رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان بارانبارین بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو. دانیشتووانی ئەو چەند گوندەی لافاوەکە تێیدا بەخوڕە، سەریان سوڕماوە و دەڵێن بە هەموو تەمەنیان نەیانبینیوە رووبارەکان ئەوەندەیان ئاو پێدا بڕوات.
لە گوندی کەلە لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان لافاوێکی بەخوڕ تەنیا دوای نیو کاژێر بارانبارین دروستبوو و، هاونیشتمانییان داوای هاوکاری دەکەن.
ئادەم مزراک، هاونیشتمانی گوندەکە لەو مانگەی تەممووزدا لەکاتێکدا پلەی گەرما لە زۆر شوێنی جیهاندا گەیشتووەتە سەرووی 40 پلەی سیلیزی، ئەو بە قەمسەڵەیەکەوە لە نزیک رووبارێک وەستاوە کە ئاوی بەخوڕی پێدا دەڕوات و، دەڵێ "ئەو ئاوە بە نیو کاژێر وا بەرزبووەوە".
دانیشتووانی گوندی کەلە دەڵێن، بە درێژایی تەمەنیان ئەو رووبارەیان بەمجۆرە لەم کاتەدا نەبینیووە. موراد دەمیر، هاونیشتمانیێکی دیکەی گوندەکە گوتی "چەند ساڵێک دەبێت شتێکی وەهام نەبینیوە".
لە چەند شوێنێکدا رووبارەکە لە ماڵانەوە نزیکە؛ ئەمە دڵەڕاوکێی لای هاونیشتمانیان دروستکردووە و چەند خێزانێکیش ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.
ئەم هەفتەیە بارانی بەلێزمە لە ژمارەیەک شارۆچکەی پارێزگاکانی ئاگری، قەرس و ئەرزەڕۆم باری و لە هەندێکیان لافاو دروستبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ