منداڵێکی ساوا دوای نزیکەی 54 رۆژ لە بوومەلەرزە بە باوەشی دایکی شادبووەوە

06-04-2023
هەوار ئیسماعیل
شادبوونەوەی منداڵەکە بە باوەشی دایکی
شادبوونەوەی منداڵەکە بە باوەشی دایکی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فاتن بەگداش، منداڵێکی ساوایە و بە بنەچە سوورییە؛ رۆژی شەشی شوباتی ئەمساڵ کاتێک بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەرەش روویدا، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە پارێزگای هاتای تورکیا کەوتنە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکەیان. 
 
دوای 128 کاژێر لەلایەن تیمەکانەوە رزگارکرا؛ بەهۆی نەدۆزینەوەی خێزانەکەی لە پەناگەیەکی کاتی لە ئەنقەرە دەمایەوە. چاودێرەکانی ناویان لێنابوو "گیزەم،" ئێستا تەمەنی سێ مانگ و نیوە. 
 
دەریا یانک، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا دەڵێت: "لە 15ـی ئادارەوە، بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی خێزانی ئەو منداڵە بێکەسانە. دایکیشی لەم نەخۆشخانەیەی شار چارەسەر وەردەگرێت. کاتێک پێمان وابوو رەنگە یەکسانبوون هەبێت، لە رێگەی پشکنینی DNA دەستنیشانمان کرد کە یاسەمین خان دایکییەتی."
 
ئەم کیژۆڵەیە دوای نزیکەی 54 رۆژ، هەینیی رابردوو لە نەخۆشخانەیەکی گشتیی شاری ئادانا بە باوەشی دایکی شادبووەوە.یاسەمین بەگداشی دایکی لە بوومەلەرزەکە رزگاری بووە، بەڵام باوکی و دوو برای گیانیان لەدەستداوە.
 
لە تورکیا نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سووری دەژین.
 
وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشداریکردنی ئەم خۆشییە بۆ ئێمەش زۆر واتادارە، ئومێدەوارم خودا تەمەنێکی درێژ و بەختەوەریان پێببەخشێت و جارێکی دیکە لێک جیانەبنەوە."
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش، نزیکەی 50 هەزار 500 کەس گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی داتا فەرمییەکانیش، لە هەزار و 915 منداڵی رزگاربووی بوومەلەرزە کە دابڕابوون، هەزار و 649 ـیان رادەستی خێزانەکانیان کراونەتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە