشەویستییەوە، یەکێک لە برازاکانی خۆی بەناوی باوکیەوە ناودەنێت سادق.
لە ئیستەنبووڵ و لە هەڤپەیڤینێکی کورت دا سادق گۆکچەلی، برازای یاشار کەمال، باس لە پەیوەندیی خۆی و مامی دەکات، پەیوەندیی خۆی و ئەو نووسەرە گەورە و پڕ باندۆرە.
بە کاک سادقم گوت: دەتوانیت بیرەوەرییەکی کورت و کاریگەر، بەڵام نەبیستراوم لەگەڵ مامت دا بۆ باس بکەیت؟
سادق گۆکچەلی پاش کەمێک بێدەنگی، گوتی:
رووبارێک بە ئاوایی قادرلی دا تێدەپەڕێت، ناوی ساڤروونە. مامم گوتی با بەرەو ئەوێ بڕۆین، لەگەڵ مامم و دوو هاوڕێم بەرەو لای رووبارەکە چووین. کاتێک گەیشتینە ئەوێ، چەند ماڵە کۆچەرییەکمان بینین سەرقاڵی لەوەڕاندنی بزن و رانەمەڕ بوون. کۆچەرەکان بەرەو کوێستانەکان دەچوون، بەڵام لەوێ بۆ پشوو لایان دابوو.
مامم گوتی: با لادەینە لایان و قسەیان لەگەڵ بکەین.
کاتێک گەیشتین مامم پرسیاری لێکردن: ئەرێ بزنی زەرد هەبوون، بزنی رەشی جوان هەبوون، چیان بەسەرهات؟
لاوێکی کۆچەری بە مامم، واتە بە یاشار کەمالی، گوت: ئەوانەی تۆ پرسیاریان دەکەیت، تەنیا لە کتێبەکانی یاشار کەمال دا ماون، تەواو بوون، ئیتر نابیندرێن.
ئێمەیش پێکەنین، لاوە کۆچەرەکە گوتی: پێمەکەنن، ئەگەر یاشار کەمال بخوێننەوە، دەزانن بزنی زەرد و رەش هەبوون، بەڵام ئێستا لە هیچ شوێنێک نایانبیننەوە.
هاوڕێیەکەم بەو کوڕە کۆچەرەی گوت: ئەوە یاشار کەمالە.
لاوەکە بە هەڵەداوانەوە بەرەو رەشماڵەکە رۆیشت. پاشان بینیمان کابرایەکی زۆر بەتەمەنیان لە رەشماڵەکەوە دەرهێنا، کابرا خۆی نەیدەتوانی بە رێگەدا بڕوات، چووبوونە بن باڵی. نابینایش بوو، کابرای بەساڵاچوو بە گریانەوە گوتی: یاشار کەمال هاتووە بۆ ئێرە؟ گوتی: ئاشنای هەموو کتێبەکانی تۆم، نەوەیەکم دادەنا و کتێبی تۆی بۆ دەخوێندمەوە.
کەشێکی دڵبزوێن بوو بۆ هەموومان. مامم کابرای بە ساڵاچووی لە باوەش گرت. پاشان کابرا گوتی: سوپاسبژێری خودام کە لەم کۆتایی تەمەنەدا ئەم باوەشەی تۆ ژیام.
سادق پشوویەک دەدات، پاش ئەوەی دەبینێت من بە ئارامی و هاوکاتیش خۆشحاڵی گوێی لێدەگرم، بەردەوام دەبێت:
جگە لە من، برازای دیکەیشی هەن، بەڵام من نزیکترینیان بووم لە مامم. ئەو ناوی لە من ناوە، بەناوی باوکی خۆیەوە، ناوم سادقە. لە تەمەنی 14 - 15 ساڵییەوە بەردەوام منی دەهێنا بۆ ئیستەنبووڵ بۆلای خۆی. مانگێک یان مانگ و نیوێک پێکەوە دەبووین. کاتێکیش گەورەتر بووم، ئیتر خۆم دەچووم بۆ لای بۆ ئیستەنبووڵ.
ئەو دەمە لە بەشە شاری فلۆریا لە ئیستەنبووڵ دەژیا، دەردەچووین و دەگەڕاین. پیاسەمان دەکرد و بەردەوام شتی دەگێڕایەوە. گوێی دەگرت و زۆر پرسیاری خزم و خەڵکی قادرلیی دەکرد سەبارەت بە ژیان و دۆخیان، بێگومان وەکو دۆستێکی گەورەی سرووشت، پرسیاری سرووشتەکەی دەکرد. پرسیاری ماڵەکەمانی دەکرد لە کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە. لە خەمی خەڵکی قادرلی و کوێستانەکان دا بوو.
سەبارەت بە بیروڕای خەڵکی ناوچەی قادرلی و گوندی حەمیدەیش لەبارەی حەمەدۆکەوە، شتێکی یەکجار سەرنجڕاکێشی باس کرد:
خەڵکی ناوچەکە وایان قبووڵ کردبوو، کە حەمەدۆک، کەسێکی راستەقینە بوو، کەسێک بووە لەو ناوچەیە لەدایکبووە و ژیاوە و یاخی بووە. بۆ نموونە خەڵکەکە ئاماژەیان بە شوێنێک دەکرد و دەیانگوت: ئەمە ئەو شوێنەیە حەمەدۆک شەڕی لێکردووە، لێرە تەقەی کردووە و نەیاری پێکاوە.
سادق گوتی: رۆژێک کەسێک هاتبوو دەیگوت؛ باوکم هەندێک سینەبەند، سەرکەلە و ژێرزینی جوانی ئەسپەکەی حەمەدۆکی پاراستووە و دەیەوێت بۆ یاشار کەمالیان بنێرێت.
واتە ئەوەندە باوەڕیان پتەو بوو بە بوونی حەمەدۆک، مرۆڤ نەیدەتوانی پێیان بڵێت، یاشار کەمال حەمەدۆکی ئافراندووە.
مارسێل رایش-رانیسکی (1920 - 2013) نووسەر و وەشانکارێکی ئەڵمان بوو، یەکێک بوو لە هەڵسەنگێنەر و رەخنەگرە هەرە کاریگەرەکانی نێو زمان و ئەدەبی ئەڵمانی.
بەڵام بۆچی ئەوەندە کاریگەر بوو؟ چونکە خۆی سەرقاڵی دەقی گەورە دەکرد، نووسەر و دەقەکەیشی لەلای خەڵک و لەنێو کایەکەدا گەورەتر دەکرد. دەستی بۆ تەلیسمەکانی دەق دەبرد، رازەکانی ئاشکرا دەکردن، یان رووناکیی دەخستنەسەر و، چێژ وەرگرتنی خۆی لە دەق لەگەڵ خوێنەردا بەش دەکرد، گەرەکی بوو خوێنەریش بگاتە ئەو ئاستی چێژ وەرگرتنە.
مارسێل رایش-رانیسکی لەو رەخنەگرانە بوو نووسەری دروست دەکرد یان نووسەری گەورەی گەورەتر و ستوونە پتەوەکانی ئەدەبیاتی پتەوتر دەکرد.
رەخنەگرێک ئامانجی ئەوە بێت نووسەر بخات و نووسەر بشکێنێتەوە، دەبێت دەستبەرداری نووسین بێت و بچێت لە شەڕگەدا هێزی خۆی وەگەڕ بخات.
لەم دنیا جەنجاڵەدا، لەم رۆژگارە پڕ لە جەنگ و تژە دڵڕەشی و بارگاوی بە رکابەریی بێسنوور و بێهودەیی مرۆڤەکان، لەجیاتی ئەوەی خۆشحاڵ بین هێشتا کەسانێک هەن دادەنیشن و دەنووسن، ئازار دەچێژن؛ رۆمان و چیرۆک و شیعرمان بۆ دەنووسن، کارەساتە رەخنەگرێک بێت و بە دوو پەرەگرافی هەرزان بیانشکێنێتەوە.
تەماشای کارەسات بکە؛ کەسێک دێت و میوزیکی دڵبزوێن و سەرمەستکەرمان پێشکەش دەکات، لەجیاتی سوپاس و پێزانین پەلاماری خۆی و کارەکەی دەدرێت. ئەوە کاری مرۆڤی نووسەر و هەڵسەنگێنەر و رەخنەرگر نییە، رەخنەگر دەبێت ئەو جوانی و چێژانەمان پێشکەش بکات، کە ئێمە نایانبینین و هەستیان پێناکەین. جگە لەوە دەستبادان و شکاندنەوە و شتی ناجۆر، رەخنەگرانی لەوجۆرە رەنجبێوەر دەکات و ناویشیان لەکەدار دەبێت.
بیهێنە بەر چاوی خۆت، دارستانێکی رەنگین و چڕ هەیە، کە دارستانی شیعری شێرکۆ بێکەسە، چەند کەس بە لایدا تێبەڕین، چەند کەس بە ناویدا گوزەریان کرد و چەند کەس پلار و شتی ناجۆر و تەنانەت دزێویان لەسەر گوت، بەڵام ئەو دەنگانە، ئەو پلار و هەوڵی شکاندنەوانە لە کوێن؟
ئەی دارستانی شیعری شێرکۆ؟ دارستانی شیعری شێرکۆ یەکێکە لە کۆئەندامە هەرە پڕ وزەکانی هەناسەدان لە ئەدەبیات و زمانی کوردی دا.
گرنگە رەخنەگر و هەڵسەنگێنەر ئەگەر نەتوانن وەکو مارسێل رایش-رانیسکی کاری گەورە بکەن لە بواری رەخنە و نرخاندن دا، بتوانن ئەوەندەی کۆچەرەکان، کۆچەرە ئەڤیندارەکانی یاشار کەمال، نرخی دەق، نووسین، ئەدەبیات و هونەر بزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ