دەروون - رۆژەکانی پشوو لە هەرێمی کوردستان

07 December 2024
دەروون - رۆژەکانی پشوو لە هەرێمی کوردستان
پشووەکانی هەرێمی کوردستان بابەتی ئەمجارەی بەرنامەی "دەروون" بوو بە میوانداری د. ئاراس عەبدوڵڵا، راوێژکاری یاسایی، لاجان محەممەد، مامۆستای زانکۆ و هاوکار عەزیز مەحموود، خاوەنی کۆمپانیا و ئەندازیار.
پشووە فەرمی و نافەرمییەکانی کوردستان زۆرجار بووەنەتە هۆی دواکەوتنی کاروباری حکومی و بوارەکانی دیکەی ژیانی پیشەیی و پەروەردەیی خەڵک، ئەمەش ناڕەزایەتی لەلایەن خاوەن پیشەکان و هاونیشتمانییانەوە دروستکردووە. دەروون گێژەن، بەرنامەکەی بەم دوو پرسیارە دەستپێکرد: ئایا پشووە فەرمی و نافەرمییەکانی کوردستان لە خزمەتی وڵاتەکەیە و نیشانەی میللەتێکی زیندووە؟ هەروەها بۆچی خەڵک لە وڵاتی ئێمە ئەوەندە حەزیان لە پشووە؟
د. ئاراس عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیاری دەروون سەبارەت بە حەزکردن لە پشوو گوتی: "پشوو پێویستە بۆ هەموو کەس، بەڵام نەک بەو جۆرەی کە لە ستانداردە جیهانییەکان دەربچێت و کۆمەڵگە پێی سەرلێشێواو بکرێت، قوتابی لە خوێندن داببڕێت و تاکێکی تەمبەڵ و کۆمەڵگەیەکی خەوتووی تێدا دروستببێت. ئەگەر پشوو بگاتە ئەم قۆناخە، دەبێتە کارەسات بۆ ئەو کۆمەڵگەیە." د. ئاراس هەروەها دەسەڵاتی سیاسی بە بەرپرسیار زانی و لەو بارەیەوە گوتی: "تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسی بە چەند ئەڵقەیەک پێکەوە بەستراون. دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێت سیستەمێک پەیڕەو بکات کە تاکێکی زیندوو و کۆمەڵگەیەکی هۆشیار بەرهەمبهێنێت، بە هەمان شێوەش دەتوانێت تاکێکی تەمبەڵ و کۆمەڵگەیەکی خەوتوو بەرهەمبهێنێت. ئەمەش بە دەستەبەرکردنی هەلی کار و لە هەمووی گرنگتر، دادپەروەری کۆمەڵایەتی دروستدەبێت. ئەگەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێت، کۆمەڵگەیەکی زیندوو و تاکێکی زیرەک بەرهەم دێت کە حەزی لە پشوو نابێت و حەزی لە کارەکەی خۆی دەبێت و وای دەبینێت کە ناچار نەکراوە بەو کارەی دەیکات." د. ئاراس هەروەها ئاماژەی بە کاریگەری پشووەکان لەسەر پەروەردە و خوێندن کرد و گوتی: "ئەگەر پەروەردەیەکی تەندروست هەبێت، بەپێی ستانداردە جیهانییەکان هەر قوتابی و مامۆستایەک دەبێت 200 رۆژ کار بکەن و 900 کاژێر خوێندن هەبێت. ئەگەر لەو رێڕەوە دەرچوو، قوتابی و مامۆستا تووشی کێشە دەبن، مامۆستا ناتوانێت وانەکەی خۆی تەواو بکات و قوتابیش ئەوەی کە ئامانجیەتی بە دەستی ناگات و هەوڵدەدات تەنیا بۆ نمرە دەرس بخوێنێت."
لاجان محەممەد عوسمان، مامۆستای زانکۆ، یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکانی بەرنامەکە و لەڕووی کۆمەڵناسییەوە باسی لە بابەتەکە کرد و گوتی: "منیش حەزم لە پشووە و پشوو بۆ مرۆڤ باشە، بەڵام ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە بۆ مەبەستێکی تەندروست بەکاریبهێنین." هەروەها گوتی: "خراپییەکە لە خودی پشووەکەدا نییە، لەوەدایە چۆن بەکاریدەهێنیت." لاجان محەممەد لەڕووی تەندروستیی کۆمەڵایەتییەوە باسی لە بابەتەکە کرد و گوتی: "ساڵانە یەک ملیار کەس بە هۆی گوشاری کار و نەبوونی کاتی گونجاو لەگەڵ خێزاندا و هەروەها نەبوونی پشوو، تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن." لاجان محەممەد هەروەها ئاماژەی بە پشووە فەرمی و نافەرمییەکان کرد و گوتی: "ئەگەر پشووەکانی ساڵانە لە رۆژەکانی کارکردندا کەمبکەینەوە، 225 رۆژمان دەمێنێت کە کاری فەرمی تێدابکەین. ئێمە دەبێت پرۆگرام یان سیستەمێکمان هەبێت کە لە پشووە لابەلاکاندا کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە نەبێت."
هاوکار عەزیز، ئەندازیار و خاوەن کۆمپانیای بیناسازی، میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، ئەو وەکو خاوەنکارێک باسی لە کاریگەرییەکانی پشووە فەرمی و نافەرمییەکانی کوردستان لەسەر کارەکەی کرد و گوتی: "پشوو زیاتر لەوەی کە حەزت لێبێت، شتێکی پێویستە بۆ مرۆڤ، بەڵام من لەبەر ئەوەی خاوەنکارم، زۆرجار پشوو دەبێتە هۆی زیان بۆم، بە تایبەت ئەو پشووە لابەلایانەی کە لە کوردستان دا هەن." هاوکار عەزیز گوتیشی: "ئەو پشووانەی کە لابەلا و بێ بنەما و بێ بەرنامەن و لەنێو داتای وڵاتدا نین و لە خۆیانەوە دروستدەبن، زیانێکی زۆر لە پیشە و ئابووری وڵات و کاتی ئێمە وەکو خاوەن کار و سەرمایەدار دەدەن." هەروەها باسی لە زیانەکانی پشوو لەسەر پیشەکان کرد و گوتی: "پشووەکان دوو کێشە بۆ ئێمە دروستدەکەن: یەکەم، کێشە لەگەڵ کارمەندەکانمان کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و پشووەکان دەیانگرێتەوە و دەبێتە هۆی دواخستنی کارەکان؛ دووەم، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمانە کە کۆتایی هەفتەمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە یەک ناگرێتەوە و لە کاتی پشوودا ناتوانین کارە بانکییەکانمان و ئاڵوگۆڕی پارە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە رێکبخەین." هاوکار عەزیز لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ بەرهەمهێنانی وڵاتێکی باش، دەبێت کاری زیاتر بکەین و شەونخوونی بکێشین و پلانی تازە دابنێین، ئەم ئامانجەش بە کارکردنێکی کەم بەدی نایەت.