بەربژێری جەهەپە لە ئیستەنبووڵ لەسەر گۆڕی ئەتاتورک ناوی پۆستەکەی نووسی

03-04-2019
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ئاکپارتی: تابڵێی بێڕێزییە
ئاکپارتی: تابڵێی بێڕێزییە
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ، بەربژێری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئیستەنبووڵ براوەیە، بەڵام دوای تانەلێدان لەلایەن ئاکپارتییەوە بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکانی 8 ناوچەی ئیستەنبووڵ لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەوە دەرکرا.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە بەربژێری پارتی ئۆپۆزیسیۆن جەهەپەیە، بە نزیکەی 20 هەزار دەنگ لەپێش بینالی یڵدرم، بەربژێری ئاکپارتی دەسەڵاتدارە.

جەهەپە لای خۆیەوە کۆتایی بە بابەتەکە هێناوە، بەربژێرەکەشی خۆی بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەناسێنێت. بەڵام ئاکپارتی دەڵێت، هەموو شت کۆتایی نەهاتووە و قۆناخی لێکۆڵینەوە لە تانەکان بەردەوامە.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند "دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە. قۆناخی لێکۆڵینەوە لە تانەکان بەردەوامن. دەسەڵات یاخودا بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون نەدراوەتە کەس، لەگەڵ ئەوەشدا بەربژێری جەهەپە چووەتە سەر مەزاری ئەتاتورک و پەڕاوی یادەوەریی واژۆکردووە، لە خوارەوە نووسیوێتی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ. بێگومان ئەوە دروست نییە، بەکارهێنانی مەزاری ئەتاتورک و پەڕاوی یادەوەرییەکانی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، تابڵێی بێڕێزییە".



سەرەتا ژماردنەوەی دەنگە پووچەڵەکان دەستیپێکرا و دوای ناڕەزایی جەهەپە وەستێندرا. بەڵام ئەمجارە بە بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەستیپێکراوەتەوە، کە ئەوە ناڕەزایی جەهەپەی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئاماژە بە بوونی یارییەکی شاراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکات.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو گوتی "با ئەوە بزانن، لێرەدا پارتی گەلی کۆماری هەیە، من هەم، زۆر بە چڕی چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ئاگادارین. با هەڵبژاردنی شارەوانی و ئیستەنبووڵ و خەڵکەکەی بە قوربانی حسابی نێوخۆیی پارتەکەیان نەکەن. جیهان چاودێری ئەم شارە دەکات. چاودێریی براوەی ئەم شارە دەکات". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە