ئەمێریکراسی - ویلایەتی جۆلانە

ئەمێریکراسی - ویلایەتی جۆلانە
ویلایەتە یەکلانەبووەکان یاخود ویلایەتی جۆلانە "سوینگ ستەیتس"، رۆڵێكی یەكلاكەرەوە دەگێڕن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دا. ئەم ویلایەتانە بە هۆی ناسەقامگیری سیاسییان و توانایان بۆ گۆڕینی ئاراستەی هەڵبژاردن، سەرنجی زۆریان بۆ خۆیان راكێشاوە. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم ساڵدا، 7 ویلایەت وەكو گرنگترین ویلایەتە یەکلانەبووەکان دەناسرێن، ئەوانیش بریتین لە ئەریزۆنا، جۆرجیا، میشیگن، نیڤادا، كارۆلاینای باکوور، پەنسلڤانیا و ویسكۆنسن.

هەر یەك لەو ویلایەتانە كێشە و بابەتی تایبەت بەخۆی هەیە كە كاریگەری لەسەر دەنگدەران دروستدەكات. لە ئەریزۆنا، كۆچبەری و لەباربردن دوو كێشەی سەرەكین كە دەنگدەران لێیان نیگەرانن. لە جۆرجیا، دەنگی رەشپێستەكان كاریگەرییەكی گەورەی هەیە و دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلابكاتەوە. میشیگن لەژێر كاریگەری شەڕی غەززەدایە، كە بووەتە هۆی دروستبوونی كێشە لەنێوان كۆمەڵگە و نەتەوە جیاوازەكاندا.

لە ویلایەتی نیڤادا بەرزترین رێژەی بێكاری هەیە، ئەوەش بووەتە بابەتێكی گرنگ بۆ دەنگدەران. لە كارۆلاینای باکوور، ركابەرییەكی توند لەنێوان هاریس و ترەمپدا هەیە و هەردوو بەربژێر هەوڵی زۆر دەدەن بۆ راكێشانی دەنگی دانیشتووانی ئەو دوو ویلایەتە. 

هەردوو بەربژێری سەرەکیی هەڵبژاردن، واتە هاریس و ترەمپ، ستراتیژی جیاوازیان هەیە بۆ راكێشانی دەنگی دانیشتووانی ئەو ویلایەتانە. هاریس بەرگری لە سیاسەتە ئابوورییەكانی بایدن دەكات و هەوڵی راكێشانی دەنگی كەمینەكان و گەنجان دەدات. لەلایەكی ترەوە، ترامپ جەخت لەسەر كێشەكانی كۆچبەری دەكاتەوە و بەڵێنی دەركردنی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەران و كەمكردنەوەی باج دەدات.

دەنگدەرانی سەربەخۆ لەو ویلایەتانەدا رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان هەیە و دەتوانن ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕن. هەروەها، بابەتە نێودەوڵەتییەكانی وەكی شەڕی غەززە كاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەیە، بەتایبەتی لەسەر دەنگی عەرەبە ئەمریكییەكان. وێڕای ئەوانەش، هەڵاوسان و دۆخی ئابووری كێشەی سەرەكین بۆ زۆربەی دەنگدەران لەو ویلایەتانەدا.