دەروون - هەراسانکردنی سەرنشینان لەلایەن شۆفێرانی تەکسی
بەرنامەی ئەم هەفتەی دەروون لە تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر چۆنییەتی هەڵسوکەوتی شۆفێری تەکسی بوو لەگەڵ خەڵک و هەروەها چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی سەرنشین.
لەم بەرنامەیەدا، کەلسووم گەزنەیی، توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکی مافی مرۆڤ، عەمید عەبدولقادر، ئەفسەری خانەنشین، د. بیلال محەممەد، خاوەن پڕۆژەی کۆمپانیای تەکسی و هەروەها هێدی نامیق شۆفێری تەکسی لە بەریتانیا بۆ گفتوگۆ کردن و شیکاری لەسەر تەوەری بەرنامەکە بەشداربوون.
بەرنامەکە بە بەشداری چەند شۆفێرێکی تەکسی لە نێو ستۆدیۆی دەروون بەڕیوەچوو و بەم پرسیارەی دەروون لە شۆفیرەکان دەستیپێکرد: " قسەتان هەیە لەسەر ئەوەی کە هەندێک جار بە خراپ باسی مامەڵەکردنتان دەکرێت لەگەل سەرنشینان بەتایبەتی ژنان؟"
شۆفێرەکان زۆربەیان لە وڵامدا دەڵێن هەموو شتێک بوونی هەیە و هەم سەرنشینی خراپ هەیە و هەم شۆفێری خراپ.
دەروون چووە لای میوانەکان و باسەکەی بە گفتوگۆ لەگەڵ د. بیلال محەممەد خاوەن پڕۆژەی تەکسی دەستپێکرد و لەو بارەیەوە د. بیلال گوتی: " تەواوی ئەو کێشانەی لە سیستەمی گواستنەوە هەبێت، چ تەکسی و چ پاس، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یاسایانەی کە لە پێشتر دەرکراون، و کێشە ئەوەیەکێ دەتوانێت ببێت بە شۆفێری تەکسی و بە چ مەرجێک دەتوانیت مۆڵەتی شۆفێری بدرێت بە کەسێک؟ ئێمە لە کوردستان سێ مەرجمان هەیە بۆ ئەوەی کەسێک ببێت بە شۆفێری تەکسی، یەکەم ئەندامی سەندیکای گواستنەوە بێت، دووەم مۆڵەتی گشتی هەبێت و سێیەمیش رەزامەندی لایەنی ئەمنیشی هەبێت. سێ شتی زۆر سادەن و کێشەکە لێرەوە دروست دەبێت".
هەروەها باسی لەو کێشانە کرد کە لە لایەن شۆفێرەکانەوە بۆ خەڵک دروست دەبێت و پێیوابوو چارەسەری هەیە و گوتی" وەکو وڵاتانی دونیا و تەنانەت لە کوردستانیش ئەپلیکەیشنەکانی تایبەت بە تەکسی هەن کە خەڵک دەتوانن بەوانە داوەی تەکسی بکەن و لە کاتی داواکردنی تەکسی، وێنە و هەموو زانیارییەکانی شۆفێرەکەت بۆ دێت و کە داشدەبەزیت، دەڵێت" هەڵسەنگاندنی خۆت لەسەر شۆفێرەکە بڵێ و لێت دەپرسێت شۆفێری تەکسییەکە باشبوو یان خراپ بوو؟ بۆچی باش بوو یان بۆچی خراپ بوو؟ ئەمانە دەبن بە راپۆرت و ئێمە وەکو کۆمپانیا ئەم راپۆرتەمان هەیە و هەموو مانگێک هەڵسەنگاندن و دەستخۆشی لە شۆفێرەکان دەکەین".
کەلسووم گەزنەیی چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە بەرنامەکەدا گوتی:" خۆم یەکێکم لەو ژنانەی کە فۆبیام هەیە لەگەڵ تەکسی و هەراسانکردنی ژنان لە لایەن شۆفێرانی تەکسییەوە. هەراسانکردن تەنیا بۆ گەنجەکان نییە، بەڵکو بە تەمەنەکانیش رووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە". گەزنەیی گوتیشی:" یاسا کە لە کوردستان دەردەچێت، ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە بەشێک لە شاروشارۆچکەکان سیستەم و یاسای هاتوچۆی گواستنەوەی گشتی جێبەجێ ناکرێن، لەو بارەیەوە کەلسووم گەزنەیی دەڵێت"لە شارە بچووکەکان ئۆتۆمۆبیلی تایبەت کاری تەکسی دەکەن و رێکاری ئەمە چییە؟".
کەلسووم گەزنەیی ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کەلوپەلێکی پێشکەوتوو وەکو کامێرا لە نێو تەکسییەکانماندا نییە بۆ پاراستنی سەرنشینەکان و دەبێت ئەم کەلوپەلانە دابین بکرێن".
عەمید عەبدولقادر، ئەفسەری خانەنشین، داوایکرد لە شۆفێرەکانی تەکسی کە سەرنشینەکان هەراسان نەکەن و گوتی:" هەندێک لە شۆفێرەکان ئاوێنەکەیان دەخەنە سەر دواوە و ئەگەر ژنیش بێت، بێزاری دەکەن و ئەو ئاوێنە بۆ تەماشا کردنی کەسی دواوە دانەنراوە و لە یاسا هاتووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک قسە لەگەڵ سەرنشین بکرێت". عەمید عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشکرد کە سەندیکای شۆفێران بەرپرسە لەوەی کە ئامۆژگاری و رێنمایی بداتە شۆفێر تەکسییەکان بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرنشینەکانیان بکەن.
هێدی نامیق میوانی دیکەی بەرنامەکە بوو و باسی لە ئەزموونی خۆی وەکو شۆفێرێکی تەکسی لە بەریتانیا کرد و جیاوازی چۆنییەتی مامەڵەی شۆفێرەکان لە بەریتانیا لەگەڵ شۆفێرەکانی کوردستانی باسکرد و گوتی:" لە وڵاتی بەریتانیا چەند مەرجێک هەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری و ئەو مەرجانە بریتین لەوەی نابێت تەمەنی شۆفێری تەکسی لە ژێر هەژدە ساڵییەوە بێت، نابێت مۆڵەتی شۆفێرییەکەت لە 2 ساڵ کەمتر بێت و دەبێت رابردوویێکی پاکت هەبێت". هێدی نامیق ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری جۆرێک لە تەکسی لە بەریتانیا بە ناوی بلەک کەب، دەبێت 3 بۆ 5 ساڵ بخوێنیت و کەسێکی خوێندەوار بیت تاکو بتوانیت ئەو مۆڵەتە بە دەستبهێنیت".
بهشی بكه لە