فایەق زێدان رووى راستەقینەى بەغداى دەرخست

21-02-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
لە چەند رۆژى رابردوو سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار، کە بۆ پرسى بەهەرێمکردنى پارێزگاکەیان چووبوونە لاى، راشکاوانە پێى گوتن کە رێگە بە جێبەجێکردنى ئەو بەند و بڕگە دەستوورییانە نادەن کە ماف بە پارێزگاکان دەدات لە چوارچێوەى هەرێمێکدا خۆیان رێک بخەن، ئەوەى بە مەترسى بۆ سەر یەکپارچەیى و سەقامگیریى عێراق لەقەڵەم دابوو. 
 
هەروەها وەک جۆرێک لە ئاماژەدان بە رەوایەتى لە پابەندنەبوون بە دەستوورەوە گوتوویەتى، ئێستا زۆرینەى ئەوانەى لە هەلومەرجى داڕشتنى دەستوور بەشدار بوون پاشگەزبوونەتەوە لەو بنەمایانە و بۆیە بیرۆکەى دروستکردنى هەرێم لە عێراق رەتکراوەیە. ئەمە لە کاتێکدایە لە مادەکانى 117 و 118 و 119ـى دەستوورى هەمیشەیى عێراق، هەروەها لە یاساى هەرێمەکان کە لە ساڵى 2008 لە پەرلەمانى عێراق دەرچووە، رێوشوێنەکانى دروستکردنى هەرێمى پەسند کردووە. 
 
بە درێژایى نزیک بە دوو دەیەى رابردوو هەریەک لە پارێزگا سوننییەکان بە جیا جیا و هەموویشیان پێکەوە پرسى دروستکردنى هەرێمى سوننەیان وروژاندووە و رێکارە یاسایى و دەستوورییەکانیان بۆ گرتووەتەبەر، بەڵام بەغدا رەتیکردوووەتەوە. تەنانەت پارێزگاى بەسرەش چەند جارێک داواکارى بە هەرێمکردنى پارێزگاکەى پێشکێشکردووە و پەسندنەکراوە. لە رووى کردارییەوە پەسندنەکردنى داوا یاسایى و دەستوورییەکانى هەر یەک لەو پارێزگایانە بۆ بە بەهەرێمکردنى پارێزگاکانیان، دەرخەرى ئەو راستییەیە کە دەسەڵاتدارێتى شیعە بڕواى بە ناوەندێتییەکى بەهێزى دەسەڵاتە و دژى ئەو بنەما دەستورییانەیە کە دەسەڵات بۆ هەرێم و پارێزگاکان شۆڕ دەکاتەوە، بەڵام هەر جارەو بە پاساو و هۆکارێکى ناروون و نا لۆژیکى داواکارى پارێزگاکانى فەرامۆش کردووە و ئەو حەقیقەتەیان نەخستووەتەڕوو کە شیعە دژى ئەو بنەما دەستوورییانەن، بەڵام فایەق زێدان ئەو خزمەتەى بە هەموو لایەک کرد و بۆ خەڵکى عێراق و دونیاى روونکردەوە کە دەوڵەتى عێراق لەسەر بنەماى دەستوور و یاسا بەڕێوەنابرێت و خواست و بەرژەوەندیی فیکرى زاڵ کە گرووپێکى تائیفى شیعەن، دەوڵەت بە ویست و بەرژەوەندیی ئەوان بەڕێوەدەچێت. 
 
گەرچى یەکەمجارە لە زارى بەرپرسێکى باڵاى تایبەتمەند بە دەستوور و یاساوە ئەوە رابگەیێندرێت کە پابەند نین بە دەستوورەوە، بەڵام بۆ کەسانێک کە هۆشیاریی سیاسییان هەبووبێت لەمێژە ئەوە دەزانن کە لە عێراق دەستوور تەنیا وەک رووپۆشێکى چەواشەکارانە بۆ بە ئامانجگەیاندنى پڕۆژەى تەشەیوع بەکاردەبرێت، بەڵام راى گشتى خەڵک ئەمەى نەدەزانى. بەتایبەت لە هەرێمى کوردستان بەهۆى کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان و هەروەها بەهۆى نوخبەیەک لە رۆشنبیر و کارەکتەرى سیاسى و هەندێک لەوانەى بە نوێنەرایەتیی کوردستان چووبوونە بەغدا و لەوێ ببوونە ئامرازى دەستى شیعە دژ بە میللـەتەکەی خۆیان، ئەو حەقیقەتە لە گەلى کوردستان شاردرابووەوە کە عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستوور دەکات. 
 
ئەو دەستەبژێرە لەنێو میدیا و لە پەرلەمان و لەنێو پرۆسەی سیاسى، عێراقیان وەک نموونەى باڵا لە پابەندبوون بە دەستوور و دەوڵەتى موئەسەساتى وێنا دەکرد. هەرچى ئەو دژایەتى و دووژمنایەتییانەى بەغدا بەرانبەر بە کوردستان و ناوچە سوننییەکان بەڕێوەى دەبرد، بە رێکارى دەستووری و هەق و شەرعیان دەزانى و بەگژ هەر دەنگێکیشدا دەچوونەوە ئەگەر گومانى لە رەوایەتیی ئەو رەفتارە دووژمنکارییانەى بەغدا بخستایەتەڕوو، بەڵام کورد واتەنى فایەق زێدان (داى لەبنى کولەکەکە) و ئەو حەقیقەتەى ئاشکراکرد هەر بەند و بڕگەیەک لە دەستوور، ئەگەر لە بەرژەوەندیی شیعە نەبێت، کارى پێناکرێت.
 
نەک هەر ئەو بەند و بڕگانەى دەستوور فەرامۆش کراون کە جۆرێک لە هاوسەنگى و هاوبەشى بۆ پێکهاتەکانى وەک کورد و سوننە فەراهەم دەکات لە بەڕێوەبردنى دەسەڵات لە عێراق، بەڵکو زۆر بەند و بڕگەى دیکەش هەن ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە کە لانى کەم وەک هاووڵاتییەک مافى مەدەنى و ئازادیی تاکەکان دەستەبەر دەکات. تەنیا لەو کاتانەدا دەستوور دەکەن بە بنەما و ئامرازى دەستى دەسەڵاتداران کە بەهۆیەوە بتوانن کورد و سوننەى پێ لەقاڵب بدەن. 
 
چەند ساڵێک لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانى کە ئەوکات سەرۆکى حکومەت بوو، لە یەکێک لە دیدارەکانیدا رەخنەى ئەوەى لە دەسەڵاتدارانى عێراق گرت کە وەک (مینۆى چێشتخانە) لە دەستوور دەڕوانن، بەناویدا دەگەڕێن تەنیا ئەو بەند و بڕگانە هەڵدەبژێرن کە خواستى دڵى خۆیانى لەسەرە و هەموو ئەوانى دیکە بەلاوە دەنێن. ئەم قسانەى فایەق زێدان حەقیقەتى بەغداى بۆ هەموو لایەک دەرخست کە بەڕاستى وەک مینۆى چێشتخانە لە دەستوور دەڕوانن. هەروەها ئەوەى سەلماند کە دەسەڵاتى بەغدا چەند بە دووڕووانە بەڕێوەدەبرێت. 
 
بۆ لاوازکردنى پێگەى کورد لە عێراق و لەڕولاوازکردنى هەرێمى کوردستان، هەر رۆژەى بیانوویەکى تازە بە هەرێم دەگرن بە پاساوى جێبەجێکردنى دەستوورەوە، تەنانەت ئەوکاتەى سوپاى عێراقیش هێرشى هێنایە سەر خورماتوو، کەرکووک و پرۆسەى جینۆسایدیان لە خورماتوو خوڵقاند، ناویان لێنابوو سەپاندنى یاسا و جێبەجێکردنى دەستوور. بەڵام کاتێک کورد و سوننە بۆ پارێزگارى لە بوون و مانەوەى خۆیان دەست بۆ بەند و بڕگەیەکى دەستوور بەرن، ئەگەر ئەو بەندەى دەستوور رێگە لە هەژموون و باڵادەستى شیعە بگرێت، وەک لێدوانەکەى فایەق زێدان ئاوا راشکاوانە دەڵێن باوەڕمان بەو بنەمایانەى دەستوور نییە.
 
لێرەدا ئەوەى گرنگە ئەوەیە هاووڵاتیانى کوردستان هۆشیاریی ئەوەیان بۆ دروستبێت ئەوەى بەغدا دەیکات بریتی نییە لە جێبەجێکردنى دەستوور و پابەندکردنى کوردستان بە دەستوورەوە، بەڵکو بریتیە لە ستراتیجى دەوڵەتى نەتەوەى داگیرکەر بۆ سەر ئەو بەشە کەمە خاکەى کوردستان کە جۆرێک لە ئازادى بۆ دەستەبەر بووە. هەوڵدانە بۆ خۆشکردنى زەمینەى سەرلەنوێ داگیرکردنەوەى، ئیدی لەژێر هەر ناوێکدا بێت، ئامانجە راسەتەقینەکە ئەوەیە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. گه‌نجۆ خه‌سره‌و، دكتۆرا له‌ جیۆپۆڵەتیك و مامۆستا له‌ زانكۆی كۆیه‌

سه‌رژمێری، دواچه‌قۆی‌ مه‌رگ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانییه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له‌‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون‌ و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه‌،‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له‌ دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگرن.