لە سیاسەتی هەنگاو بە هەنگاوەوە بەرەو جەنگی هەنگاو بە هەنگاو

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
د. ئازاد ئەحمەد عەلی
A+ A-
دیپلۆماسییەتی ئەمریکی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەم دا و بەسەرکردایەتیی هێنری کیسنجەر (1923-2023) وا ناسرابوو کە ریاڵیستانەیە و سیاسەتی هەنگاو بە هەنگاوە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەمریکا، هەروەها ئیسرائیلیش. ئەو سیاسەتە لە بوارەکانی سەربازی و نیشتەجێکردنی جووەکان هەروەها لەڕووی زانستی و ئابووریشەوە دەستکەوتی گەورەی بۆ ئیسرائیل بەدواوە بوو. 
 
ئەم میتۆدەی کیسنجەر کە لە سەروبەندی دانوستاندنەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڤێتنام و کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکادا لەو وڵاتە شێوەی گرت و فۆرمولە بوو، زەوینەی بۆ باڵادەستبوونی رۆژئاوا بەسەر بلۆکی سۆشیالیستی دا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو رەخساند. هەر ئەم دیپلۆماسیەتەی ئەمریکا کە کیسنجەر سەرکردایەتی دەکرد، پاش جەنگی ئۆکتۆبەری 1973 و لە دانوستاندنەکانی ئاگربەستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا لەنێوان میسر و سووریا لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە، هەنگاوێکی گرنگ چووە پێشەوە، بەڵام وێڕای سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی و شارەزایی رۆژهەڵاتناسیانەی پەیوەندیداری بە مێژووی ناوچەکە و سرووشتی کۆمەڵگەکانی، لە بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لەنێوان ئیسرائیل و دراوسێیەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو، هەرچەند زەوینەی بنچینەکانی ساز و ئامادەکرد و لەشێوەی ئاشتەواییەکی دوولایەنەی میسری ئیسرائیلی دا گەیشتە ئەنجامێک. هەر لەو چوارچێوەیەدا و وێڕای واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ لەنێوان رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین و ئیسرائیل لە ساڵانی دواتردا، بەڵام ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک کاری نەکردە مایەوە و بووە زنجیرەیەکی نەپساوە لە پەرەسەندنی ئەو ململانێیەی لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە ئەم زنجیرە جەنگە لە واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتیی پاریسەوە لە ساڵی 1920 کە بە پەیماننامەی سیڤەر ناسراوە و تێیدا بە کردەوە کۆتایی بە جەنگی جیهانیی یەکەم هێنا و مافی بڕیاردانی چارەنووسی دایە گەلانی ناوچەکە، هەر درێژەی هەیە و نەوەستاوە و وەکو دەیڤد فرۆمکین لە کتێبی (ئاشتییەک بۆ کۆتاییهێنان بە هەر ئاشتییەک)دا دەڵێت، بووە بە ئاشتییەکی مەحاڵ.
 
لەم ساڵانەی دواییدا و پاش ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن لە ساڵی 2021 دا پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای وەرگرت، هەندێ لە لێکۆڵینڤانان بیریان لە لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لەنێوان ئەم و هێنری کیسنجەر کردەوە بۆ ئەوەی لەڕێیەوە پێشبینی سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەن، ئاخر هەردووکیان بە رەچەڵەک جوون، بنەماڵەی هەردووکیان لە قوربانیانی دەستی نازیزمن، هیچ کاتێکیش هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل نەشاردووەتەوە. تەنانەت هەبوون گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد کە بلینکن بگاتە ئاستی کارایی کیسنجەر، هەرچەند هەمان پاشخانی رۆژهەڵاتناسی و ئەو رۆشنبیرییە ئینسیکلۆپیدیاییەی نییە کە زەخیرەی مەعریفیی کیسنجەر بوو، تەنانەت رەنگە هیچ فەلسەفەیەکی سیاسی و فکرێکی تایبەت بەخۆیشی نەبێت کە بتوانێ لە دەرەوەی چوارچێوەی بڕیار و سیاسەتڤانەکانی حیزبی دیموکراتی دەسەڵاتداردا بیربکاتەوە و کاربکات. هەرچۆن بێت، بلینکن هات و بەهەموو توانای خۆیەوە چووە نێو دانوستاندنەکانی ئێستای پاش 7ـی ئۆکتۆبەری نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڵام بەبێ ئەوەی لایەنگریی خۆی بۆ ئیسرائیل بشارێتەوە. هەر رۆژی یەکەم لەپاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گوتی کە هاتووە بۆ ئیسرائیل هاوسۆزیی خۆی دەربڕێت وەکو جوویەک لە پلەی یەکەم دا، پاشان وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پلەی دووەم دا. بەڵام لە هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ململانێی نێوان حەماس و میحوەری بەرگریی ئێرانی لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە، نە هیچ سەرکەوتنێکی تۆمارکرد و نە توانیشی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس ئازاد بکات. وەڵامی تووندوتیژانەی ئیسرائیلیش بۆ غەززە لە هەشتی ئۆکتۆبەری 2023ـوە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لەو کەرتە خولقاندووە. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینی زیاتر لە 95٪ـی دانیشتووانی غەززە ئاوارەن. ژمارەی قوربانیان لە دەستپێکی ئەم جەنگەوە گەیشتووەتە 41.788 کەس و بریندارانیش گەیشتووەتە 96.794 کەس.
 
پێش ئەوەی ساڵی یەکەمی ئەم جەنگە لەگەڵ حەماس کۆتایی بێت، ئیسرائیل لە بەرەی لوبنانیشەوە کۆمەڵێک سوپرایزی بۆ جیهان هەبوو، هەر لە کوشتنی سەرکردە دیارەکانی حیزبوڵڵاوە تاوەکو گەیشتە حەسەن نەسروڵڵا لە 27ی ئەیلوولی 2024 و پێش ئەوانیش، تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی تایبەت بە حیزب (پەیجەرەکان) کە هەموو هێزی ئەو حیزبەی لەبەریەک هەڵوەشاند. بەمجۆرە ئیسرائیل زۆر بە خێرایی بڕبڕەی پشتی هێز و یەکانگیریی حیزبوڵڵای شکاند. بەشێکی گرنگ لە هێزی چەکداریی ئەو حیزبەی لەنێوبرد و لە سایەی نەبوونی سەرکردایەتیدا سەرگەردان مانەوە. دانیشتووانی باشووری لوبنان و بەتایبەتیش گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت زارەترەک بوون و تائێستا نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان ئاوارە بوون و ژمارەی قوربانیانیش لەلایەنی لوبنانییەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە دوو هەزار کەسی تێپەڕاند.
 
لەکاتێکدا میدیاکان و شرۆڤەکاران رۆشناییان دەخستە سەر چەمکی (جەنگی سەرتاسەری) لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مەترسییەکانی، بەکردەوە جەنگێکی رێکخراو و ئاراستەکراو بەگوێرەی پلان و بەرنامە لە پەرەسەندندایە و مانگ لەدوای مانگ سەروبیچمە ستراتیژییەکانی و هەنگاوە یەک لەدوای یەکەکانی رۆشنتر دەبنەوە. لە سەرەتاوە هەموو قسە و باسەکان لەسەر سزادانی حەماس بوون، پاشان گۆڕا بۆ وێرانکردنی تواناکانی و کاولکردنی ژێرخانی شار و شارۆچکەکانی غەززە، دواتر گەیشتە لێکترازاندن و وێرانکردنی کۆمەڵگەی غەززە لە بنچینەوە. هەموو ئەمانەش پێ بە پێ لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بە هاوکاریی دەوڵەتانی میانڕۆی عەرەبی بۆ دەورەدانی ئەو جەنگە و هێشتنەوەی لە چوارچێوەی دیوارەکانی غەززە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا نزیکەی 20 جار سەردانی ناوچەکەی کردووە، ئەمە بێجگە لە سەدان پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە ناوچەکە و جیهان. ئەمە شتێکە لە مێژووی دیپلۆماسی ئەمریکیدا بێوێنەیە و پێشتر نەبینراوە.
 
زنجیرەی یەک لەدوای یەکی ئەم رووداوانە و پەرەسەندنی ئەم جەنگە بە بڕیاری ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، پلانی زنجیرە جەنگێکی درێژخایەنمان بۆ ئاشکرا دەکەن کە لە ساڵی دووەمی دا فۆکەسی لەسەر دەورەدانی حیزبوڵڵا و تەفروتوناکردنی توانا سەربازییەکانی لە باشووری لوبنان و لە بیقاع دەبێت. لەنێوبردنی سەرکردەکانی حیزبوڵڵا سوپرایزێکی سیاسی و سەربازی بوو کە رۆشناییەک دەخاتە سەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پلانی ئەم جەنگە. وەکو دیارە ئەو بۆشاییە مەیدانییەی لێیدەکەوێتەوە، ئەگەری تێوەگلانی راستەوخۆی ئێران لە جەنگەکە زیاتر دەکات، ئینجا کاتی دەستکاریکردنی پلانە داڕێژراوەکەش دێت.

 

تێگەیشتن لەم جەنگە خوێناوییەی بەدرێژایی مانگەکانی رابردوو بەردەوام بووە و ئەو زیانە گیانی و داراییەی لەم جەنگە کەوتووەتەوە تەنیا بەوە دەبێت کە وەکو پلانێکی سەربازی و سیاسی و فکری لێی بڕوانین. پلانێک کە بە میتۆد و بە هەنگاوی زانستی و تەکنۆلۆجی جێبەجێ دەکرێ و بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گەورەترە. وادیارە ئەم پلانە بە تەنیا پەیوەست نییە بە نەتەنیاهۆ و بە وەزیری جەنگەکەی، تەنانەت بە سینوار و بە حیزبوڵڵا و بە ئیدارەی ئەمریکاش، بەڵکو لێکەوتە و بەرهەمی کەڵەکەبوونی قەیرانی لێکدراوی ئەم چەرخەیە کە لە دوو ناوچەدا تەقییەوە، یەکێکیان لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئەوەی دووەمیان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست. دەکرێ ئەم جەنگە لە گۆشەنیگای گۆڕانی دیپلۆماسی ئەمریکیشەوە بخوێنینەوە کە لەماوەی ئەم نیو سەدەیەی رابردوودا لە سیاسەتی هەنگاو بە هەنگاو سازاندن و وەبەرهێنانەوە لە جەنگی سارد، گواستوویەتییەوە بۆ هەنگاو بە هەنگاو جەنگی درێژخایەن و ماندووکەر لەگەڵ نەیارە نوێیەکانی. 
 
دەکرێ رووداوەکانی ئەم جەنگە رێکخراوە و لێکەوتەکانی وا سەیر بکەین کە هەر هەمان جەنگی سێیەمی جیهانییە بەکۆمەڵێک یاساوە. جەنگێک کە بە چەند قۆناخێک و لەسەر چەند هێڵێکی تەریب بەڕێوەدەچێ نەوەک جەنگێکی سەرتاسەری. بەتایبەتیش ئەگەر رووداوەکان ئەوەیان سەلماند کە ئیسرائیل بڕیاری دابێت نەیارەکانی خۆی بە یەکجاری لەنێوببات، چونکە ئەوە کات و هەوڵێکی لەڕادەبەدەری پێویستە کە تێیدا پشت بە تەکنۆلۆژیای سەربازی و نوێترین جۆرەکانی چەک دەبەسترێ بۆئەوەی ئیسرائیل سەنگ و پێگەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، چونکە پاش هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بەجۆرێک دەرکەوت وەک ئەوەی دەوڵەتێکی هەتیو بێت و هەژموون و باڵادەستیی خۆی لەسەر ناوچەکە لەدەست دابێت. کەواتە بەم جەنگە بە میتۆدە دەبێ سەرلەنوێ بیسەلمێنێتەوە کە هێشتا هێزە سەربازی و هەواڵگری و تەکنۆلۆژییە بێهاوتاکەی ئەم ناوچەیەیە.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

قۆناخی دوای نەسروڵڵا و هاوسەنگیی هێز لەنێوان ئیسرائیل و بەرەی موقاوەمە

نەسروڵڵا یەکێک لە پارێزراوترین سەرکردەکانی بەرەی موقاوەمە بوو، تەنانەت لەوانەیە هەر بەو هۆکارەش بووبێ لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی پزشکیان دا لە تاران بەشداریی نەکرد، بەمدواییانەش دیدارێکی لەگەڵ وەزیری دەرەوی ئێران هەڵوەشاندبووەوە کە، لەوانەیە ئەویش هەر بە هۆکاری ئەمنی بووبێت.