4 بازنە - هۆشبەر

4 بازنە - هۆشبەر
لە بەرنامەی چوار بازنەی رووداودا، کە لە لایەن سەنگەر عەبدولڕەحمانەوە پێشکێش دەکرێت، باس لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرا و هۆشداریشدرا، ئەگەر چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دیاردەیە نەدۆزرێتەوە، "مەترسییەکی گەورە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە".

بەرنامەی ئەمجارە بە بەشداری هەریەکە لە عەبدولخالق تەڵعەت، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر؛ کاروان خۆشناو، بەربژێری بەرەی گەل لە بازنەی هەولێر؛ نۆژەن عوزێری، بەربژێری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بازنەی هەولێر و دەریا محەممەد، بەربژێری رەوتی هەڵوێست لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای دەستپێکردنی بەرنامەکەدا، باس لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرا و عەبدولخاڵق تەڵعەت لەو بارەیەوە گوتی، "کۆنتڕۆڵ نەکردنی سنوورەکان هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەرن"، هەروەها ئاماژەی
بە سەرچاوەی هاتنەناوەوەی مادەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق مادەی هۆشبەر دەهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان و لە سنوورەکانی ئێرانەوە دەهێندرێنە ناو عێراق.

بەربژێرەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بازرگانی گەورەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، بەڵام هیچ بەرپرسێک لەسەر بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرنەکراوە.

هەروەها کاروان خۆشناو، بەربژێری بەرەی گەل مادەی هۆشبەری بە "مەترسییەکی گەورە" ناوبرد و باسی لە بەرنامەی لیستەکەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرد و گوتی، "ئێمە وەکو بەرەی گەل بەرنامەیەکی تۆکمەمان بۆ ئەو
بابەتە داناوە، چونکە ئەو بابەتە زۆر ترسناکە و رێژەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر رووی لە زیادبوون کردووە".

لەبارەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، نۆژەن عوزێری، بەربژێری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان گوتی، "لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 12 کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن... لە هەرێمی کوردستان ماددەی هۆشبەر
دەچێندرێت".

بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاردەی "بێکاری" بە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دانا.

نۆژەن عوزێری رەتیکردەوە، کە هیچ بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تێوەگلابێت.

دەریا محەممەد، بەربژێری رەوتی هەڵوێست باسی لە بڵاوبوونەوەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر کرد و گوتی، "لە ساڵی 1991 لە هەرێمی کوردستان تەنیا سێ کەیسی مادەی هۆشبەر هەبوون، بەڵام ساڵی رابردوو [بەتەنیا] لە کۆیە 200 کەیسی مادەی هۆشبەر هەبووە".

هەروەها بەربژێرەکەی رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بە بەرنامەی کاری رەوتی هەڵوێست کرد و گوتی، ئەوان لە رەوتی هەڵوێست کار لەسەر چارەسەرکردنی دیاردەی مادەی هۆشبەر دەکەن.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە ساڵی 2023 تەنیا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، دوو هەزار و 282 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنانی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، 976 کەس لەوانە بە تۆمەتی بازرگانیکردن و هەزار و 10 کەسیشییان بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش، 991 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 495 کەسیان بەتۆمەتی بازرگانیکردن و 496 کەسیشیان بەتۆمەتی بەکارهێنان دەستگیرکراون.

لە حەوت مانگی ئەم ساڵیش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک 539 کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن و 474 کەسیش وەکو بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

لە هەمان ماوەی ئەم ساڵدا، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 360 کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن و 327 کەسیش بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بڕیاردرا لەسەر کردنەوەی سێ ناوەند بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە ئالودەی مادەی هۆشبەرن.