باخچەلی: دووژمنانی تورکیا پەرۆشن بۆ کاندیدکردنی عەبدوڵڵا گول

25-04-2018
هێمن عەساف
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-

رووداو - ئەنقەرە 

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی "مەهەپە" هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی دەنگۆی کاندیدبوونی عەبدوڵڵا گول راگەیاند و دەشڵێت "دوژمنانی تورکیا پەرۆشن بۆ کاندیدکردنی گول".
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند "ستراتیژییەکی زۆر ژێربەژێر ھەیە لەسەر کاندیدکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا گوڵ، 11ــیەمین سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار". 

باخچەلی گوتیشی "رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵا گولەن لەسەر خەتە، پەکەکە قایلە، دوژمنەکانی تورکیا پەرۆشن. جەھەپە، پارتی سەعادەت، ھەدەپە و ئیی پارتی، ئارەزووی کاندیدکردنی بەرێز عەبدوڵڵا گول دەکەن".

سەرۆکی مەهەپە هۆشداری بە عەبدوڵڵا گوڵ-دا و رایگەیاند "گول زۆر لەوە هۆشیارترە بکەوێتە نێو تەڵەی دووژمنەکان" وەک ئاماژەیەک بۆ خۆ دوورگرتن لە هەر داواکارییەک بەرامبەر کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار کە بڕیارە رۆژی 24-6-2018 ئەنجامبدرێت. 

مەهەپە و ئاکەپە رێککەوتنیان هەیە و پارتە نەتەوەپەرستەکەی باخچەلی لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا شتیوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکات.

پێداچوونەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە