دەمەوێ گۆرانی بڵێم وەکو چۆن باڵندەکان گۆرانی دەڵێن، بێ ئەوەی خەم لەوە بخۆم، کێ گوێ دەگرێت یان ئەوانی دیکە چلۆن بیری لێدەکەنەوە.
مەولانا جەلالەدینی رۆمی
زستان بوو، بەڵام ئەو رۆژە شاری رۆما ئێوارەیەکی بەهاریی هەبوو، باڵندەکان بە ئاسمانی شارەکەدا سەمایان دەکرد و دەیانجریواند. بەبێ ئەوەی گوێبدەن بەوەی سەما و جریوەیان چۆن دەگات و مرۆڤەکان چۆنی هەڵدەسەنگێنن. زوهێریش لەم رەگەزە بوو، دەینووسی و گۆرانی دەگوت بۆ دۆزی میللەتەکەی بەبێ ئەوەی گوێ بداتە هیچ شتێک.
لە سۆنگەی ئەوەی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری دەکرد، باسی کۆچمان لەگەڵ کرد، کۆچی کوردان و هەڵکەندنیان لە نیشتمانی خۆیان. ئێوارەیەکی زستانی ساڵی 2000 بوو، رۆژانی رۆما هەندێ جار لە زستانیش دا هەوای بەهارییان هەس.
لەو ئێوارە دڵگیر و جوانەدا، لە نووسینگە ئارام و خاکییەکی پێشوازی لێکردین و سەبارەت بە دۆزی کورد و دیاسپۆرای کوردی هەڤپەیڤینمان لەگەڵ سازکرد.
د. زوهێر عەبدولمەلیک، دیپلۆمات، نووسەر و وەرگێڕی پڕ کار، بەڵام هاوکاتیش بێدەنگ. بێدەنگییەکەی وای کردبوو ئەستێرەیەک بێت نەبیندراو. مرۆڤێک بوو بە حەسرەتی ئازادیی کورد و ئاوەدانی زێد و سازکردنی نەتەوەوە کۆچی دوایی کرد. لەگەڵ زوهێری کۆمەڵناس و نووسەردا، ئەو رۆژە باسمان لە ئاوارەبوون و دابڕان لە نیشتمان دەکرد.
کوردانی فەیلی، بەتایبەتی ئەوانەی لە شاری بەغدا ژیاون، لە زۆر بواری کار و ژیان دا کەسانی سەرکەوتوویان پێشکێشی کورد و بزووتنەوەی کوردستان کردووە. ئەوان بە گیانێکی جیاوازەوە کاریان کردووە، خوێندەوار بوون و شارەزاش لە یەکێک لە بوارەکان دا. رەنگبێ بەریەککەوتن و پەیوەندی رۆژانە لەگەڵ نەتەوە و زمانەکانی دیکە، لەگەڵ کولتوور و جیهانبینی جیاوازدا، هەروەها نیشتەجێبوون لە شاری فرە زمان و فرە کولتووردا، کاریگەری گەورەی لەسەر ئەو گیانی کارکردن و خۆپەروەردەکردنەی ئەوان هەبێت. خۆپەروەردەکردن بەجۆرێک وا هەست بکەن هاوشانن لەگەڵ هەندێک رکابەری بەهێزدا و لەگەڵ بەرانبەرێکیشدان لە ململانێی بەردەوامدا.
هەر بۆیە بەرانبەریش هەمیشە بە چاوێکی دیکەوە تەماشای کردوون و بەهەند وەریگرتوون. چاوێک زۆرتر لە حیسابێکی بۆ ئەو کوردە فەیلییەکان کردووە. کوردانی فەیلی هەمیشە سەنگی تایبەتی خۆیان لە شاری بەغدا هەبووە. هەر ئەو سەنگەیش هۆکار بوو کە بەعسییەکان بەشێوەکی فاشیانە پەلاماریان بدەن.
د. زوهێر عەبدولمەلیک یەکێک بوو لەو کوردە فەیلیانەی شاری بەغدا. کەسێک لەو شارە لەدایک دەبێت و هەر لە بەغدایش لە ساڵی 1962 دا بەشی کۆمەڵناسی لە زانستگەی بەغدا تەواو دەکات.
د. زوهێر عەبدولمەلیک ساڵی 1962، پاش تەواوکردنی خوێندنی لە زانستگەی بەغدا، ناچار دەبێت پەیوەندی بکات بە شۆڕشی کوردستانەوە و تاوەکو ساڵی 1964 بێژەر دەبێت لە بەشی عەرەبی رادیۆی دەنگی کوردستان.
پاش ئەوەی ئاوارەی وڵاتانی ئەورووپایش دەبێت هەر لە بواری کۆمەڵناسی دا، لە وڵاتی فەرەنسا بڕوانامەی دکتۆرا وەدەست دەخات. ماوەیەک لە زانستگەکانی مەغریب و جەزایر مامۆستا دەبێت. پاشان بە یەکجاری لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەگیرسێتەوە. لە سەرەتای نەوەتەکانەوە تاوەکو کۆچی دوایی کرد، د.زوهێر عەبدولمەلیک لە بەشە شارێکی نزیک لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەژیا.
د. زوهێر عەبدولمەلیک سەرباری ئەوەی ساڵانێکی زۆر لە رێکخراوی فاو-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری دەکرد، بەڵام بێدابڕان سەرقاڵی کاری ئەدەبی و وەرگێڕان بوو. جگە لەوانەیش کەسێک بوو چالاک و کارا لە بواری وەدەستخستنی مافی گەلی کورددا.
د. زوهێر عەبدولمەلیک رۆژی 7\7\2014 لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد. بەداخەوە وەک چۆن بێدەنگانە کاری ئەدەبی و وەرگێڕانی دەکرد، هەر بەو جۆرەیش بێدەنگانە ماڵئاوایی لە کورد و لە نیشتمانەکەی کرد.
هەر کەسێک زوهێری ناسیبا دەیزانی نیشتمانەکەی خۆی چەندە خۆشدەوێت و چەندە پەرۆشی رۆژی سەرفرازیی کوردستانە. بێگومان مردنی زوهێر بە بێدەنگی، بەشێکی زۆری هۆکارەکەی ئەوە بوو؛ مرۆڤێک بوو نەتەوەیی و سەربەخۆ. دەنا مردنی کەسێکی وەکو زوهێر نەکردەیە بێدەنگ و کپ تێپەڕێت.
د. زوهێر عەبدولمەلیک بە پیشە کۆمەڵناس (سۆسیۆلۆگ) و بە ئەڤینیش نووسەر و وەرگێڕێکی بە سەلیقە بوو. لە بواری وەرگێڕان دا گەیشتە دواپلەی باڵا کە وەرگێڕێک لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیبگات.
نزیکەی 120 وەرگێڕ بە سەرپەرشتی و لە بن چاودێری زوهێر عەبدولمەلیک لە نەتەوەیەکگرتووەکان دا کاریان دەکرد. لە بواری وەرگێڕان دا و لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا 25 ساڵ کاری کرد و پاشان خانەنشین بوو. سەرباری ئەم بەخششانەی مرۆڤێک بوو لە خۆشی و ناخۆشی گەلەکەیدا بەردەوام ئامادە بوو، بەتایبەتی لەکاتی کارەساتەکانی وەکو ئەنفال، هەڵەبجە، کۆڕەو و هتد-دا.
د. زوهێر عەبدومەلیک کەسێک بوو بێدەنگانە کاری دەکرد، وەکو خۆی دەیگوت، بەختەوەر بوو خزمەتێکی کوردستان و کورد بکات.
د.زوهێر دەنگ و سترانێک بوو بۆ بەختەوەری مرۆڤ و میللەتەکەی خوڵقا بوو. سترانێک بوو لە رەگەزی ئەوەی مەولانا ئاماژەی پێکردووە، گۆرانی بۆ مرۆڤ دەگوت، بەبێ ئەوەی لە خەمی گوێلێگرتن یان نەگرتن بێت. رۆژێک لە رۆژانی جوانی رۆما، ئێمە گوهداری ئەو دەنگەمان کرد و ئەو نەوایەمان بۆ مێژوو پاراست. ئیمڕۆ پاش 24 ساڵ بە دڵێکی خۆش و گەشەوە دەمانەوێت لەبەسەرکردنەوەی ئەو مرۆڤە میهرەبان و پڕ کارەدا، بەگەڕانەوە بۆ لای ئەو دەنگە فەیلییەمان بانگهێشتی ئەم دیدەنییەتان بکەین و بڵێین:
فەرموون لەگەڵ ئەو یادگارییە بێکەس و بێنەوایەدا، فەرموون ئێوە و د. زوهێر عەبدولمەلیک و هەروەها بەسەرکردنەوە و گونجاندنی یاد و بۆچوونی دوو لە هاوڕێیەکانی. بۆچوون و بەشداری نووسەر و پسپۆڕی مێژوو د. جەبار قادر و نووسەر و وەرگێڕ بەکر شوانی لەم یادکردنەوەیەدا.
بەختەوەرییە بە پشتیوانی رووداو دەتوانین ئەم ئەستێرە نەبیندراوانەی ئاسمانی کوردستان بخەینەوە بەر دیدە و دەستان.
بۆ بینینی فیلمەکە کلیک لێرە بکە
بەشێک لە بەرهەم و کتێبەکانی د. زوهێر عەبدولمەلیک بە زمانی عەرەبی و بە زمانی ئیتاڵی:
1. الاکراد وبلادهم کوردستان بین سؤال وجواب، چاپخانهی ئاپیك 1999.
2. آشعار القبطان لبابلو نیرودا، ترجمة زهیر عبدالملك، روما 2006. لێرهدا پێشهکییهکی جوانی بۆ شیعرهکان نووسیوه و ههندێک زانیاری له بارهی خۆیهوه نووسیوه. زوهێر دەڵێت: "من شاعیر نیم و ههوڵم نهداوه فێری هونهری شیعر بم، بهڵام ههر کاتێک ههستم به دڵتهنگیی کردبێت و وشه یارمهتی نهدابێتم گهڕاومهتهوه بۆ ئهو شیعرانهی له ڕابردوودا له بهرم کردبوون".
3. من الادب الکردي الفیلي الفولکلوري، قصص قصیرة وآشعار في الحب و الحرب، ستوکهولم 2001.
4. آسماعیل بیشکچي، کردستان مستعمرة دولیة، ترجمة زهیر عبدالملك، اپیك 1998. ئەم بەرهەمە گرنگەی بێشکچیی بە زمانێکی نایاب کردووە بە عەرەبی.
بەزمانی ئيتاڵی:
5. Zuhair Abdul- Malek, I Kurdi e il Kurdistan, Tra domande e risposte, Ediesse, Roma 2002.
د. زوهێر عەبدولمەلیک بە جلی کوردییەوە سلێمانی
چیرۆکی ئەم وێنەیەی د. زوهێر عەبدولمەلیک
ئەم وێنەیە لە ئەرشیڤی بەهەشتی عومەری حەسەن ئاغای دەوڵەت وەرگیراوە. ناوبراو لە کەسایەتییە ناسراو و خۆشەویستەکانی شاری سلێمانی بوو. شوێنی وێنەکە؛ باخی ماڵی عومەری حەسەن ئاغای دەوڵەتە. لە گەڕەکی مەڵکەنی - شاری سلێمانییە. خاتوو پەروینی شەهید مەحمود جەودەت کە هاوسەری یەکەمی د. زوهێر عەبدولمەلیک بوو، دۆتمام یان ئامۆزای عومەری حەسەن ئاغای دەوڵەتە.
شایستەی ئاماژەپێکردنە کە هونەرمەندی شەهید ئەریوانی عومەر دەوڵەت، لە شەهیدەکانی رۆژی یەکەمی راپەڕینی شاری سلێمانی 1991، کوڕی ئەم بنەماڵە سەربەرزەیە.
سوپاس و پێزانین بۆ بەڕێز پ. د. مەریوان دەوڵەت کە زانیاری سەبارەت بەم وێنەیە پێبەخشیم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ