فیچەر - مانگی رەمەزان لە موسڵی کۆن: پاراستنی کولتوور لە نێو منداڵاندا
لە سەرەتای مانگی رەمەزاندا، شاری موسڵی کۆن بە چالاکییەکی تایبەت و جیاواز لە شارەکانی دیکەی عێراق، پێشوازی لەم مانگە پیرۆزە دەکات.
دەزگای بەیتونا، کۆمەڵێک منداڵی موسڵی کۆکردووەتەوە کە بە جلی نەریتی و ئیسلامی، دەستیان بە چالاکی ئایینی کردووە. مناڵەکان بە دەفلێدان و گوتنەوەی سروودی ئایینی، رێپێوانێکیان لە مزگەوتی نووری تاوەکو منارەی عەدبا رێکخستووە.
یاسر گۆیانی، چالاکوانی مەدەنی دەڵێت: "ئەم چالاکییە بەناوی 'ماجینا ماجینا' ناسراوە کە بەشێکە لە میراتی کولتووری شاری موسڵ. ئێمە هەموو ساڵێک ئەم نەریتە زیندوو دەکەینەوە تاکو نەوەی نوێ بە کولتوورەکەمان ئاشنا بکەین و جلوبەرگی فۆلکلۆری شارەکەمان بپارێزین."
لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکەدا، دایک و باوکان دەستی منداڵەکانیان گرتووە بۆ بەشداریکردن. هەروەها مامۆستایان و قوتابیانی باخچەی ساوایانیش بەشدارییان کردووە.
فاتن محەممەد، مامۆستای باخچەی ساوایان، دەڵێت: "ئەمڕۆ سەردانی گەرماوی مەنقوشەمان کرد، بەڕاستی ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو. ئەمەش بەهاوکاری دایک و باوک و منداڵەکان بەڕێوەچوو. مەبەستمان ئەوەیە منداڵەکان لە تەمەنێکی بچووکەوە کولتووری نەتەوەییان بناسن و بزانن باب و باپیرانیان چۆن ژیاون."
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئەم منداڵانە قۆناغی شەڕ و ناسەقامگیرییان بینیوە، بەڵام چالاکییەکانی مانگی رەمەزان هەلێکی باشە بۆ گەڕانەوەی خۆشی و دڵنەوایی بۆ ژیانیان.
محەممەد یوسف، چالاکوانی مەدەنی، جەخت لەسەر گرنگی ئەم چالاکییانە دەکاتەوە: "موسڵ لە سەرانسەری عێراق بە پێشوازی تایبەتی مانگی رەمەزان ناسراوە. ئێمە لە دەزگای بەیتونا، گەشتێکمان بۆ منداڵەکان رێکخست بەناو موسڵی کۆندا تاکو سەردانی منارەی عەدبا بکەن کە بەم دواییانە لەلایەن یونسکۆوە نۆژەنکراوەتەوە. ئامانجمان ئاشناکردنی منداڵەکانە بە شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکانی شارەکەمان."
ئەم چالاکییە نەریتییە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی شوناسی کولتووری موسڵ و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
پرۆدیوسەر: کاوە عومەر
وێنەگرتن: رەیان ئەنوەر