دەهۆڵژەنی رەمەزان لە موسڵ و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

28 March 2025
کافێی شەهرام؛ ماڵێک بۆ کوردانی تاران
لە ناوچەی دەرەکەی شاری تاران، کافێیەک هەیە بووەتە سەنتەرێکی گرنگی کۆبوونەوە و ژیانی کولتووری کورد لەو شارە. کافێی شەهرام، بە دیکۆرێکی گەرم و رەسەن، بووەتە ناوەندێکی گرنگی ناسنامەی کوردی.
شەهرام پەشابادی، کوردێکی خەڵکی سنە، بە دامەزراندنی ئەم کافێیە نزیکەی 5 ساڵ بەر لە ئێستا ژینگەیەکی تایبەتی بۆ کوردانی تاران خولقاندووە. ئەو لەگەڵ خێزانەکەی بەردەوام لەم کافێیەدا کاردەکەن.
ئەم کافێیە تەنیا شوێنێکی گەشتیاری نییە، بەڵکوو بووەتە پردێک بۆ ناساندنی کولتووری کوردی بۆ گەشتیارانی فارس و بیانی.
ئاریا ئەحمەدی، قوتابییەکی کورد لە تاران، دەڵێت "لێرە هەست بە ماڵەوە دەکەین. کافێی شەهرام بووەتە گەرمترین شوێن بۆ کوردانی تاران." کافێی شەهرام نموونەیەکی زیندووی پاراستنی ناسنامە و کولتووری کوردییە لە ناوجەرگەی تارانی پایتەختی ئێران.
 
غوفران سامر و نەریتی دەهۆڵژەنین لە موسڵ
لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شاری موسڵی کۆن، دەنگی دەهۆڵ و هاواری "سحور سحور" گیانێکی نوێ دەبەخشێتە نەریتێکی کۆنی رەمەزان. غوفران سامر مەحموود، بووەتە هێمای زیندووکردنەوەی کلتوورێکی نەریتی موسڵ کە داعش هەوڵی سڕینەوەی دابوو.
دوای ئازادکردنی موسڵ، غوفران بە دەهۆڵێکی بچووک دەستی بە دەهۆڵژەرنین کرد. بە جلوبەرگی رەسەنی موسڵاوی، لەگەڵ برازای ئیسلام سەفوان، هەموو شەوێک گەڕەکەکانی شار دەگەڕێن و خەڵک بۆ پاشیڤ بەخەبەر دەهێنن.
دەهۆڵژەنین نەریتێکی کۆنی موسڵە کە پێش داعش بەربڵاوبوو. تێیدا کەسانی تایبەت بە دەهۆڵ یان تەنەکە لە گەڕەکەکاندا دەگەڕان و خەڵکیان بۆ خواردن و پاشیڤ بەخەبەر دەهێنا.
غوفران هەنگاوێکی گرنگی ناوە بۆ پاراستنی ئەم نەریتە، ئیسلامی برازای فێر دەکات تا لەئایندەدا بەردەوامی پێبدات.
عەلا یونس، دانیشتووی موسڵ، دەڵێت: " دەهۆڵژەنین یادی رۆژەکانی منداڵیمان بیر دێنێتەوە". شێخ کەنعان قەساب ئەم کارە بە بەڵگەیەک دەزانێت بۆ خۆڕاگری کلتووری موسڵ.
غوفران سامر نموونەیەکی زیندووی ئەو گەنجانەیە کە کلتوور و میراتی شارەکەیان زیندوو دەکەنەوە، سەرەڕای هەموو سەختی و تاڵییەکان.