پێشبینیی دەکرێت لە 22 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران ببارێت

09-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلوول لە 22 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران ببارێت؛ ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما.
 
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینی دەکرێت لە 22 پارێزگای تورکیا باران ببارێت؛ لە باکووری کوردستان 11 پارێزگا دەگرێتەوە کە پارێزگاکانی ئێلیهـ، سێرت، بەدلیس، مووش، چەولیگ، خارپێت، دێرسم، ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم، قەرس و ئەردەخان تێیاندا باران دەبارێت و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.
 
کەشناسیی تورکیا دەڵێت، بارانبارینەکە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما و لەنێوان 28 - 30 پلەی سیلیزیدا دەبێت. هەروەها زۆرترین باران لە پارێزگاکانی هەرێمی دەریای رەش دەبێت.
 
بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان لە مەرەش، عوسمانیە و ئادانا بە 37 پلەی سیلیزی تۆمارکرا.
 
لە بەشی زۆری پارێزگاکانی باکووری کوردستان خێرایی با لەنێوان 65-80 کم دەبێت لە کاژێرێکدا. لە بەشێکی پارێزگاکانی تورکیا خێرایی با دەگاتە 80-90 کم لە کاژێرێکدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە