بۆ کارى باش، هیچ کات درەنگ نییە

06-11-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
لە ساڵى 2020 ئەوکاتەى بەهۆى لێکەوتەکانى (کۆرۆناوە) جیهان بەشێوەیەکى گشتى تووشى هەلومەرجێکى ناسەقامگیریى ئابووری هاتبوو، بەتایبەتیش بەهۆى راوەستانى جووڵەى بازرگانى و دابەزینى نرخى نەوتەوە، هەرێمى کوردستان بەدۆخێکى زۆر دژواری داراییدا تێدەپەڕیى، لە بەرنامەى (گفتوگۆى رۆژنامەنووس) لە رادیۆى رووداو بەندە و هاوپیشەى ئازیزم ئاکۆ محەممەد لە یەکێک لە ئەڵقەکانى بەرنامەکەدا پێکەوە گفتوگۆمان لەبارەی کاریگەریى قەیرانى دارایى جیهان لەسەر هەرێمى کوردستان دەکرد. لە یەکێک لە پێشنیازى رێگاچارەکاندا ئەوەم خستەڕوو دەبێت حکومەتى هەرێمی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە لە رێگەى کردنەوەى هەژمارى بانکییەوە بۆ مووچەخۆران لە برى پارە، کار بە (متمانە) بکات. 
 
خۆشبەختانە ئێستا حکومەت پرۆژەیەکى راگەیاندووە بەناوى (هەژمارى من)، لەم رێگەیەوە دەیەوێ کێشەى دواکەوتنى مووچە و قەرەباڵخى بانکەکان نەهێڵێت و فەرمانبەران بە ئاسانى لە رێگەى ئامێرى وەرگرتنى پارەوە دەستیان بە سامانەکەیان بگات. لە ستراتیژى دوور مەوداشدا حکومەت دەیەوێ، بەم هۆیەوە شەفافیەتى دارایى دەستەبەر بکات و رێگە لە سپیکردنەوەى پارە بگرێت. 

 

هەرچەندە بە بەراورد بە وڵاتانى جیهان، هەرێمى کوردستان زۆر دواکەوتووە لەوەى کار بە سیستمى بانکى و مامەڵەى دیجیتاڵى بکات، بەڵام بۆ کارى باش هیچ کات درەنگ نییە. ئەوەى ئێستاش وەک سەرەتایەک دەستی داوەتێ و وەک لە میدیاکان باس دەکرێت چەند فەرمانگە و دامەزراوەیەک وەک ئەزموون کار بەو سیستمە دەکەن و سەرکەوتوو بووە، هەنگاوێکى باشە و پێویستە پەلە بکرێت لەوەى هەموو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى و دواتر کەرتى تایبەت و هەموو هاووڵاتییانیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەى لە قۆناخى دواتردا ئەم پرۆژەیە بکرێتە بناخە بۆ پەڕینەوە لە پارەوە بۆ (متمانە). 
 
ئەگەرچى رەنگە سەرەتا بەلاى هەندێ لە فەرمانبەران و هاووڵاتییانى کوردستانەوە وەک هەر شتێکى نوێ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستمە بە قورس ببینن، بەڵام دەبێت خەڵک و حکومەتیش لەوە تێبگەن کە جیهان خەریکە بەرەو ئەوە دەڕوات کۆتایى بە مامەڵەکردن بەپارەى کاش بهێنن و هەموو جۆرە کڕین و فرۆشتنێک ببێتە مامەڵەى ژمارە. چونکە شارەزا و پسپۆڕانى ئابوورى جیهان کۆکن لەسەر ئەوەى پەیوەست بوون بە پارەى کاشەوە ئابوورى وڵاتان تووشى چەقبەستن دەکات. باوەڕیان وایە بەهێزترین وڵاتى جیهان لە رووى ئابوورییەوە ناتوانرێت ئابوورییەکەى بە ئابوورییەکى سەقامگیر دابنرێت، ئەگەر تەنها پشت بە پارەى کاش ببەستێت. پێیان وایە ئەگەر لەهەر کێشە و قەیرانێکى دیکەش بە دووربن، بەردەوام لەبەردەم مەترسى داڕوخاندان لە ئەگەرى ئەوەى هاووڵاتییان بیانەوێ پارە کاشەکانیان لە بانکەکان رابکێشنەوە. 
 
ئەگەر بە دیجیتاڵیکردنى سیستمى ئابوورى و بانکى بۆ هەر وڵاتێکى جیهان پێویستییەکى گرنگ بێت، دەبێت لەوە تێبگەین بەپێى تایبەتمەندى کێشە دارایى و ئابوورییەکانى کوردستان، بایەخى ئەم پرۆژەیە بۆ هەرێمى کوردستان چەندین جار گرنگترە. بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى مووچەیەکى زۆرى مووچەخۆران و پارەیەکى زۆرى خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان وەک قەرز و پاشەکەوت لاى حکومەتە، دەتوانرێت بە قۆناخ ئەو قەرز و پارە پاشەکەوتکراوانەش ببنە سەرمایە و متمانە لە هەژمارى بانکى خاوەنەکانیان و لە هەندێ مامەڵەى دارایى کڕین و فرۆشتنى پێبکرێت. بەتایبەتى ئەو بوارانەى راستەوخۆ پەیوەندییان بە کەرتەکانى حکومەتەوە هەیە وەک پارەى ئاو و کارەبا، نەخۆشخانە، باج و رسوماتى فەرمانگەکان و تەنانەت کڕینى سوتەمەنی و لە چەندین بوارى دیکەدا بەکار ببرێن.
 
هەروەها لەبەر تایبەتمەندى کێشەی کورد لە عێراق و ئەو ستراتیژییە دەوڵەتییەى بەرانبەر بە کوردستان پەیڕەو دەکرێت، ئەگەرى زۆرە کێشەى مووچە و بودجە بە زووى چارەسەر نەکرێن، یاخود زوو زوو سەرهەڵبداتەوە. بۆیە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە گرنگە هەرێمى کوردستان ئەم پرۆژەیەى (هەژمارى من)ـە بکاتە بناخە بۆ درووخستنەوەى هەر مەترسییەک کە لە داهاتوودا بەهۆى کێشە و ناکۆکى سیاسى نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداوە دروست دەبن. مەرجى سەرەکى بۆ ئەمەش پابەندبوونى هاووڵاتییانە بە سیستمەکەوە، ئەگەر هەموو خەڵک پابەندبن بەوەى لە رێگەى ژمارە بانکییەوە و بەکارت نەک بە پارە مامەڵە بکەن، ئەوکات لە ئەگەرى هەر گرفتێکى بڕینى بودجە و مووچەشدا حکومەت دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر پابەندێتى پێدانى ژمارەى متمانەپێکراو بە مووچەخۆران و ئەوانیش لە بازاڕ بەو ژمارە بانکییانە کارەکانیان رایى بکەن. لە دۆخێکى لەو جۆرەشدا حکومەت دەرەقەتى ئەو بڕە لە پێویستى سەرمایە دێت کە بۆ بەهاى هاوردەکردنى ئەو کاڵایانەى لەدەرەوە دەهێندرێن پێویستى پێیەتى. 
 
گرنگە ئەم دەستپێشخەرییە دووربخرێتەوە لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانى نێوخۆى کوردستان و لە ململانێى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. چونکە لە حەقیقەتدا پەیوەندى بە ژیان و گوزەرانى هەموو هاووڵاتییانى کوردستانەوە هەیە و بۆ داهاتووش دەکرێت ببێتە سەرچاوەى هێز بۆ کوردستان لە رووى ئابووری و دادپەروەرییەوە. دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بە دیدێکى نیشتمانى لەم پرسە بڕوانن. بکرێتە سەرەتایەک بۆ چەسپاندنى بنەماکانى شەفافیەتى دارایى لە کوردستان. 
 
هەموو ئەو وڵاتانەى کە سەرچاوە و رێوشوێنەکانى گەندەڵییان کۆتایى پێهێناوە، شانبەشانى دامەزراوە چاودێرییەکان، لە رێگەى بەهێزى سیستمى دارایى دیجیتاڵى و بانکییەوەیە. ئەم سەرەتایە لە سیستمى دیجیتاڵى و بانکى کوردستانیش زەمینە بۆ ئەوە دەڕەخسێنێت رێگرى لە سپیکردنەوەى پارە بکرێت، نادیارى سەرچاوەکانى داهات و لەپڕ دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەبوونى سەرمایەى سەرچاوە نادیار، هەموو ئەمانە بەقۆناخ کۆتاییان پێدێنێت کە بۆ ئەمڕۆ بوونەتە سەرچاوەى نەهامەتى گەورە لە کوردستان.
 
بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەى دژایەتى گەندەڵى و نادادى دەکەن، هاندەرى خەڵک و حکومەت بن لە خێراترکردنى ئەم پرۆسەیە و بەمیللى کردنى.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.