رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنێک بە ناونیشانی "سەنگی مەحەک" ئەمڕۆ لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، تێیدا تەنیا سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا هەڵنابژێردرێن، بەڵکو ئاراستەی سیاسی، ئابووری و دارایی پێنج ساڵی داهاتووی وڵاتەکەش دیاریدەکرێن.
لەو 64 ملیۆن کەسەی مافی دەنگدانیان هەیە، سەرووی 4 ملیۆن و 904 هەزاریان بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن، کە پێکدێن لەو گەنجانەی، لەوەتەی هەن، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک یان سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان بووە.
مەهمەت دەمیراڵپ، بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدات و دەڵێ "من، چاوەڕوانی گۆڕانی دۆخی ئابووریم. بە گشتی کێشەمان لە سیستمی پەروەردەدایە و چاوەڕێدەکەم باش بێت. دەمەوێت شتەکان باشتر بن. من بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەم و کێ بەڵێنی باشتری هەبێت، دەنگ بەو دەدەم".
ئەمڕۆ، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور لە بەرامبەر کەمال کڵچدارئۆغڵووی بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت، خۆی لە سەختترین کێبڕكێی 20 ساڵی رابردوویدا دەبینێتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە بە گشتپرسی لەسەر داهاتووی تورکیا هەژمار دەکرێت و ئەردۆغان تۆمەتباردەکرێت بەوەی رەخنەگر و نەیارەکانی سەرکوتکردووە و لە سێکیولاریزم لایداوە.
بەڵام وێڕای سیاسەتە مشتومڕهێنەکانی، لایەنگرەکانی پێیانوایە، سەرکردە تەمەن 69 ساڵەکە ئابووری و ژێرخانی وڵاتەکەیانی بەهێزکردووە، بەتایبەتیش کە پێش ئەردۆغان لە ساڵی 2002، داهاتی تاکەکەسی لە تورکیا سێ هەزار و 572 دۆلار بوو لە ساڵێکدا، بەڵام دوای هاتنی ئەردۆغان، گەشەیکرد و لە ساڵی 2022 گەیشتە 10 هەزار و 655 دۆلار، واتە سەرووی 200٪ زیادیکرد.
ئیلادە ئەجای، دەنگدەرێکی دیکەیە کە بۆ یەکەمجارە دەنگدەدات، دەڵێ "من تەمەنم 22 ساڵە و بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەدەم. من شەرەفی ئەوەم دەبێت پشتیوانی سەرۆکەکەم رەجەب تەییب ئەردۆغان بکەم کە بۆ دوایینجار خۆی بەربژێر کردووە. ئەو پشتیوانی لە شێوازی ژیان و پەروەردەی من بە گوێرەی بیروڕا ئایینییەکانم دەکات".
چاوی نێوخۆ و دەرەوە لەسەر ئەم هەڵبژاردنانەی وڵاتی بەیەکگەیێنەری ئاسیا و ئەوروپایە، بەتایبەتیش کە بڕیار لەسەر مانەوە یان رۆیشتنی سەرۆکێک دەدرێت کە لە ماوەی دەسەڵاتیدا، تورکیا لە رۆژئاوا دوورکەوتووەتەوە و لە رووسیا و چین نزیکبووەتەوە، هەروەها بەشێوەی سەربازی دەستوەردانی لە سووریا و لیبیادا کردووە و دوای دەستپێکێکی باشی ئابووری لەلایەن ئاکپارتییەوە، ئێستا دۆخی دارایی خێزان و بەهای لیرە رۆژ بە رۆژ بەرەو دابەزین دەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ