جۆن کێربی: هەڵوێستمان لەبارەی پشتگیریكردنی یەپەگە نەگۆڕاوە

25-07-2016
لهۆن نەسرەدین
رووداو
رووداو
نیشانەکردن یەپەگە تورکیا
A+ A-

رووداو - واشنتن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی پرسیارێكی رووداو رایگەیاند، هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی واشنتن بەرامبەر یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) نەگۆڕاوە. دەشڵێت "لە نیگەرانی تورکیا تێدەگەین".

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی "هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئێمە سەبارەت بە یەپەگە نەگۆڕاوە. هەر لایەنێک بەشداری لە شەڕی دژ بە داعش بکات، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین. لە نیگەرانی تورکیا تێدەگەین و گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی تورکیا بەردەوام دەبێت".

دۆسیەی سووریا و پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) و باڵە سەربازییەکەی (یەپەگە) لە ساڵی 2011ـوە بووەتە گرێکوێرەی حکومەتی تورکیا و بە خاڵێکی وەرچەرخان لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن دادەنرێت.

کودەتای بەشێک لە سوپای تورکیا لە 15ی تەممووز دەرهاویشتەی سنووربەزێنی لێکەوتەوە، کە یەکێکیان تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بوو.

سولەیمان سویلو، وەزیری کاری تورکیا یەکەمین بەرپرسی نێو حکومەتی تورکیا بوو، کە باسی لە پەیوەندی ئەمریکا و کودەتاچییەكان کرد، ئەویش بە پشتبەستن بە هەندێك زانیاری تایبەت بە بنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیک، کە گوایە فڕۆکەیەکی ئەمریکی جۆری بۆینگ کەی سی 135، بەدرێژایی شەوی کودەتاکە بە ئاسمانەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات فڕۆکەکانی کودەتاچیان بنیشنەوە بەنزینی پێداون. هاوکات چوار فڕۆکەی ئێف 16ی ئەمریکییەکان پاسەوانی فڕۆکە سەربازییەکانی کودەتاچییانیان کردووە.

رادەی راستی و هەڵبەسراوی ئەو زانیارییانە لە جیهانی سیاسەتدا گرنگ نین، بۆیە ئەنقەرە هەلەکەی قۆستەوە و بەپەلە داوای رادەستکردنی فەتحوڵڵا گولەن، سەرکردەی بزووتنەوەی گولەنی کرد لەسەر بنەمای تێوەگلانی بە ئەنجامدانی کودەتاکە.

ئەردۆغان لەلایەن خۆیەوە رادەستکردنی گولەن بە سەنگی مەحەکی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا بەستووەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەمریکا وەڵامی تورکیای نەداوەتەوە و داوا لە تورکیا دەکات بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەر تێوەگلانی گولەن بە کودەتاکە بخاتەڕوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە