هەژی و هەنی - 15

26 October 2024
هەژی و هەنی - 15

ئەم جارە بەرنامەی هەژی و هەنی بابەتی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و تێیدا منداڵی بەهرەمەند و خاوەن توانا و لە هەموو شارەکانی کوردستان بەدەردەخات، بەتایبەت دوای کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان، کە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدران.
 
یاری ( MMA ) یارییەکی جیهانییە و یەکێکە لە یارییە جەنگییەکان. پێکدێت لە تێکەڵەیەک لە کینگ بۆکس و کۆنفۆ و بەناوبانگترین یاریی جەنگی جیهانییە، ئەم یارییە لەلایەن کۆمەڵێک یاریزانی پارێزگا دهۆک ئەنجام دەدرێت، لە یارییەکەدا منداڵان فێری یارییەکە دەکرێن و کەسانی بەتوانا و بەهرەمەند بەدیارکەوتوون، هەژی چووەتە هۆڵی یارییەکە و لەگەڵ یەکێک لە پاڵەوانەکانی کۆمەڵەکە یاریی دەکات و دواتر راهێنەری یارییەکە هەژی فێری چەند ئامراز و تەکنیکی یارییەکە دەکات.
 
 
کۆمەڵێک منداڵ لە هەڵەبجە بەشداریی لە ئاهەنگێکدا دەکەن کە سازکرابوو لە میانەی فێستیڤاڵی نۆزدەیەمی هونەری ناوچەکە کە هاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، فێستیڤاڵەکە لەلایەن گرووپی هونەری رێژنە بە هاوکاری سەنتەری گەشەپیدانی چالاکیی لاوان و گرووپی پەپوولەکانی هەوارامان سازکرا بوو.
لە ئاهەنگەکەدا منداڵانی دەنگ خۆش و هونەرمەند گۆرانیان گوت و میوزیکیان دەژەنی، چەندین چالاکی دیکەی هونەریان ئەنجامدا.
 
 
راوێژ ئەسکەندەر تەمەنی 11 ساڵە، یاریزانی تێنسی سەرزەوییە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بە پشتیوانی باوکی بووەتە یاریزانێکی باش و لێهاتوو، لە چەندین رکابەرییدا بەشداریی کردووەو چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە و یەکەم خاڵاتیش لە 2023 بەدەستهێناوە.
 
 
مینا منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵانە و دانیشتووی سلێمانییە و هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە خۆی فێری ئامێری پیانۆ کردووە، لە ماڵەوەو لە سەنتەری فێربوونی میوزیک رۆژانە راهێنان دەکات و پەرە بە بەهرەکانی دەدات، مامۆستا هێلین کە میوزیکژەنێکی لێهاتووە وەک راهێنەر سەرپەرشتی فێربوونی مینا دەکات و لە چەندین چالاکی هونەریدا بەشداری پێکردووە و پێیوایە داهاتوویەکی گەشی دەبێت.
 
 
تنوو کارزان ماوەی ساڵێک و نیوە خۆی فێری یاریی تێنسی سەرمێز کردووەو لەسەر ئاستی کچان لە تەمەنی خۆیدا لە شاری سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی عێراقیش پلەی دووەمی بردووەتەوە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. لە هەفتەیەکەدا چوار بۆ پێنج رۆژ راهێنان دەکات و لەهەر رۆژێکیشدا سێ بۆ چوار کاژێر یاریی دەکات و هیواخوازە تاوەکو کۆتایی ژیانی بەردەوام بێت.
 
پرۆدیوسەر: رێبەر روشدی