لێگه‌ڕێن با جیاببنه‌وه‌

18-06-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی مێژووی كۆن و نوێی كورده‌وه‌ نووسیویانه‌، له‌ دوو شتدا هاوڕان، یه‌كه‌میان له‌ باسی رووخانی میرنشین و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد له‌ سه‌ده‌كانی رابردوو، دووه‌میش له‌ باسی هۆكاره‌كانی دروستنه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ سه‌رده‌می دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، له‌ هه‌ردوو بارەکەشدا مێژوونووسان به‌شی زۆری هۆكاره‌كه‌ی بۆ ناته‌بایی و ناكۆكیی نێوان كورد خۆی ده‌گێڕنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ وه‌ك راستییه‌كی مێژوویی به‌ باڵای كورددا بڕاوه‌، به‌ڵام بۆ زۆر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ش هه‌ر راسته‌. هیچ شتێك لە کۆمەڵگەیەکی تەبا له‌پێشتر نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لێك به‌ ئامانجه‌كانی بگات.
 
له‌ مێژووی نوێی كوردیشدا، له‌و به‌شه‌ی كوردستان کە به‌ عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه‌ لكێندراوە، ئه‌م راستییه‌ چه‌ندجارێك خۆی دووباره‌ كردووەته‌وه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ستراتیجی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی عه‌ره‌ب نه‌گۆڕه‌ كه‌ ئامانجی توانه‌وه‌ی كورده‌ له‌ بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و گۆڕینی ناسنامه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ كوێدا كورد په‌رته‌وازه‌ بووبێت، هه‌نگاوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ له‌ پاكتاوكردنی بنەچەی كورد خێراتر بوون، له ‌كوێشدا كورد یه‌كگرتوو بووبێت و پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگاری سیاسه‌تی توانه‌وه‌ی بووبێته‌وه‌، پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی خاو بووەته‌وه‌. 
 
ته‌نانه‌ت ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی خۆیان به‌شێكن له‌ ناكۆكیی نێو ماڵی كورد، دان به‌م راستییه‌دا ده‌نێن. به‌تایبه‌ت له‌ناو هه‌ردوو حیزبی سه‌ره‌كیی باشووری كوردستان (پارتی و یه‌كێتی)، زۆرجار سه‌ركرده‌كانی خۆیان له‌ باسی كێشه‌كانی نێو ماڵی كوردی و به‌دیاریكراوی ناكۆكی و ناته‌بایی نێوان یه‌كێتی و پارتی، ده‌ڵێن ئه‌زموون ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ هه‌ركات ئه‌م دوو حیزبه‌ پێكه‌وه‌ هاوهه‌ڵوێست بووبن و به ‌یه‌كگرتوویی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كان كردبێت، ده‌ستكه‌وتیان بۆ كورد به‌ده‌ستهێناوه ‌و كه‌ ناكۆك و ناته‌باش بووبن، ده‌ستكه‌وته‌كانیان یا له‌ده‌ستداوه‌، یاخود كه‌وتووەته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
 
له‌ دێر زه‌مانیشه‌وه‌ گوتراوه‌ (برا له‌پشت برابێت، مه‌گه‌ر قه‌زا لای خوا بێت). ئه‌گه‌ر ته‌بایی و پێكه‌وه‌بوون بۆ پته‌وی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك جارێك پێویست بێت، بۆ بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی كورد دووجار پێویسته‌، به‌ڵام پێده‌چێت قه‌ده‌ری كورد وابێت كه‌ نه‌توانێت پێكه‌وه‌بێت. دوور نییه‌ ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌ستی دووژمنانی كوردبووبێت وه‌ك ئامرازێك بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كه‌یان. هه‌ندێ‌ رووداوی نێو مێژووی كورد ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێنن كه‌ دووژمنانی كورد به‌ پلان ده‌ست و رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی درز و كه‌لێن و دواجار له‌ دووژمنایه‌تیی نێوان كورده‌كاندا. 
 
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ ئه‌مریكا كتێبێك به‌ناوی شای ئێران، "كوردی عێراق و شیعه‌ی لوبنان" چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌. كتێبه‌كه‌ له‌به‌ر رۆشنایی به‌ڵگه‌نامه‌كانی (ساواكی سه‌رده‌می شا و مۆسادی ئیسرائیل) نووسراوه‌، خۆشبه‌ختانه‌ شه‌فیقی حاجی خدر كردوویه‌تی به‌ كوردی و خوێنه‌ری كورد ده‌توانن بیخوێننه‌وه ‌و كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن. ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ یه‌كه‌مین لێكترازانی نێوان شۆڕشی كورد له‌ ساڵی 1964 كه‌ تا ئێستاش كورد باجه‌كه‌ی ده‌دات و پێناچێت نه‌وه‌كانی داهاتووش بێبه‌ش بن له‌ قوربانیدانی ئه‌و لێكترازانه‌، له‌سه‌ر رێنوێنی و به‌ ده‌ستی شای ئێران بووه‌. 
 
هه‌رچه‌نده‌ ئازاری ویژدان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ینه‌تییانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتن، له‌ هه‌ندێ‌ وێستگه‌ی رابردوودا ناوه‌ندی بڕیاری حیزبه‌كان به‌سه‌ر هه‌موو ئاراسته‌كانی دیكه‌دا زاڵ بوون و خۆیان واته‌نی به‌ پێكه‌وه‌بوون و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی تێپه‌ڕاندنی قۆناخ، له‌ باشوور ده‌ستكه‌وتی زۆر بۆ كورد به‌ده‌ستهاتووه‌. وه‌لێ‌ هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ناكۆكی و لێكترازان رووی نه‌دایا، یا هه‌ر یه‌ك حیزب و یه‌ك ئاراسته‌ی سیاسی هه‌بووایا، ره‌وشی كورد باشتر ده‌بوو، بەڵام ئێستا هاوكێشه‌كان جۆرێكی دیكه‌یه‌. هاوكێشه‌ی هه‌رێمایه‌تی و سه‌نگه‌ربه‌ندیی نه‌یارانی كورد گۆڕاون، گه‌له‌كۆمه‌كی لەنێوان ده‌وڵه‌ته‌كان هه‌یه‌ بۆ له‌باربردنی به‌ده‌ستهاتووه‌كانی كورد، به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی به‌جۆرێك له‌بار ببرێت ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ یاخود دروستبوونی متمانه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ زه‌حمه‌ت بێت. له‌ ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی ناكۆكی و ململانێ‌ ناوخۆییه‌كانیشدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك نه‌وه‌یه‌كی نوێ‌ هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ رك و كینه‌یان له‌ یه‌كدی زۆر له‌ جیله‌كانی پێشووتر زیاتره‌. ئه‌زموونی رۆژگاری تاڵ و شكست و تێكشكانی رووحی و ده‌روونییان نه‌بینیوه ‌و هێشتا نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ئازاری ویژدان و خۆ به‌ به‌رپرسیار زانین له‌ به‌رانبه‌ر مه‌ینه‌تییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌یان. بۆیه‌ بێباكن له‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ‌ و ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان ئاوبخواته‌وه ‌و بۆ ساتێك به‌ شكستی به‌رانبه‌ره‌كه‌یان ئاسوده‌بن، لایان ئاساییه‌ هه‌موو قه‌زییه‌ی كورد بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ستی وڵاتان و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیان گه‌یشتووەته‌ ئاستی به‌كاربردن و ئاراسته‌كردنی وه‌ك سه‌ربازی شه‌تره‌نج. بۆیه‌ پێكه‌وه‌بوون نه‌ك خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مه‌حاڵ، به‌ڵكو پێكه‌وه‌بوونی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ داهاتوو. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا كه‌تنی گه‌وره‌تر رووی نه‌داوه‌، باش وایه‌ لێك جیاببنه‌وه‌. 
 
راستییه‌كی تاڵیش هه‌یه‌ و ده‌بێت دانی پێدابنرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌م دوو هێزه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كار و كاردانه‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌م ململانێیه‌ش وایكردووه‌، نه‌یارانی كورد چاویان له‌وه‌بێت هاوسه‌نگی ئه‌م دووانه‌ وه‌ك پێویستییه‌ك ببینن، چونكه‌ خه‌سڵه‌تی ئه‌و ململانێیه‌ واده‌كات هه‌ریه‌كیان رێگربێت له‌وی دیكه‌یان و به‌وه‌ش له‌ ره‌خساندنی هه‌ر هه‌ل و ده‌رفه‌تێكدا هه‌میشه‌ هێزێكی ئاماده‌ هه‌بێت دۆخی كوردستان به‌چه‌قبه‌ستوویی بهێڵێته‌وه‌. بۆیه‌ پێكه‌وه‌بوونێكی له‌م جۆره‌ له‌ زیان زیاتر قازانجی نییه‌. 
 
چونكه‌ له‌لایه‌ك ئه‌م پێكه‌وه‌بوونی له‌ بۆسه‌یه‌ بۆ یه‌كدی، پێگەی كوردی لاوازكردووه‌ و به‌رده‌وام خه‌ریكی ده‌ستشكاندنی یه‌كدین. وه‌ك دیمه‌نی شه‌ڕه‌ قۆچی ئه‌و دوو كه‌ڵه‌ ئاسكه‌ وایه‌ كه‌ له‌به‌ر شه‌ڕی خۆیان ئاگایان له‌ هه‌ڵمه‌تی پڵنگه‌كه‌ نییه‌ تا ئه‌وكاته‌ی قه‌پ به‌ گه‌ردنیاندا ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری بێهیوابوونی دۆست و پشتیوانانی كورد. ئێستا به‌پێی هه‌ندێ‌ زانیاریی رانەگەیێندراو، ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان كه‌ تاكه‌ پشتیوانی هێزی چه‌كداری كوردن، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستبه‌رداربوون له‌ كورد ده‌كه‌ن به‌هۆی یه‌كنه‌خستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌. هه‌مووشمان ده‌یبینین تاوەکو گوشار و هه‌وڵه‌كان بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ چڕتر بكرێته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتی قووڵ و سێبه‌ری وڵاتان له‌مپه‌ره‌كان زیاتر ده‌كه‌ن. ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی روونه‌، جێهێشتنی كورده‌ وه‌ك نێچیرێك له‌به‌رده‌م قه‌پاڵی گورگه‌كاندا. 
 
ئێستا هه‌ردوولایان وه‌ك دووژمنی پله‌ یه‌ك له‌یه‌كدی ده‌ڕوانن، ناكرێت له‌ناو خێزانێكدا دوو برا گه‌یشتبنه‌ ئاستی وه‌ك دووژمن له‌ یه‌كدی روانین و هه‌ر داوایان لێبكرێت له‌ژێر چه‌تری ماڵێكدا بژین، ره‌نگه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌یان مه‌ترسی به‌ریه‌ككه‌وتن كه‌متر بێته‌وه‌. ده‌ركه‌وت ناتوانن پێكه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی كوردستان هه‌ڵبگرن، به‌ڵام ره‌نگه‌ بتوانن هه‌ریه‌كه ‌و به‌رپرسیارێتیی سنووری خۆی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت. به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا هه‌ندێ‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كراون و یاسای بودجه‌ی سێ‌ ساڵی داهاتوو ده‌رچووه‌. ئه‌گه‌ر به‌ند و بڕگه‌كانی نه‌كرێن به‌ داو بۆ راوكردنی كورد، ده‌توانرێت بۆ تێپه‌ڕینی كات و چاوه‌ڕوانی ئه‌گه‌ر و پێشهاتی دیكه‌، به‌و جۆره‌ هه‌ر لایه‌كیان زۆنی خۆی به‌ڕێوه‌ببات؛ چونكه‌ له‌ واقیعدا جگه‌ لە سەرئێشە دروستكردن بۆ یه‌كدی، هیچ شتێكیان پێكه‌وه‌نه‌ماوه‌. ده‌زگای ئه‌منی و هه‌واڵگریی و هێزی چه‌كداریان جیاوازه‌. ئیداره‌ و ته‌نانه‌ت دادگە و مه‌یتخانه‌شیان هه‌ر جیایه‌.
  
ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌یان قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه ‌و جوگرافیای كوردستان دابه‌ش ده‌كه‌ن، دڵنیابن مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر بوونی قه‌واره‌ی كوردی به‌ پێكه‌وه‌بوونیان زیاتره‌ وه‌ك له‌ جیابوونه‌وه‌یان. له‌ رووی واقعیشه‌وه‌ باشووری كوردستانیان دابه‌شكردووه‌، (كوردستانی ژێر ده‌ستی به‌غدا و كوردستانی ژێر ده‌ستی پارتی و كوردستانی ژێر ده‌ستی یه‌كێتی)، شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوی باشووری كوردستانه‌وه‌. به ‌پێكه‌وه‌مانه‌وه‌ی ئه‌م دوو هێزه‌ش له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ر و له‌ بۆسه‌ی یه‌كدیدا، ئه‌وه‌ی ماویشه‌ له‌ده‌ست ده‌چێت؛ كورد واته‌نی زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ر قازانجه‌؛ به‌ جیابوونه‌وه‌یان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ زیاتره‌ وه‌ك ئێستا بمێنێته‌وه‌.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.