رێکلامکردنی نادروست لە رێگەی ئۆنلاینەوە
بەرنامەی ئەمجارەی دەروون لەسەر شێوازی ناڕەوا و نادروستی رێکلامکردن لەلایەن هەندێک دووکاندار و خاوەنکارەوە بوو کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکەنەوە و ئەو کاڵانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پەسەندکراو نین.
دەروون بەرنامەکەی بە پێشاندانی چەند دیمەنێک لەو کەسانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خەریکی بازرگانیکردن بەم کاڵانەوەن دەستپێکرد، بەشێکیان بەشێوەیەک رێکلامیان دەکرد وەک ئەوەی ئەو کاڵایانە لە باشترین سەنتەرەکانی توێژینەوەی جیهان پەسەندکراوبن.
یەکێک لە میوانەکانی ئەمجارەی بەرنامەی دەروون، لەشکەر حەمید، پسپۆڕی خۆراک و کۆنتڕۆڵی جۆری بوو و رەخنەیەکی زۆری لەسەر ئەمجۆرە رێکلامانە هەبوو. لەشکەر حەمید گوتی" ئەمجۆرە رێکلامانە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر ژنان وهەندێک لە فرۆشیارەکان باندیان هەیە و کۆمەڵێک کچی تەمەن 17 بۆ20 ساڵ بەکاردەهێنن بۆ فرۆشتنی ئەم بەرهەمانە" هەروەها گوتیشی" کەسانی نەشارەزا لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم جۆرە رێکلامانە کاردەکەن، لەکاتێکدا ئەگەر کەسێک لەو بابەتانە شارەزا بێت، رێگەی پێنادرێت کاربکات" لەشکەر حەمید لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەرکی حکومەتە ئەم جۆرە رێکلامانە رابگرێت و هەروەها ئەرکی هاووڵاتییانیشە کە دەبێت هوشیاربن و باوەڕ بەو شوێنانە نەکەن کە مۆڵەتپێدراو و فەرمی نین.
پشتیوان حەسەن خاوێ، خاوەن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم و رێکلام میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لەسەر ئەم بابەتە گوتی" رێکلامکردن شتێکی شەرعی و یاساییە و لە هەموو دونیا رێکلام هەیە، بەڵام دەبێت نە درۆی تێدا بێت نە فێڵکردن، کاتێکە ئەم دوو شتەی تێدابوو دەبێت بە بابەتی دەسبڕینی خەڵک".
هەروەها گوتیشی" هاووڵاتییان دەبێت ئاگاداربن و فێڵیان لێنەکرێت و نابێت لە دونیای تەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا کە خەڵک هۆشیارن، باوەڕ بەو جۆرە رێکلامانە بکرێت". دەشڵێت" دەبێت بە یاسا رێگری لەمجۆرە رێکلامانە بکرێت و نەهێڵن تەشەنە بکات و ئەمە بازاڕی ئازاد نییە، چونکە بازاڕی ئازاد کێبڕکەیەکی شەریفانەیە و دەبێت ئەو کەسانە بدرێن بە دادگا تاوەکو ببن بە پەند بۆ ئەو کەسانەی لەم بوارە کاردەکەن".
ئیمان سەلام، راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی و پەروەردەیی میوانێکی دیکەی بەرنامەی دەروون بوو و لەسەر ئەم بابەتە گوتی" خانمان زۆرترین زەرەرمەندی ئەم جۆرە رێکلامانەن، چونکە ژنان لایەنی سۆزداریان بەهێزترە، ئەو کەسانە هەوڵدەدەن کار لەسەر سۆزی ژنان بکەن" هەروەها گوتیشی" گرنگترین شت بۆ ژنان جەستەیانە و ئەوانەی رێکلام دەکەن هەوڵدەدەن کۆمەڵێک بەرهەم بە خانمان پێشنیاز بکەن کە پەیوەندی بە جەستەیانەوە هەیە و بەو شێوە سەرنجی خانمان رادەکێشن بۆ کڕینی کاڵاکانیان". ئیمان سەلام ئاماژەی بەوەش کرد کە بەکارهێنانی خانمان بە مەبەستی رێکلامکردن لە لایەن هەندێک لە فرۆشیارانەوە، ئاژاوەی خێزانی و تەنانەت جیابوونەوەی خێزانی لێکەوتووەتەوە و خانمان دەبێت ئاگاداری ئەم بابەتانە بن و نەکەونە داوی ئەم جۆرە رێکلامانەوە.
بهشی بكه لە