برنج و فاسۆلیا و قەیسی

لە بەرنامەی شیڤ و شیرینی ئەمڕۆ دا، ئەڤین دەروێش خواردنێکی کوردیی بەتام و چێژ ئامادە دەکات، کە بریتیە لە فاسۆلیا، برنج، قەیسییەکی بەتام، هەروەها گۆشتێکی برژاوی بەچێژ لەناو فڕن.

پێکهاتەکان: گۆشتی سینی، فاسۆلیا، برنج، قەیسی، هەڵوژە، بادەم، کشمیش، پیاز، رۆزماری، ئاوی لیمۆ، دۆشاوی ترێ، زەیت، خوێ، بیبەری رەش، سیری پاودەر، سیری کاڵ، هەنار بۆ رازاندنەوە، کەرەوز، شویت

ئامادەکردن
1.  ئامادەکردنی گۆشت: سەرەتا گۆشتەکە ئامادە دەکرێت. سینیەک دەهێنرێت و وەرەقێکی ئەلەمنیۆمی لەنێودا دادەخرێت. سیری پاودەر، سیری کاڵ، بیبەری رەش و خوێ بە گۆشتەکەدا دەکرێت و بەجوانی تێکەڵدەکرێن. پێش ئەوەی سۆسەکەی لێبدرێت، گۆشتەکە کون کون دەکرێت بۆ ئەوەی تامی سیر و رۆزمارییە وەربگرێت. هەڵووژە لە دەوری گۆشتەکە دادەنرێت (بەپێی خواستی کەسەکە دەتوانرێت کەم و زۆر بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێنج شەش دانە بەسە). ئاوی لیمۆ بەسەر گۆشتەکەدا دەکرێت و بەجوانی مەساجی بۆ دەکرێت. سۆسەکەی تێدەکرێت و دەخرێتە ناو فڕنەوە کە پێشتر گەرم کراوە. سەرەتا فڕنەکە لەسەر پلەی 300 دادەنرێت، دواتر دەکرێتە سەر 250 و بۆ ماوەی سێ بۆ چوار کاژێر دەهێڵدرێتەوە تاوەکو بەجوانی دەبرژێت.

2. ئامادەکردنی برنج: برنجەکە دەخرێتە ناو ئاوەوە و تۆزێک ئاوی تری تێدەکرێت، بۆ ماوەی بیست خولەک بۆ نیو کاژێر لەناو ئاوەکەدا دەهێڵدرێتەوە.

3. ئامادەکردنی فاسۆلیا: فاسۆلیاکە پێشتر زەرد کراوە و گۆشتەکەش کوڵێنراوە. فاسۆلیاکە سوور دەکرێتەوە.

4. ئامادەکردنی قەیسی: کەمێک خوێ دەکرێتە قەیسییەکە و ئاگرەکەی زیاد دەکرێت. دەتوانرێت تاوەکو فاسۆلیاکە سووردەبێتەوە، مەنجەڵی قەیسیەکەش ئامادە بکرێت. دۆشاوەکەی لەگەڵ کەمێک رۆن یان زەیتی کەم سوور دەکرێتەوە.

5. تێکەڵکردن و کوڵاندن: سەرەتا فاسۆلیاکەی تێدەکرێت، دواتر ئاوی فاسۆلیاکەش بەکاردەهێنرێت و گۆشتەکەشی تێدەکرێت. 

6. رازاندنەوە و پێشکێش کردن: گۆشتەکە دەبرژێت و زەڵاتەش ئامادە دەکرێت. دوو دەنک هەناریش بۆ رازاندنەوە دەخرێتە سەر برنجەکە بۆ ئەوەی رەنگێکی جوانی بداتێ.