کۆمپانیای BPی بەریتانی دوای سەدەیەک دەگەڕێتەوە بۆ نەوتی کەرکووک

14 January 2025
کۆمپانیای BPی بەریتانی دوای سەدەیەک دەگەڕێتەوە بۆ نەوتی کەرکووک
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەریتانیایە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک رێککەوتنیان واژۆکرد. یەکێکیان تایبەتە بە کۆمپانیای نەوتی بەریتانی، بی پی. بەوەش کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک. 
 
لیکۆڵینڤانێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێت: گەڕانەوەی کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک چەندین رەهەندی گرنگی بۆ هەموو وڵاتانی نەوتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و دانپێدانانە بەوەی کە بۆ دەیەی داهاتووش نەوت هەر وەکو کاڵا گرنگ و دڵخوازەکەی جیهان دەمێنێتەوە.
 
مەحموود بابان، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: کۆمپانیای بی پی مێژووی زیاتر لە 100 ساڵی لە عێراق هەیە و چەند رێککەوتنێکیشی پێشتر لەگەڵ بەغدا ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی دۆخ و پێشهاتەکانەوە رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون وەکو رێککەوتنی ساڵی 2010 کە بەهۆی سەرهەڵدانی داعش و رێککەوتنی ساڵی 2018 کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا جێبەجێ نەکران.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، محەممەد حوسێن ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق کە لە بەغداوە بەشداربوو گوتی: بی پی پێشتر چەند گرێبەستێکی خزمەتگوزاریی هەبوو لە کەرکووک و ئەمجارەش بەپێی رێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی عێراق وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵی نەوت دەکات.
 
ئەو ئابووریناسە گوتیشی، رێککەوتنی عێراق و بەریتانیا لە دۆخی ئێستای ناوچەکە زۆر گرنگە، بەڵام رێککەوتنێکی ناهاوسەنگە بەوپێیە عێراق تەنیا کڕیارە لە بەریتانیا و هیچ نافرۆشێت بەو وڵاتە و ئەو خزمەتگوزاریی و کاڵایانەی عێراق لە بەریتانیا دەیکڕێت هەموو وڵاتێک ئامادەیە دابینی بکات.