عەقیل ردێنی: نێچیرڤان بارزانی "دانایی سیاسی" هەیە

13 January 2025
عەقیل ردێنی: نێچیرڤان بارزانی "دانایی سیاسی" هەیە
ئەندامێکی سەرکردایەتی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دانایی سیاسی هەیە و سەردانەکەشی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی عێراق بە سەرکەوتوو ناودەبات و پێیوایە دەرچەیەکی گرنگە بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
عەقیل ردێنی، ئەندامی سەرکردایەتیی هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگە و هەمووان لەوەدا کۆکین کە پێویستە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی بەردەوامیان هەبێت.
 
گوتیشی: کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق کێشەی کارگێڕین نەک کێشەی سیاسیی و کێشە کارگێڕییەکانیش دەتوانرێت چارەسەر بکرێن.
 
"دانایی سیاسی"
 
ردێنی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە بۆ کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە رۆژی یەکشەممە 12/1/2025 نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و رۆژی دووشەمممە 13/1/2025 لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان کۆبووەوە گوتی: سەردانەکەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا سەرکەوتوو بوو.
 
گوتیشی: رێزدار نێچیرڤان بارزانی دانایی سیاسی هەیە و لە کۆبوونەوەکانیش بە راشکاوی باسی کێشەکان کراوە و هەمووان ئامادەییان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
"یاسای نەوت و گاز پرسێکی هەنووکەیی و گرنگی ئێستای عێراقە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکان باسی گرنگی یاساکەی کردووە، ئێمەش هەمووان لەگەڵ دەرچوواندنی یاسایەکی گونجاوین بۆ نەوت و گاز لە عێراق تاوەکو رێگریی بکرێت لە بەقاچاخبردنی نەوت بەتایبەت لە پارێزگا سنوورییەکان" عەقیل ردێنی، ئەندامی سەرکردایەتیی هاوپەیمانی نەسر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ وای گوت.
 
گوتیشی: چارەسەرکردنی بەشێکی کیشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەتایبەت لە پرسی رادەستکردنەوەی داهاتەکان بە حکومەتی فیدراڵی، چونکە هەم یاسای بودجە و هەمیش بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان پابەند دەکەن بە رادەستکردنی داهاتەکانی بە حکومەتی فیدراڵی بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست داهاتەکانی رادەست نەکردووە.
 
لەبارەی چارەسەری کێشەی مووچەش کە بەشی سەرەکی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان و بەرپرسانی سیاسیی عێراق، ئەندامەکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی نەسر گوتی: هیچ کەس و لایەنێک لە عێراق پێی خۆش نییە و خوازیاری ئەوە نییە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابخرێت، بەڵام ئەم کێشانە کیشەی ئیدارین لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و پێویستە بە لێکتێگەیشتن و لەسەر بنەما یاسایی و کارگێڕییەکان لەنێوانیان چارەسەر بکرێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گرفتیان نەبێت.
 
"بەغدا .. قووڵایی ستراتیژی"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە مژارەکەی تایبەت بوو بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، د. جەواد قادر، لێکۆڵینڤان لە ئینستیتیۆتی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان باسی لە تێڕوانینی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا و گوتی: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پاشخانێکی مێژوویی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا.
 
گوتیشی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەتە چەتری کۆکردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە لەم سەردانەش بۆ بەغدا نوێنەرایەتی هەمووان دەکات و لە چەند ساڵی رابردووشدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەردەوام بەغدای بە قووڵایی ستراتیژیی چارەسەری کیشەکانی هەرێمی کوردستان زانیوە و ناوبردووە.
 
"نێچیرڤان بارزانی پێیوایە کە ئەگەر بەغدا بەهێزبێت، هەرێمی کوردستانیش بەهێز دەبێت" جەواد قادر وای گوت.
 
گوتیشی: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی بوو لەم سەردان و کۆبوونەوانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی عێراق، چونکە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری هەموو عێراق نەک تەنیا هەرێمی کوردستان.
 
هەرلەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێویستی عێراق بۆ دەرچوواندنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گاز پەیوەست بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، یادگار سدیق گەڵاڵی  سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت کە لە لەندەنەوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ-ی کرد گوتی: ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێک بوو بە ئاراستەیەکی دروست.
 
بە گوتەی گەڵاڵی عێراق خۆی ئێستا لە بۆشایی یاسایدایە بۆ مامەڵەکردن بە نەوت و گاز و گوتی: عێراق پێویستی بە دەرچوواندنی یاسایەکی مۆدێرن و شیاو هەیە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و گازم لەو نێوەندەشدا نەوتی هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە نەوت و سامانی سرووشتی عێراق.
 
گوتیشی: دەدگەی فیدراڵی بە جۆرێک لە جۆرەکان دانی بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ناوە و بە نادەستووری داینەناون، هەربۆیە دەتوانرێت کێشەی گرێبەستەکان و جیاوازی کرێی تێچووی کۆمپانیاکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و چارەسەرەکە مەحاڵ و ئاستەم نییە.
 
رۆژی دووشەممە (13/1/2025)  دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە، "دەبێ چارەسەر بۆ مووچەی مانگی 12 بدۆزرێتەوە و نەفەوتێت". 
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لەگەڵ هەموو لایەنەکان [ـی عێراق] تێگەیشتنی هاوبەشمان هەیە و رێوشوێنی باش بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی کوردستان دانراوە".
 
لەبارەی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، "پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وەکو هەمیشە پارێزگاری لە سەقامگیریی عێراق دەکەین و ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت پێویستی بە زیاترکردنی هەماهەنگی هەیە".