یەکەم دەنگ - سەروەر خەلیل

یەکەم دەنگ - سەروەر خەلیل

یەکەم دەنگ ئەمجارە لە سلێمانییەوە گفتوگۆ لەگەڵ گەنجێک دەکات بە ناوی سەروەر خەلیل کە  یەکەمجارە مافی دەنگدانی  هەیە، بەڵام بڕیاریداوە بایکۆت بکات.

سەروەر ئەزموونی رابردوو کاریگەری لەسەری هەبووە و دەڵێت، "ئەوانەی پێش ئێمە ئەزموونی هەڵبژاردنیان کردووە، نەگەیشتوونەتە شتێک کە جیاوازی دروست بکات، ماڵەوەشمان تا 2018 دەنگیان داوە، بەڵام ئێستا کەسیان ئامادەنین دەنگ 
بدەن."

سەروەر پێیوایە لە 30 ساڵی رابردوو ئەو حکومڕانییە کە پێویست بوو بکرێت نەکراوە و دەڵێت، "لە 1991ـەوە تاوەکو ئێستا بەگوێرەی ئامارەکان نەتوانراوە هیچ شتێک لە ئەنجامەکان بگۆڕیت، دەوڵەتێکی سەربەخۆمان هەیە لە بەرێوەبردن 
لە ئابووری و لە داهات، بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕاوە، ئەو حکومڕانییەی کە دەبوو بکرێت نەکراوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "گۆڕانکاری بە ئێمە ناکرێت، گۆڕانکاری کاتێک دەکرێت دەموچاوەکان تازەبن، بەڵام حیزبەکان هەر یەکێکن و پڕۆگرامەکان هەر یەکێکن، لیستە نوێیەکانیش درێژکراوەی لیستەکانی پێشوون، رەنگە کەسانی تازەش هەبن، 
بەڵام  ئەوانیش پڕۆگرامکراوی هەمان لیستەکانی پێشوون."

سەروەر خەلیل دەڵێت، "هەموو شتێکی ژیانمان بووە بە حیزبایەتی، تەنانەت ئەگەر بچیتە بەڕێوەبەرایەتییەکیش ئەگەر حیزبیی بێت زۆر ئاسانتر کارەکانت پێدەکرێت، بەڵام ئەگەر کاری حیزبایەتی نەکەی بە چاوێکی ئیهمالکراو سەیرت 
دەکەن. بە چەند کاژێرێک نایەن بە لاتدا کارەکانت بۆ راییناکەن."

ئەو گەنجە بڕیاریداوە دەنگ نەدات و دەڵێت، "متمانەم بە کەسیان نییە تاوەکو دەنگیان پێدەم، سیستەمەکەم بە دڵ نییە و رەتیدەکەمەوە."

سەروەر پێیوایە، "کاندیدی نموونەیی ئەوەیە کە بێ بەرژوەندی تایبەتی خۆی هەوڵ بۆ بەرژوەندی میلەتەکەی بدات بەبێ ئەوەی چاوببڕێتە سەروەت و سامان، هەوڵ بدات خزمەتی نەتەوەکەی خۆی بکات."