4 بازنە - سلێمانی

4 بازنە - سلێمانی

هەرێمی کوردستان کراوەتە 4 بازنەی هەڵبژاردن. ئەمجارە ئەوە بەربژێرەکان و خۆشەویستی و چالاکییان لەنێو خەڵکدایە یەکلایی دەکاتەوە کە کێ 100 کورسییەکەی پەرلەمان پڕدەکاتەوە. بۆیە گرنگە دەنگدەر لەنزیکەوە بزانێ ئەو بەڵێنانەی بەربژێرەکان بە خەڵکی دەدەن چین و چۆنیش دەیانەوێ جێبەجێیان بکەن.

شۆی (4 بازنە) و سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکارە بەهێزەکەی بەشێوەی مەیدانی و دیبەیت ئامێز دەیانەوێ ئەو ئەزموونە نوێیەی گەورەکردنی خەم و پێویستییەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن بخەنە ژێر زووم. ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە کە دانوستاندن لەنێوان بەربژێر و دەنگدەردا لەسەر دەستخستنی دەنگەکان بەرامبەر پێدانی بەڵێنی واقیعی و راستگۆیانە دروستبێ.لە نوێترین بەرنامەی چوار بازنەی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە بەشداری چەند هاونیشتیمانییەکی هەرێمی کوردستان و بەربژێری 3 لایەنی سیاسی لە بازنەی سلێمانی، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی پڕۆژەکان و بەڵێندەرانی پارێزگای سلێمانی کرا.

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە زانا تۆفیق بەگ، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، ساری ئەبوبەکر، بەربژێری رەوتی هەڵوێست لە سلێمانی و عوسمان کاروانی، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی بەرنامەکەدا عوسمان کاروانی باسی لە دۆخی بەڵێندەران لە سلێمانی کرد و گوتی، "ئەوەی لە سلێمانی روودەدات بەرهەمی گەندەڵییە".

بەربژێرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بە داهاتی ناوخۆ و داهاتی گومرگەکان کرد و گوتی، "داهاتی ناوخۆ و داهاتی گومرگەکان لە تەواوی کوردستان ناڕوونە".



لە ساڵانی 2022 و 2023دا، 120 پرۆژە لە سلێمانی راگەیێندراون، بەڵام بەڵێندەران تەنیا لەسەدا 20ی ئەو پرۆژانەیان وەرگرتووە و ئەوەشی وەرگیراوە هیچیان تەواو نەبوون.

عوسمان کاروانی 60٪ـی بەرپرسیارێتی کەموکوڕییەکانی کوردستانی خستە ئەستۆی پارتی و 40٪ـی بەرپرسیارێتەکەشی خستە ئەستۆی یەکێتی.

بەگوێرەی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی هەزار و 300 بەڵێندەر ناویان لەو یەکێتییە تۆمار کراوە. بەڵام ئێستا تەنیا 150یان کاران.

نزیکەی 309 ملیار دیناری بەڵێندەرانی سلێمانی لای حکومەتە، کە ئەمەش وایکردووە بەشێک لە بەڵێندەرەکان مایەپووچکردنی خۆیان رابگەیەنن.

لە ساڵی 2014وە. نزیکەی هەزار و 100 پرۆژەی بەڵێندەران وەستاون، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، 200 پرۆژەیان کەوتوونەتەوە کار.

هەروەها ساری ئەبوبەکر، بەربژێری رەوتی هەڵوێست لە سلێمانی کەرتی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان بە "دەروازەی گەندەڵی" ناوبرد و گوتی، "کەرتی نیشتەجێبوون نەبووەتە هۆی چارەسەکردنی کێشەی نیشتەجێبوون".

ساری ئەبوبەکر ئاماژەی بە دۆخی کرێنشینان کرد و گوتی، رۆژ بە رۆژ کێشەی کرێنشینان و رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە و گوتیشی، "تاوەکو پلانێکی ئابووری بەهێز نەبێت، کێشەی کرێنشینان چارەسەر نابێت".

هەروەها زانا تۆفیق بەگ، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی ئێستای سلێمانی بە "خراپترین دەسەڵات لە مێژووی دروستبوونی سلێمانی" ناوبرد.

بەربژێرەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، کابینەی نۆیەم بڕیاری جێبەجێکردنی 3،663 پڕۆژەی داوە.

هەروها زانا تۆفیق بەگ ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت پارە بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی دەنێرێت، بەڵام پارەکە لە سلێمانی خەرج ناکرێت و یەکێتیشی بەوە تۆمەتبار کرد، کە ناهێڵێت پڕۆژەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن.