جەهەپە کۆنگرەی نائاسایی دەکات و سێ کەس بۆ سەرۆکایەتیی بەربژێرن

06-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە ئەنقەرە دەکات و سێ کەس بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە بەربژێرن. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، لە هۆڵی رۆشنبیری نازم حیکمەت لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، جەهەپە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی بە بەشداری هەزار و 323 ئەندام کۆنگرە بکات. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، بەرهان شیمشەک پەرلەمانتاری پێشوو و ئومیت ئویساڵ، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی مورادپاشا لە ئەنتاڵیا خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە بەربژێر کردووە.
 
ناوەندی راگەیاندنی جەهەپە بڵاویکردەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، بە فەرمی هەریەک لە ئاڵتان ئۆیمەن، حیکمەت چەتین، موراد کارایاڵچن و کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکانی پێشووی جەهەپەی بانگهێشتی کۆنگرەکە کردووە. 
 
رۆژی 10ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەی تاوانی لە دژی جەهەپە تۆمارکرد و 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە کە رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2023 کرا و تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی نوێی جەهەپە هەڵبژێردرا، بە کۆنگرەیەکی گوماناوی ناساند. 
 
راشیگەیاند، بە بەرتیل و بەڵێنی پێدانی پۆست و هەڕەشەکردن، ئەندامانی کۆنگرەیان ناچارکردووە دەنگ بە ئۆزگور ئۆزەل بدەن. دەرکەوت، ئەندامە دەرکراوەکانی جەهەپە لە باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو سکاڵایان پێشکێش کردووە. 
 
رۆژی 12ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەلمێندرا بەڵگەکان دروستن، بەپێی یاسا کۆنگرەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل پوچەڵ دەبێت. 
 
لەمبارەیەوە رۆژی 21ـی ئاداری 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، دەسەڵات بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 104 بەرپرسی شارەوانییەکانیش ناوەستێت، دەیەوێت قەییوم بەسەر جەهەپە دابنێت. بۆ رێگریکردن لەم هەنگاوەی دەسەڵات، رۆژی 6ـی نیسانی 2025 کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە ئەنجام دەدەین. 
 
ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند، وەک سەرۆکی جەهەپە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەمان پێیداوم، بەپشت بەستن بە بڕگەی شەشەمی مادەی 48، لە ماوەی 15 رۆژدا کۆنگرەیەکی نائاسایی رادەگەیێنم. داوام لە لیژنەی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەمان کرد هەرچی زووە تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرە بکات. 
 
دوای قسەکانی ئۆزگور ئۆزەل، لیژنەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا نووسراوێکی فەرمیی بۆ سەرجەم رێکخستنەکانی پارتەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەیڕەوی ناوخۆ لە بڕگەی شەشەمی مادەی 48 بە سەرۆکی جەهەپەی داوە، بڕیاردرا رۆژی 6ـی نیسانی 2025 پارتەکەمان 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ئەنجام بدات. 
 
بەپێی نووسراوەکە، کۆبوونەوەی یەکەم کاژێر 10:00ـی بەیانی لە هۆڵی نازم حیکمەت لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. ئەگەر زۆرینە بەدی نەکرا، کۆبوونەوەی دووەم کاژێر 13:00 دەکرێت. 
 
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا کە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە