رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "دەبێت پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و لە ماوەیەکی نزیکدا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی هەینی 11ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "بێ ئەوەی زیاتر درێژەبکێشێت، دەبێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بێتەدی و ئەم بەڵا چەند ساڵییە کۆتایی بێت."
باخچەلی ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت پەکەکە "کۆنگرە ببەستێت. بێ ئەوەی رێگەبدات پلانە ئیمپریالیستی و زایۆنییەکان بێنە نێوەندەکە، چەک دابنێت و رێکخراوەکە لە ماوەیەکی نزیکدا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیادنەرانە بەڕێوەچوو."
دەوڵەت باخچەلی کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و ئەردۆغانی بە "ئەرێنی" ناوبرد و باسی لەوەش کرد، کاریگەریی لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەبێت.
1ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن دەم پارتی بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە "کۆتاییهێنان بە تیرۆر" ناوی دەبرێت.
لەو چوارچێوەیەدا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی ئیمراڵیی کرد و لە زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەوە پەیامی بە رای گشتی راگەیاند.
شاندەکە رۆژی 27ی شوباتی ئەم ساڵ پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاند، کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد، "کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت."
پەکەکە دوای دوو رۆژ لە پەیامەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی پەیامەکەی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ