دەروون - دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان

14 September 2024
دەروون - دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
مژاری ئەم هەفتەیەی بەرنامەی دەروون تایبەت بوو بە شێوازی ناڕەوای بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن بەربژێرەکانەوە کە لەنێو کۆمەڵگەدا باسی گەرمی رۆژە.
هەندێک جار بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن بەربژێرەکانەوە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە دەچێت، بە جۆرێک کە پەنا بۆ شکاندنی کەسایەتیی یەکدی و هەڵدانەوەی دۆسێی کۆمەڵایەتی و ژیانی تایبەتی تاکە کەسی دەبەن.
رێواز فایەق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، یەکێک بوو لە میوانەکانی ئەم جارەی بەرنامەی دەروون و سەبارەت بە شێوازی بانگەشە گوتی: "لە هیچ هەلومەرجێکدا رەوا نییە کاندیدێکی پەرلەمان لە رووی کەسی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ شکاندنی بە ئامانج بگیردرێت و بۆ ئەوەی نەچێتە پەرلەمان". 
هەروەها سەرۆکی پێشووی پەرلەمان جەختی لە بەئامانجگرتنی ژنان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کردەوە و گوتی: "نەک تەنیا لە سیاسەتدا، بەڵکو لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵە یان دوو هۆزیشدا بۆ ئازاردانی یەکدی ژنان بە ئامانج دەگیردرێن. ژن هەیە خۆی بەربژێر کردووە بۆ پەرلەمان، بەڵام لە ترسی ئەوەی شتی کەسیی خۆی بڵاو نەکرێتەوە، لە بەربژێربوون کشاوەتەوە". 
لە وڵامی ئەوەیشدا کە ئایا بانگەشە دەتوانێت رای خەڵک لەسەر دەنگدان بگۆڕێت، گوتی: "نیوەی زیاتری خەڵک لە کاتی هەڵبژاردندا نەچوون بۆ دەنگدان، واتە نیوەی زیاتری خەک سەر بە هیچ حیزبێکی سیاسی نین و بانگەشەی هەڵبژاردن دەتوانێت رای ئەو کەسانە بگۆڕێت تاوەکو دەنگ بدەن". رێواز فایەق باسی لە گرنگیی هەبوونی پەرلەمان کرد و داوای لە خەڵک کرد بچن بۆ دەنگدان.
هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو و لەسەر شێوازی بانگەشەی بەربژێرەکان گوتی: "پەرلەمان جێی توانستە و ئێمە لە پەرلەماندا نەبوونی توانامان هەیە و تاوەکو پەرلەمانتار توانای زیاتر بێت، پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیشی ئاستێکی بەرزی شارستانی دەبێت". 
هاوڕێ تۆفێق ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرلەمان لە کوردستان و عێراق بووە بە شانۆیەکی سیاسی. ئەو پێیوایە کە پەرلەمان شانۆی سیاسی نییە، بەڵکو جێی دانانی یاسایە. 
هەروەها گوتیشی: "لە پرۆسەی بانگەشەدا خەڵک حەزیان لە شتی دووبارە نییە و حەز دەکەن شتی تازە و بەرنامەی نوێیان پێشکەش بکرێت و ئەوەی کە بە نموونەیەکی جیاواز دەربکەوێت، بەختی سەرکەوتنی زیاترە."
لە کۆتاییشدا جەختی لە سەر چوونی خەڵک بۆ هەڵبژاردن کردەوە و گوتی: "هیوام وایە خەڵک هەموویان بچن بۆ دەنگدان".