شوكور هۆشیارە لە بەغدا

15-11-2016
گۆران محەممەد
نیشانەکردن هۆشیار عەبدوڵا بەغدا سلێمانی مووچە ئارام شێخ محەممەد
A+ A-

پۆپۆلیست كەسێكە ختووكەی هەستی عەوام دەدات، جا تا عەوام نەخوێندەوارتر و هیچ لەباردانەبووتر بن، بازاڕی پۆپۆلیستیش گەرمتر دەبێ، ئەوە بۆیە رێزدار شێخ ئارام محەممەد كە لەسەر شەقام دەیكا بە هات و هاوار، مامۆستایان كە گوایە چینی خوێندەواری گەلن، دەمێ هووها دەكێشن و دەمێكیش بە یەك دەنگ هاوار دەكەن، عەبادی عەبادی.

پۆپۆلیست كەسێكە نە داتای لە كنە، نە ئارگیومێنت، ئاخر داتا و ئارگیومێنت بۆ راكێشانی سەرنجی دەنگدەری وریایە. راكێشانی سەرنجی دەنگدەری وریا لە كۆمەڵگەی زیندوودا دەبێ و كارێكی سەختیشە، كاكە شێخ باش دەزانێ ئەوە بۆ كوردستان كار ناكات، ئەوە بۆیە هانا بۆ فیكە و هۆیها دەبات، ئاخر فیكە و هۆیهاكێشان لە كن پۆپۆلیست، جێگەی داتا و ئارگیومێنت دەگرێتەوە.

ئەوە ئاساییە هاووڵاتییەكی كوردستان بیت و تا رادەی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی ئەزموونە شەپڕێوەكەمان دژی دەسەڵاتدار بی، ئەوەیان سەیرە هاوزەمان شەریك و دژە دەسەڵاتیش بی، ئاخر ئەوە هاووڵاتییە دێتە سەر شەقام خۆپیشاندان دەكات، ئەمما كە شەریكە دەسەڵات خۆی هاتە سەرشەقام، ئەوە هەڵوێست نییە، ئەوە سواربوونی شەپۆلی باوە. ئەوە رێك ئەو كارەیە كە پۆپۆلیست دەیكات.

شەرت نییە ناو، ئاوێنەی ناواخن بێت، ئەوە بۆیە كە خاتوو حەنان فەتلاوی داوای سزادان و گوێڕاكێشانی دەسەڵاتی كوردی دەكات، هۆشیار عەبدوڵڵا لە تەكیەوە سەری ئەرێی بۆ دەلەقێنێ، ئەوە تەنیا لە كن گۆڕان هەیە داوای سووككردنی ئەو حكوومەتە بكەی كە وێڕای ئەوەی لێی دەركراوی، دەستبەرداری نابی، ئەی ئەوە نییە چڤات و شت هێشتا ئاوی زاریان بۆ لەتە نانی ئەو دەسەڵاتە دەڕژێ كە بە زەبری هێز لێی وەدەر نراون؟

ئەوەیان ئاساییە هاووڵاتییەكی تووڕە و مافخوراو، رەحمەت بۆ سەردەمی سەددامی گۆڕبەگۆڕ بنێرێ، ئەوەیان سەیرە نوێنەری گەل لە بەغدا، داوا لە حكومەتی شیعەی ئێران لە عێراق بكات، حیسابی تووری قوڕاوی بۆ حكومەتی كوردستان بكات، خۆ وەنەبێ حكومەتەكەی خۆشمان زەریف و ماقووڵ بێ، فەقە هانابردن بۆ نەیار، دوور لە ڕووی ئێوە لە كوردیدا پێیدەڵێن جاشایەتی.

لەبری ئەوەی بزووتنەوەیەكی بەرپرسیار لەبەرامبەر خەڵك، پێشنیازە قۆڕەكەی كاك هۆشیار، لەبارەی بازدان بەسەر حكومەتی كوردستاندا ئارام بكاتەوە، كاك ئارام دێتە سەرشەقام و هەمان پێشنیازی قۆڕی هۆشیار كردەوە، هێژا كاك ئارام، وەك بڵێی خۆشی پێهاتبێ، هەمان ئەو هۆیها كێشانەی لە بەغدا لەخۆی كرا، لە سلێمانی گەرمی كردەوە.

لەو ڕۆژەدا كە هێژایان ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان نەیانتوانی بڕیاری دەستبەرداربوون لە چوار پێنج پۆستی حكومەتێكی ئیفلیج بدەن، كاك ئارام، عەوامی نەخوێندەواری هان دەدا بیلڕووح بیلدەم بۆ عەبادی بڵێن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە